بازرگانێکی تورک بەهۆی سوکایەتیی کردن بە ئافرەتی کورد دەدرێتە دادگا تورکیە

نوچە نێت:

لە ڕێورەسمی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی ئەمەریکی لە تورکیا سەرمایەدارێکی تورک لەکاتی گێرانەوەی نوکتەیەک سوکایەتی بە ژنانی کورد کرد. ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆی هێناو بە کارێکی ڕەگەزپەرستانە و سووکایەتی بە دژی ژنی کورد ناوبرا و لەلایەن دادگاوە لێکۆلینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

ڕۆژی شەممە (2026/6/6) ماڵپەڕی (سۆڵ هەبار) بڵاوی کردەوە، لە شاری ئیزمیری تورکیا نەخۆشخانەیەکی نوێی ئەمەریکی کرایەوە، لەکاتی ڕێورەسمی کردنەوەی نەخۆشخانەکە ڕەحمی کۆچ یەکێک لە سەرمایەدارە بەناوبانگەکانی تورکیا بەشداربوو و نوکتەیەکی گێرایەوە و تیایدا سوکایەتیی بە ئافرەتی کورد کرد. ئەمەش لەلایەن بەرپرسانی دەم پارتی و تەنانەت حکومەتی تورکیاشەوە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و بە ڕەگەزبەرستی ناوبرا.

لەوبارەیەوە ئەکن گورلەک وەزیری دادی تورکیا لە تۆری کۆمەڵایەتی "ئێکس" لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "لێکۆلینەوەی فەرمیمان دەستپێکردووە، دوای ئەوەی لەلایەن کەسایەتییەکی ناسراوی تورکیا سوکایەتیی بە ئافرەت کراوە، تەرازووی دادوەری بۆ هیچ کەسێک ناشێوێت و دەسەڵاتی دادوەری تورکی هەمیشە کەرامەتی ئافرەتی پاراستووە، ئەو کارە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێمە ناگونجێت و جێگەی قبووڵکردن نییە."

هاوکات تونجەر بەکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی توند لەو سوکایەتییە دەگرێت و دەڵێت، "ئەو قسانەی رەحمی کۆچ ڕەگەزپەرستیی و سوکایەتییە بە ژنانی کورد، بەهیچ شێوەیەک نابێت جەستە و ناسنامەی ئافرەتی کورد بکرێتە گاڵتەجاری، نابێت لەلایەن هیچ کەسایەتییەک و پێگەیەکی بەرز سوکایەتی بەژنی کورد بکرێت و دەبێت داوای لێبوردن بکات و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەین لەلایەن دادگاوە."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین