لە ڕۆژانی جەژنی قوربان سەگی بێلانە پەلاماری (11) هاووڵاتی هەولێری داوە کوردستانی

نوچە نێت:

پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی لە چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا بڵاوکردەوە، کە تێیدا تەنیا لە پارێزگای هەولێر (3) تاوانی کوشتن ئەنجامدراوە و کەسێکیش بە ڕووداوی هاتوچۆ بریندار بووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (31/5/2026) پارێزگای هەولێر لەبارەی پلان و ئامارەكانی جەژنی قوربانەوە ڕایگەیاند، وەک هەموو ساڵێک "پلانەکە وەك خۆی و بە سەركەوتووی و بەبێ گیروگرفت جێبەجێ كرا"، تەنیا لە ساری هەولێر لە ڕۆژانی جەژندا "(3) تاوانی كوشتن ( پیاو و ئافره‌ت) تۆمار كراون و هه‌روه‌ها چه‌ند حاڵه‌تێكی شه‌ڕو چوار حاڵه‌تی دزی كردنیش تۆمار كراون له‌گه‌ڵ چه‌ند رووداوێكی جۆراوجۆر."

سەبارەت بە پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژندا، پێشوازی لە (112657) هەزار گەشتیار كراوە. سەبارەت بە رووداوەكانی هاتووچۆش دەڵێت، "بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە رێنمایی و یاساكانی هاتوچۆ و لێخوڕینی خێرا، چوار رووداوی هاتوچۆ ڕوویاندا و لە ئەنجامیاندا (1) كەس بریندار بوو"، هاوكات "پێنج حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لە ماڵی هاوڵاتیان و دوو ئاگرکەوتنەوەی ئۆتۆمبیل و سیێ ئاگرکەوتنەوە لە دوکان و چێشتخانە پەنجاو یەک حاڵەتی سوتانی پوش و پاوان تۆمار کران، سەرجەم حاڵەتی ئاگركەوتنەوەكانیش لەلایەن تیمەكانی بەرگریی شارستانییەوە كۆنترۆڵ كراون، خۆشبەختانە جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێكی گیانیان لێ نەكەوتووەتەوە."

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەكەی پارێزگای هەولێر، ئاماری سەردانیکردنی خەڵک بۆ ناوەندە تەندروستییەکان بەم جۆرە بووە، "لە هەردوو بەشی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا و بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ڕزگاری (3004) هاووڵاتی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی کردوون، بە گشتیش (216) کەیس بەهۆی ڕووداوەوە بووە، (137) ڕووداوی هاتوچۆ و ماتۆرسکیلیش ڕوویداوە و (134) حاڵەتیش بەربوونەوە بوون، هەروەها (11) حاڵەتی دیکەش گەستنی سەگ بووە و (70) حاڵەتیش سکچوون و ڕشانەوە بووە، هەروەها حاڵەتەکانی پێوەدانی مار و دووپشک (17) حاڵەت بووە، نزیکەی (35) کەسیش بە خواردن ژەهراوی بوون، ڕێژەی لەدایکبوونی منداڵان بە ئاسایی، (97) منداڵ بوون، (132) منداڵیش بە نەشتەرگەری لەدایکبوون و کۆی گشتیشیان (227) منداڵ لە چوار ڕۆژی جەژندا لەدایک بووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین