ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنانی دەستەیەکی باڵای وەزاریی لەنێوان حكومەتی هەرێم و عێراق پەسەندکرد کوردستانی

نوچە نێت:

لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، تیشک خرایە سەر نەخشەڕێگەی بەردەوامیدان بە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، کە تێیدا تەوەرەکانی پەرەسەندنی دۆسیەی نەوت و داهاتی ناوخۆ و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە (10/6/2026) حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە" و لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا "سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوایین سەردانەکەی بۆ بەغدا و ئاماژەی بە گرنگیی گەڵاڵەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرد، لەمبارەیەوە پێشنیاری هێنانەکایەی دەسەتەیەکی باڵای وەزاریی هاوئاهەنگیی هەمیشەیی بە ئەندامیەتیی وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد"، هاوكات جێگری سەرۆک وەزیران، باسی لە گرنگیی هێنانەکایەی دەستەکە کرد و ئاماژەی دا کە ئەمە "هەنگاوێکە بۆ بە دامەزراوەییکردنی شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە ڕۆڵی ئەرێنی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا" پاشان ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری پێکهێنانی دەستەکەی پەسەند کرد و "بڕیار درا ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ بکرێت بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکومەت."

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا "دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دەرئەنجامی دوا کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ خرایە ڕوو" بە مەبەستی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدڕاڵ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی "ئەنجومەنی وەزیران وەزیری سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانی ڕاسپارد کە ڕێکارەکان خێراتر بکەن تاوەکوو هەر چی زووە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، بەرزترین ئاستی هەناردەکردن بۆ بازاڕی جیهانی ئەنجام بدرێت و داهاتی بەدەستهاتووش بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ" بڕیاریش درا بەردەوامی بە هەموو ئەو پڕۆژە هاوبەشانە بدرێت کە دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی حکومەتی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران گووتیشی، کە "ئەرکی کۆمپانیا نەوتییەکانیشە، دوای دڵنیاییدانی حکومەتی فیدڕاڵ بە پاراستنی ئاسایشیی کەرتی نەوت و وزەی هەرێم و قەرەبووکردنەوەی زیانی هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەکانی کەرتی وزەی هەرێم" بۆیە دەبێت کۆمپانیا نەوتییەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی بکەنەوە."

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران "گفتوگۆی لەبارەی دۆسیەی داهاتە ناوخۆییەکان و بابەتی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان کرد و "لەمبارەیەوە وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا، وردەکاریی داهاتە گشتییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2026) بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو، کە بەراورد بە ساڵی (2025) دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، وەک لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ڕوونکراوەتەوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵ و هەرێم وردبینی دەکرێت. بۆیە داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ کرا کە پێداچوونەوەی پێویست بکات بە بڕی (120) ملیار دیناری دیاریکراو وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ، چونکە بەهۆی جەنگ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و یەکلایینەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا، داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە (70٪) دابەزیوە" ئەنجوومەنەکە بە پێویستیشی زانی "لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجومەنی وەزاریی فیدڕاڵ بۆ کاروباری ئابووری، لە کۆبوونەوەیەکدا، ئەو لەیەکترگەیشتنە بەراییە پەسەند بکات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لەنێوان هەردوولا تایبەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە. بە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیەش، داهاتی دەروازە سنوورییەکان زیاد دەکات و جوڵەی بازرگانی بەهێز و چالاک دەبێتەوە و بازاڕ دەبووژێتەوە، کە ئەمەش لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدایە."

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین