سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ کۆبووەوە کوردستانی

نوچە نێت:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ، بۆ کاروباری عێراق و سووریا كۆبووەوە، تیایدا پەیوەندییەکانی "ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان" تاوتوێ کران، سەبارەت بە دۆخی عێراقیش هەردوولا "هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە".

دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە (2026/06/16) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر پێشوازیی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، "پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران، له‌مباره‌يه‌وه‌ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا پشتگیریی بەهێزی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی نوێی عێراق دووپات کردەوە". هەروەها هەردوولا "هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە".

هاوکات لای خۆیەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە پشتگیریی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی عەلی زەیدی و چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور، کردەوە.

لە ڕاگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا هاتووە، هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر، "گرنگيى گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی هاوسەنگ و درێژخایەن، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوولا بگەیەنێت".

دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر - بەغدا، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. کە تیایدا ستايشى ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێرانيان بۆ کۆتاییهێنان به‌ شەڕ کرد و هیوایان خواست ببێتە هۆکاری هێنانەدیی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین