وەزارەتی ناوخۆ: هەر کەسێک لە ئۆتۆمبێلەوە زبڵ فڕێبدات بە 40 هەزار دینار سزا دەدرێت کوردستانی

نوچە نێت:

دوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ سزادانی ئەو کەسانەی ژینگە پیس دەکەن، هەریەک لە وەزارەتی ناوخۆ و هاتووچۆی هەرێمی کوردستان هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدەن و دەڵێن، لە ئەمڕۆوە هەر کەسێک لە جامی ئۆتۆمبێلەوە زبڵ فڕێبدات، بە بڕێک پارە سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (2026/5/12) د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، "چیدی ئەمە رەوا و ئاسایی نییە، لە ئەمڕۆوە هەر ئۆتۆمبێلێک، ئینجا شوفێر یان سەرنشین، زبڵ و خاشاک فڕێبدات، بە بڕی 40 هەزار دینار سزا دەدرێت."

 لەلایەکی دیکە د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە، بە تەواوی پشتیوانی و پێشوازی لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەکەن بۆ پاراستن و خاوێنکردنەوەی ژینگە.

 گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش داوە، بڕیارەکان پاڵپشت بە یاسا دراون، ئێمە وەکو چاودێری و بەدواداچوون و وەزارەتی ناوخۆش وەکو لایەنی جێبەجێکار لەم بوارەدا هاوئاهەنگیی تەواومان هەیە. هەروەها دەشڵێت، پێشتر وەزارەتی ناوخۆ گشتاندنی کردووە بۆ بڕیارەکانی، کە سزای ئەو کەسانە بدرێت زبڵ فڕێ دەدەن یان لە شوێنە گشتییەکان و سەیرانگەکان زبڵ جێدەهێڵن."

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی هۆشدایەکەی وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان هۆشداری توند بە هاووڵاتیان دەدات و لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، پاڵپشت نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ئاگاداری شۆفێران و سەرنشینان دەکەنەوە، قەدەخەیە شۆفێر یان سەرنشین لە کاتی رۆیشتن یان وەستانی ئۆتۆمبێل هەر جۆرە زبڵ و خاشاکێک فڕێ بداتە سەر شەقام و شۆستەکان، بەپێچەوانەوە 40 هەزار دینار سزای بۆ رەوانە دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم سزایە زیاد دەکرێت بۆ هەموو سیستمەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی وەکو PDA و کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی و چاودێری.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، دەسەڵاتی تەواو دەدرێت ئەفسەری هاتووچۆ بۆ سەپاندنی ئەو سزایە راستەوخۆ لە کاتی بینینی، یان لەو کاتەی بە ڤیدیۆی تۆمارکرا و لە لایەن هاووڵاتییانەوە بۆ پلاتفۆرمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ رەوانە دەکرێت.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین