گوتەبێژی پارتی: پێویستە هەندێ لایەن واز لە عینادیی بێنن کوردستانی

نوچە نێت:

گوتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، کار بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوە و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە هەیە. هاوکات ئاماژە بەوەدەكات، کە ناکرێت ئەو جۆرە لە پەراوێزخستن و ڕەوانەکردنی پەیامی توند لەلایەن هەندێک لایەنەوە بەردەوام بێت و دەبێت واز لەو عینادییە بهێنن.

ڕۆژی سێشەممە (2026/06/02) مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا بۆ دەزگاکان ڕایگەیاند، ئێمە کار بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین و هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان شان بدەنە بەر ڕێکخستنەوە و چارەسەری ئەو کێشانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئەو کێشانەشی کە لە حکومەتی فیدراڵ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیی، مەحموود محەمەد گوتی، تاوەکو ئەم ساتە هیچ وادەیەکی دیاریکراو و فەرمیی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان دەستنیشان نەکراوە.

هەروەها لەبارەی لێدوانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی یەکێتیی، گوتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، لە کاتی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ فەرمییەکاندا، بە دڵنیاییەوە قسە لەسەر ئەو لێدوانەی بافڵ تاڵەبانی دەکەین کە گوتبووی (39 بە 39) کورسین، چونکە ناکرێت ئەو عینادیەی هەندێک لایەن هەیانە تاوەکو سەر بەردەوام بێت و پڕۆسەی سیاسیی پەکبخات.

مەحموود محەمەد سەبارەت بە داهاتووی پڕۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە، پارتی خوازیاری لێکتێگەیشتنە، بەڵام بژاردەی دیکەش لەبەردەستن و گوتیشی، ئەگەر لەگەڵ لایەنەکان نەگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، ئەوا تاکە بژاردەی یاسایی و دیموکراسی ئەوەیە کە جارێکی دیکە گەلی کوردستان بەرەو سندووقەکانی هەڵبژاردن هەنگاو بنێت.

جێگەی ئاماژەپێدانە، دوێنێ (2026/06/01) بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ڕایگەیاند، ئامادەین بە ژمارە ڕەفتار بکەین، (39 بە 39)ـین و داوای نیوەی حکومەت دەکەین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین