سەرۆک بارزانی: هەڵمەتێکی چەواشەکارانە دژ بە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە
نوچە نێت
ئەمڕۆ سێشەممە (24/11/2026) سەرۆک مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، "ئێمە هەموومان وامان دەزانی كە لە دەستووری عێراقدا ئەرك و مافەكانی هەموو لایەك جێگیر بووە و حوكمڕانانی عێراق ڕێز لە دەستوور و ئیرادەی گەل دەگرن، بەڵام بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەكرا و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەستكرا بە دژایەتیكردنی ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پێشێلكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، كە ئەو پڕەنسیپانە لە هەموو سەردەمێكدا كلیلی ڕزگاركردنی عێراق لە قەیرانەكان و گەیشتن بە پێشكەوتن و ئاسوودەییە بۆ هەموو عێراقییەكان."
سەرۆک بارزانی گووتیشی، ئێستا "هەڵمەتێكی چەواشەكارانە و زاڵمانە هەیە لەدژی هەرێم و ڕۆژانە تۆمەتی ناڕەوا لە دژی هەرێمی کوردستان بڵاو دەكرێتەوە، لەم بارەیەوە ئێمە پێمانوایە چارەسەركردنی گرفتەكان بە هەڵمەتی نادروست و تۆمەتی بێ بنەما و بڕیاری تاكلایەنە ناكرێت، ئێمە چۆن هاوکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بووین لە بنبڕکردنی گەندەڵی، ئەوهایش هاوکار دەبین لە ڕێگریکردن لە کاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچێتی، بەڵام لە ڕێگەی یاسایی و دەستوورییەوە."
دەقی ڕاگەیێندراوەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ماوەیەكە لە ناوەندەكانی بڕیاری عێراقیدا جموجۆڵ و هەڵچوونێكی ناسرووشتی لەدژی هەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت كە خۆی لە هەوڵدان بۆ پێشێلكردنی بنەماكانی فیدراڵییەت و دەستووری عێراق و پشتگوێخستنی مافەكانی گەلی كوردستان و خستنەڕووی بڕیار و بیرۆكەی ناتەندروست و سەركێشانە دەبینێتەوە.
هەموو لایەك ئەوە باش دەزانن كە گەلی كوردستان خەباتێكی دوورودرێژی لەپێناو دەستەبەركردنی مافەكانیدا هەبووە و لەو ڕێگەیە كارەساتی گەورەی بەسەردا هێنراوە هەر لە ئەنفال و كیمیابارانەوە بگرە هەتا تێكدانی هەزاران گوند و دەركردنی زۆرەملێ و گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە كوردنشینەكان و دەیان تاوانی گەورەی تر كە لە دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون. بەڵام گەلی كوردستان ئیرادەی خۆی لەدەست نەدا و بە خوێن و قوربانیدانی خۆی لەدژی هەموو چەشنە ستەمكارییەك وەستایەوە.
هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2003 ڕۆڵی سەرەكیی هەبوو لە ڕووخانی ڕژێم و كۆتایهێنان بە دیكتاتۆرییەت و هەروەها ڕۆڵی باڵای هەبوو لە بنیاتنانی عێراقی تازە وداڕشتنی دەستوور، دەستوورێك كە لەژێر سایەیدا هەموو عێراقییەكان بحەسێنەوە و كۆتایی بە نەهامەتی و نكۆڵیكاری بێت. ئەو ڕۆڵەش بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بوو كە ڕێگەی دا هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەشداری لە ڕووخانی ڕژێم و بیاتنانی عێراقی نوێدا بكەن. ئێمە هەموومان وامان دەزانی كە لە دەستووری عێراقدا ئەرك و مافەكانی هەموو لایەك جێگیر بووە و حوكمڕانانی عێراق ڕێز لە دەستوور و ئیرادەی گەل دەگرن. بەڵام بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەكرا و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەستكرا بە دژایەتیكردنی ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پێشێلكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، كە ئەو پڕەنسیپانە لە هەموو سەردەمێكدا كلیلی ڕزگاركردنی عێراق لە قەیرانەكان و گەیشتن بە پێشكەوتن و ئاسوودەییە بۆ هەموو عێراقییەكان.
سەبارەت بە حكوومەتی تازەی عێراق ئێمە هەر لە سەرەتاوە پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرۆكوەزیران عەلی زەیدی ڕاگەیاند لە چارەسەركردنی كێشەكان و پاڵپشتی بووین لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بە كردەوە ئەوەمان ئەنجامداوە. ئێستاش كە هەڵمەتێكی چەواشەكارانە و زاڵمانە هەیە لەدژی هەرێم و ڕۆژانە تۆمەتی ناڕەوا لە دژی هەرێم بڵاو دەكرێتەوە. ئێمە پێمانوایە چارەسەركردنی گرفتەكان بە هەڵمەتی نادروست و تۆمەتی بێ بنەما و بڕیاری تاكلایەنە ناكرێت. ئێمە چۆن هاوکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووین لە بنبڕکردنی گەندەڵی، ئەوهایش هاوکار دەبین لە ڕێگریکردن لە کاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچێتی، بەڵام لە ڕێگەی یاسایی و دەستوورییەوە.
پێویستە هەموو لایەكمان دەست بە بنەماكانی دەستوورەوە بگرین و لەو وڵاتەی بۆ ڕزگاربوونی لە دیكتاتۆریەت و گەیشتن بە ئازادی ڕەنجی زۆری بینیوە پێویستە عەقڵ حاكم بێت و هیچ كەسێك پشت بە میزاج و زانیاریی هەڵە و بڕیاری نادروست و ماڵوێرانكەر نەبەستێت.
جەختیش دەكەینەوە هەرێمی كوردستانی عێراق لە دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی سەت ساڵەی گەلی كوردستان و بە خوێنی سەدانهەزار شەهید هاتۆتەكایەوە و خاوەن مافی ڕەوای خۆیەتی. هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێك.
مسعود بارزانی
24ی تشرینی دووەمی 2026
.jpg)
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment