مەسرور بارزانی: پاراستنی ئەزموونی کوردستان لە هەموو دەستکەوتێکی شەخسی گەورەترە کوردستانی

نوچە نێت

لە کۆڕبەندی لووتکەی جیهانیی لاوانی کوردستان سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختی لە وەلانانی ناکۆکییە حیزبییەکان کردەوە و ڕاشیگەیاند، کە ئەگەر کوردستان پێویستی بە پاراستن بێت؛ ئێمە ئامادەین ناکۆکییەکانمان وەلا بنێین و هەموومان ببین بە پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە (24/11/2026) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیوادار هەموو لایەنێک هەست بەوە بکەن کە بابەتی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئەم ئەزموونە گەورەترە لە هەموو دەستکەوتێکی شەخسی و حیزبی، دەبێت هەموو تاکێکی هەرێمی کوردستان هەست بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی بکات، ئێمە ئامادەین ناکۆکییەکانمان وەلا بنێین و هەموومان ببین بە پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. 

 

مەسرور بارزانی سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی (2027) و بەیاننامەکەی بەغدا گووتی، ئەو بەیاننامەیە لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەو گفتوگۆیانە ناگونجێت کە پێشتر لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا هەمانبووە، شاندی ئەوان پەیامی جیاوازیان گەیاندبووە ئێمە کە ئاڕاستەکە بەرەو چارەسەری کێشەکان بوو لەسەر بنەمای دەستوور، بۆیە ئەمەی ئەمڕۆ کراوە بە هیچ جۆرێک جێگەی قبووڵ نییە.

 

هاوکات سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، کە لە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی چەند ڕۆژی ڕابردووی تایبەت بە کێڵگەی کۆرمۆر پێشکەوتنی باش هەبووە بۆ چۆنیەتیی جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەرچاوە سروشتییەکان، بەڵام هەر شتێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە بێت لای ئێمە قبووڵکراو نییە، سەرباری ئەوەش ئێمە ئامادەین هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و کۆمپانیاکان بکەین بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندیی سەرچاوە سروشتییەکان و بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق بێت، بەڵام هەمیشە بەڵێنیان داوە و بەڵێنەکان جێبەجێ نەکراون.

 

هەروەها سەبارەت بە هەنگاوەکانی گەیشتن بە لێکگەیشتن لەنێوان هەولێر و بەغدا ئەوەی خستەڕوو، کە دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دانەخراوە و پێمان وایە هەموو پرسێک بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت، بەڵام دەبێت گفتوگۆکان بە تەواوی لەسەر بنەمای دەستوور بن، نەک لەسەر بنەمای بڕیاری تاکەکەسی و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان، بۆیە ئێمە لە گفتوگۆ بەردەوام دەبین، بە هیچ شێوەیەک هەنگاوێکی نادەستووری لای هەرێمی کوردستان پەسەندکراو نییە، بەڵام ئەگەر لەسەر بنەمای دەستوور بێت، دەرگا واڵایە بۆ ئەوەی لەسەر هەموو پرسەکان بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەسەر هەموو پرسەکان.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین