گوتەبێژی پارتی: دەرگامان واڵایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کوردستانی

نوچە نێت:

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەكاتەوە و دەڵێت، پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ لایەنەكان زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو.

ڕۆژی شەممە (2026/5/30) مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەڤانیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند، دەرگای پارتی دیموکراتی کوردستان واڵایە و شاندی ئێمە سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە. هاوکات گوتیشی، هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و گەیشتن بە ڕێککەوتنی پێویست، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرینە بەر تاوەکو کێشەکان چارەسەر بکرێن.

هەروەها گوتەبێژی پارتی باسی لەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان دەستنیشان نەکراوە، بەڵام جەختی کردەوە کە پارتی پاڵپشتیی هەر هەنگاوێکی تەوافوقی دەکات کە ببێتە هۆی بەشداریی هەموو لایەنەکان لە پڕۆسەی سیاسیدا.

لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد و گوتی، پەیامی سەرۆک بارزانی زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو، داوای لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد کە بەرژەوەندییە باڵاکان بخەنە سەرووی هەموو ئامانجەکان و کۆتایی بە لێکدوورکەوتنی سیاسی بهێنن. هەروەها جەختیشیکردەوە کە پێویستە دوای جەژن هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ پێکهێنانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، گوتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەرەو باشتربوون دەچن و پێویستە حکومەتی فیدراڵ دەستوەردان بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی بۆ بژێوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروستکراون و پابەندی بەڵێنەکانی بێت بۆ چارەسەرکردنی خاڵە ناتەباکان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین