سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئیتاڵیا کۆبووەوە کوردستانی

نوچە نێت:

لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەی بۆ ڕۆما، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری ئیتاڵیا کۆبووەوە، هەردوولا، "پەرەپێدانی پەیوەندیى دۆستانه‌ى هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر خواستی هاوبەشیان بۆ بەهێزکردنی زیاتری ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە."

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (2026/5/19) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیاوە پێشوازیی لێکرا و دواتر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا. لە بارەی ئەم کۆبوونەوەیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "خۆشحاڵ بووم بە كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆم لەگەڵ سەرۆکی ئیتالیا سێرجیۆ ماتارێلا لە ڕۆما بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندیی دۆستانه‌ و مێژوویی له‌ نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ئیتالیادا."

هەر لەو پەیامەیدا سەرۆکی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، جەختمان لەسەر، "خواستە هاوبەشەکانمان کردەوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لە بوارە جیاکاندا. سوپاسی ئیتالیام کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، لەوانەش ڕۆڵى له‌ بوارى سیاسی، مرۆیی و گەشەپێداندا، لەگەڵ پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی لە كاتى شەڕی دژی تیرۆردا."

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی، لە کۆبوونەوەکەدا، "پەرەپێدانی پەیوەندیى دۆستانه‌ى هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا تاوتوێ کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر خواستی هاوبەشیان بۆ بەهێزکردنی زیاتری ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە."

لایخۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، "سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ پشتيگريى بەردەوامی ئیتاڵیا دووپات کردەوە، بەتایبەتى لەڕووى سیاسی، مرۆیی و گەشەپێدانه‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوکاریی سەربازیی ئیتاڵیاى لە ماوەی شەڕی دژی تیرۆردا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، به‌رز نرخاند".

لە بەرامبەردا سه‌رۆك ماتارێلا، "خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ دەربڕی و جەختی لە پابەنديی وڵاتەکەی بۆ پشتگيرى له‌ ئارامی، سەقامگیری و گەشەپێدانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. هه‌روه‌ها ستايش و پێزانينى ئيتاڵياى بۆ هەرێمی کوردستان وه‌ك پارێزەر و لانکەی پێكه‌وه‌ژيان و پێکهاتە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا، دووپات كرده‌وه‌."

لەو ڕاگەیێندراوەدا ئاماژە بەوەش کراوە، تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەكانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. له‌مباره‌يه‌وه‌ هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنى ئاشتى و سه‌قامگيرى.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین