مەسرور بارزانی و ئەردۆغان جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان دەکەنەوە کوردستانی

نوچە نێت:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی دۆڵمە باخچە لە ئەستەنبۆڵ لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە، هەردوولا جەختیان لە، گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی و هاوئاهەنگیی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان کردەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ و پرۆسەی ئاشتی کرد.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە (2026/5/9) لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی دۆڵمە باخچە لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ بووەوە. بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی دەرەوە و وزە و بەرگری و بەرپرسی دەزگای هەواڵگری تورکیا ئامادەی بوون، هەردوولا جەختیان لە، "گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی و هاوئاهەنگیی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە ".

لایخۆیەوە سەرۆکی حکومەت، "ستایشی ڕۆڵی سەرۆک ئەردۆغان و تورکیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە هاریکاریی و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دووپات کردەوە."

لە بەرامبەردا لەو کۆبوونەوەیە سەرۆک کۆماری تورکیا، "ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا.هەردوولا جەختیان لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆ کردەوە".

هاوکات لەم ڕاگەیێندراوەدا هاتووە لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، "هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا. لەمبارەیەوە هەردوولا هیوایان خواست کە کابینەی نوێی عێراق ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی لە عێراق و خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور."

لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکدا ئاماژە بۆ ئەمەش کراوە، پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەکدانانی پەکەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. سەرۆکی حکومەت پشتگیریی بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە و سەرۆک کۆماری تورکیاش جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون و سەرخستن و بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە کردەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین