جووتیارە کوردەکان بایکۆتی هەڵبژاردن دەكەن کوردستانی

نوچە نێت:

جووتیارە کوردەکانی پارێزگای کەرکووک بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەمجارەی کۆمەڵەی هەرەوەزی جوتیارانیان کرد و نوێنەری جووتیارانیش لە سەرگەڕان دەڵێت، ئێمە داوای دواخستنمان کردووە بۆیە لە ڕێگەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵەوە سکاڵا تۆمار دەکەین.

ڕۆژی دووشەممە (8/6/2026) محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، بە ڕووداوی گووت، جووتیارانی کورد بایکۆتی هەڵبژاردنی کۆمەڵەی هەرەوەزیی جووتیارانیان کرد، لەبەر ئەوەی پێشتر داوامان کردبوو کە دوابخرێ بۆ ئەوەی بزانرێ پشکی کورد چۆن دەبێت، چونکە لەو هەڵبژاردنەدا لە هەر کام لەو چوار قەزایە پێنج ئەندامی هەمیشەیی و دوو ئەندامی یەدەگی ئەنجومەنی هەرەوەزیی جووتیاران هەڵدەبژێردرێ و ئەوانیش سەرۆکی کۆمەڵەکە هەڵدەبژێرن.

محەمەد ئەمین گووتیشی، لە دوای ڕووداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەرەوە کورد نوێنەری لەو کۆمەڵەیە نەماوە و زۆرینەی جووتیارانی کورد ئەندامی کۆمەڵەکە نین، بۆیە داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکەیان کردووە بۆ ئەوەی ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە، هەرچەندە پێشتر لە یەکى حوزەیران، سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک، رۆژی هەڵبژاردنەکەی دیاریکردبوو، بەڵام دوو ڕۆژ دواتر نەشئەت شاهوێز، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە نووسراوی فەرمی داوای لە کۆمەڵەی هەرەوەزیی جووتیاران کرد کە ئەو هەڵبژاردنە دوابخەن و ئەنجوومەن و جووتیاران لە وادەی نوێی ئەو هەڵبژاردنە ئاگادار بکەنەوە.

هەر لەم بارەیەوە عەبدوڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش ڕایگەیاند، پێشتر داوامان کرد کە هەڵبژاردنەکە دوابخرێ، کە ئەنجامیش درا لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە لە دادگا سکاڵا دژی ئەو هەڵبژاردنە تۆمار دەکەین، چونکە نە ئێمە و نە جووتیاران ئاگاداری هەڵبژاردنەکە نەبووین و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە بە پێشێلکاری دادەنێین. 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین