سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پيرۆزبايى له‌ یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ده‌كات کوردستانی

نوچە نێت:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆره‌وه‌ لە ڕۆڵی مێژوویی و نیشتمانیی مامۆستایان دەڕوانم. مامۆستایانی کوردستان هەمیشە سەلماندوویانە کە تەنیا فێرکار نین، بەڵکوو په‌روه‌رده‌كارى خه‌مخۆر و پێشەنگی پاراستنی ناسنامە، زمان و بەها بەرزەکانی گەلەکەمانن."

ڕۆژی هەینی (2026/5/15) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێک بە بۆنەی شەست و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایان ئاراستەی مامۆستایانی کوردستان دەکات و ڕایگەیاندووە، "گەرمترین پیرۆزبایی لە سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایان و تەواوی مامۆستایانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازم لە جێبەجێکردنی پەیامە پیرۆزەکەیاندا."

هەر لەو پەیامەیدا سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، "مامۆستایان کۆڵەکەی سەرەکیی هەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی کۆمەڵگەن. بره‌ودان به‌ تواناكانى مامۆستایان، وەبەرهێنانی ڕاستەقینەیە لە داهاتووی نەوەکانماندا."  

 

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

بە بۆنەی شەست و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایان و تەواوی مامۆستایانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازم لە جێبەجێکردنی پەیامە پیرۆزەکەیاندا.

لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆره‌وه‌ لە ڕۆڵی مێژوویی و نیشتمانیی مامۆستایان دەڕوانم. مامۆستایانی کوردستان هەمیشە سەلماندوویانە کە تەنیا فێرکار نین، بەڵکوو په‌روه‌رده‌كارى خه‌مخۆر و پێشەنگی پاراستنی ناسنامە، زمان و بەها بەرزەکانی گەلەکەمانن. لە سەردەمی شۆڕش و خەباتدا سەنگەری هۆشیاری بوون و لە ڕۆژگارە سەختەکانی دوای ئازادییشدا، بە دڵسۆزی و خۆڕاگری، نەیانهێشت پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بوەستێت.

مامۆستایان کۆڵەکەی سەرەکیی هەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی کۆمەڵگەن. بره‌ودان به‌ تواناكانى مامۆستایان، وەبەرهێنانی ڕاستەقینەیە لە داهاتووی نەوەکانماندا. بۆیە جارێکی تر جەخت لە هه‌موو پشتگیریيه‌كم بۆ داوا ڕەواکانیان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ مامۆستايان دەکەمەوە کە لەگەڵ ئه‌رك و پێگە و ماندووبوونیاندا بگونجێت.

دەستخۆشی لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکەم کە لە مێژووی خۆیدا هەمیشە چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی مامۆستایان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان. سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی ئەو مامۆستایانەی تەمەنی خۆیان لەپێناو پەروەردە و ئازادیی کوردستاندا بەخشی.

ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە هەمووان پیرۆز بێت.


نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/5/15

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین