سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەفسەرانی قەلاچوالان: له‌چوارچێوەی هێزێکی یەکگرتوو و نیشتمانیدا خزمه‌ت بكه‌ن کوردستانی

نوچە نێت:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی خولی پێنجەمی پێگەیاندنی ئەفسەرانی قەڵاچوالانی سلێمانیدا ڕاگەیاند، کە دەبێ دەرچووان پارێزەری چەمک و بەها مەدەنییەکان، دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان بن و هیچکات نەبنە بەشێک و لایەنێکی کێشە و ململانێ سیاسییەکان.

ئەمڕۆ یەکشەممە (21/6/2026) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداريی لە ڕێوڕەسمی ده‌رچوونى خولی پێنجەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە كۆلێژی سەربازیی سێی قەڵاچوالاندا لە سلێمانی كرد و ڕایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزین کە ئەمڕۆ پێکەوە شایەدی دەرچوونی (210) ئەفسەری گەنج و هۆشیار و لێهاتووی کوردستانین. ئەم ئەفسەرانە دوای (9) مانگ لە ماندووبوون و شەونخونی، خولی مەشقی سەربازی، ئەکادیمی و پراکتیکیی خۆیان سه‌ركه‌وتووانه‌ بەکۆتا هێناوە."

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆک نێچیرڤان گووتیشی، "جێگەی دەستخۆشی و مایەی گەشبینییە کە دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، ئێوه‌، ئێوەی خۆشەویست خۆبەخشانە، بە ویست و بڕياری خۆتان هاتوونەتە ناو ڕیزەکانی خوێندنی سەربازی. ئەمە بەرزترین ئاستی دڵسۆزی، ئاگايى و نیشتمانپەروەریی ئێوە پیشان دەدات بۆ گەلی خۆتان." 

 

دەقی ڕاگەیێندراوەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

بەڕێز كاكە قوباد تاڵەبانی، دەرچووانی ئازیز، ئامادەبووانی خۆشەویست ڕۆژتان باش:

هەمووتان زۆر بەخێر بێن، بۆ ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی پێنجەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی سێى قەڵاچوالان لە شاری سلێمانیی خۆشەویست. ئەم دیمەنە پڕ لە دیسپلین و ڕێکخراو و شکۆدارە، جێگەی شانازیی ئێمە و خێزانەکانتان و تەواوی گەلی کوردستانە.

زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزین کە ئەمڕۆ پێکەوە شایەدی دەرچوونی (210) ئەفسەری گەنج و هۆشیار و لێهاتووی کوردستانین. ئەم ئەفسەرانە دوای (9) مانگ لە ماندووبوون و شەونخونی، خولی مەشقی سەربازی، ئەکادیمی و پراکتیکیی خۆیان سه‌ركه‌وتووانه‌ بەکۆتا هێناوە. ئەوان ئیتر وەک هێزێکی نوێ و زانستی دێنە ناو په‌يكه‌رى وەزارەتی پێشمەرگە، تا پەرە بە سیستەمی بەرگریی نیشتمانیی وڵاتەکەمان بدەن.

جێگەی دەستخۆشی و مایەی گەشبینییە کە دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، ئێوه‌، ئێوەی خۆشەویست خۆبەخشانە، بە ویست و بڕياری خۆتان هاتوونەتە ناو ڕیزەکانی خوێندنی سەربازی. ئەمە بەرزترین ئاستی دڵسۆزی، ئاگايى و نیشتمانپەروەریی ئێوە پیشان دەدات بۆ گەلی خۆتان.

ئێمە و دايكوباوكتان، دڵسۆزەکانتان، كه‌سوكارتان و هاوكارەكانتان، بەم بڕیارەى ئێوە سەربەرز و دڵخۆشین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین. لە ناخی دڵەوە به‌ گه‌رمى پیرۆزبایی لە ئێوە و لە خێزانە ئازیزیەکانتان دەکەم بۆ ئەم سەركەوتنەی كە بەدەستتان هێناوە. خوای گەورە پشتیوانتان بێت لە ژیان و كارەكانتان سەركەوتوو و سەرفراز و سەربڵند بن.

هەر لێرەدا جەنابی سەرۆك مام جەلال بە ڕێزەوە بەبیر دەهێنینەوە كە لە ساڵی 1992 ئەم كۆلێژە بە فەرمانی جەنابیان دامەزرا بۆ ئەوەی خزمەت بە وڵات و خزمەت بە كوردستان و خزمەت بە تەواوی عێراق بكرێت.

دەرچووانی هێژا، ناو و پێناسه‌ی پێشمەرگە، زۆر پیرۆزن‌. پێشمەرگایەتی بەشێکی زێڕین و سەرەکیی ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوایەتیمانە‌. ئەرکی هه‌موومانه‌ کە پارێزگاری لە ناوبانگ و لە شکۆ و لە مێژووی پڕ لە شانازی، لە خه‌بات و قوربانییەکانی پێشمەرگە بکەین. ئەمه‌ش به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئێوه‌ى ئازيز و خۆشەویست ده‌بێ له‌ چوارچێوەی هێزێکی یەکگرتوو، پیشەیی و نیشتمانیدا، خزمه‌ت بكه‌ن.

لەم سه‌رده‌مه‌ نوێیەدا، ئەرکی ئێوە تەنیا لە مەیدانەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کلاسیکدا کورت ناكرێتەوە، به‌ڵكوو پێویستە ئێوە بە گۆڕانکارییەکانی سەردەم، نوێگەری و ڕۆحی داهێنان ڕابێن.

خۆپێگەیاندنی بەردەوام لەڕووی زانستی و پیشەیییەوە، دەبێ ببێتە ستراتیژی کاركردنتان لە کاروانی داهاتووی ژیانتان، گرنگیی پێویست بە فێربوونی تەکنەلۆژیای سەربازیی هاوچەرخ بدەن بۆ ئەوەی هاوتەریبی پێشکه‌وتنەکانی جیهان بن.

ده‌بێ هه‌ستى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانيتان به‌هێز بێت و خوێندنه‌وه‌تان بۆ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى ده‌وروبه‌ر هه‌بێت، له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت. له‌ مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و توندڕه‌وى و گوتارى ڕقوكينه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ مه‌ترسييه‌ ئه‌منييه‌كان. پێويسته‌ ئاگايى و هۆشياريتان له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌هێز بكه‌ن.‌

بێگومان، لەپاڵ ئەم ئەرکە پیرۆزەدا، گرنگیدان بە بژێویی ژیانى پێشمەرگە قارەمانەکان و باشترکردنی گوزەرانیان، هەمیشە لە پێشينه‌ى کارەکانی ئێمەدا دەمێنێتەوە، چونکە ئێوە شایەنی ژیانێکی سەربەرزن.

ده‌رچووانى ئازيز، ئێوه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ قۆناغێكى گرنگتان تێپه‌ڕاند، به‌ڵام بەرپرسیاریەتیتان لەمڕۆوە فراوانتر و قورستر دەبێت. ئێوە دەبێ لە ناو هێزى پێشمه‌رگه‌دا ببنە پارێزەری سەرەکیی چەمکەکانی پێکەوەژیان، لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن.

ئه‌و كولتووره‌ى شانازيى پێوه‌ ده‌كه‌ين و هه‌رێمى كوردستانى کردووەتە لانکەی ئارامی بۆ هەموو ئایين و نەتەوە جیاوازەکان و بووەتە مایەی ڕێز و پێزانینی تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئێوە دەبێ پارێزەری چەمک و بەها مەدەنییەکان، دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان بن. هیچ کات مەبنە بەشێک و لایەنێکی کێشە و ململانێ سیاسییەکان، بەڵکوو هەمیشە ده‌بێ وەک هێزێکی نیشتمانیی كوردستانی بمێننەوە و بەرگری لە شكۆى مرۆڤ بکەن بێ جیاوازی لەم وڵاتەدا.

ئامادەبووانی به‌ڕێز، پەیامی هەمیشەییی ئێمە بۆ ناوخۆی کوردستان، يه‌كهه‌ڵوێستى، تەبایی، پێكه‌وه‌يى و کۆدەنگییە لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستاندا. هێز و مانەوەی هەرێمی کوردستان کاتێک مسۆگەر دەبێت کە ئێمە لە ناوخۆماندا ته‌با بین و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بخەینە سەرووی هەموو ململانێ و جیاوازییەکی ديكه‌وه‌. فرەڕەنگیمان دەوڵەمەندیمانه‌، هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان له‌ هه‌ر نه‌ته‌وەیەك‌ و ئايينێك بن، پێکەوە شوناسی جوانی ئەم نیشتمانە پێک دەهێنن. ئه‌مه‌ جوانييه‌كى زۆر و هێزێكى گه‌وره‌يه‌ بۆ كوردستان. هه‌ر له‌م بۆنه‌يه‌دا‌، جارێکی تر سوپاس و پێزانینى هەرێمی کوردستان پێشكه‌ش به‌ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمه‌ریکا دەکەم کە لە شەڕی دژی داعشدا زۆر دڵسۆزانە پشتیوانیی سه‌ربازیی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد و هاوکارمان بوون لە تێکشکاندنی تیرۆردا. سوپاس و پێزانينمان دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ بۆ بەردەوامی و دڵسۆزیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانان کە لە پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەی هێزەکانى پێشمه‌رگه‌دا، هاوکار و یارمەتیدەرێکی گرنگ و جدديى ئێمەن. ڕاستە هەنگاوی باش نراوە، بەڵام خواستى ئێمه‌ له‌وه‌ زياتره‌ و پێویستە هەنگاوه‌كان زۆر خێراتر بکرێن. ده‌بێ سستیيه‌كانى ئه‌م پرۆسه‌يه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن. ئاڵنگارييه‌كان و ململانێكانى ناوچه‌كه‌، ئه‌وه‌مان لێ ده‌خوازێت ڕۆژێك زووتر ئه‌م ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ بكه‌ين كە خزمەت بە هەموو كوردستان و عێراق دەكات. بۆيه‌ هه‌موو لايه‌ك دڵنیا دەکەينەوە، کە ئێمە بە ئیرادەیەکی جددى و بەهێزەوە بەردەوام دەبین بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و سەرخستنی ئەم پرۆسە چارەنووسسازە، چونكه‌ یەکگرتوویيی پێشمەرگە، گه‌ره‌نتى و بنه‌مايه‌كى سه‌ره‌كيى پاراستنی مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان و قەوارەی فيدراڵيى هەرێمى كوردستانە.

ده‌رچووانى خۆشه‌ويست، ئەمڕۆ، بە شانازییەوه‌ لەژێر سایە و شکۆی ئاڵای کوردستان و ئاڵای عێراقدا دەردەچن. ئەمە گوزارشتێکی ڕاستەقینەیە لەو واقیعەی کە هەرێمی کوردستانی فیدراڵ، وه‌ك قه‌واره‌يه‌كى ڕه‌واى ده‌ستووريى دانپێدانراو، بەشێکی به‌هێزى دەستووری، یاسایی و بنەڕەتییە لە چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراقی فیدراڵیدا.

بۆيه‌ پێویستە حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا، هەموو ئەرک و پابەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر بە پێشمەرگە جێبەجێ بکات، بەتایبەتی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و تەواوی پێداویستییە سەربازییەکان، چونکە پێشمەرگە پارێزەری ئاشتی، ئاسايش و سەقامگیریی هەموو عێراقە، لە دەستووریشدا ئەم بەشە بە تەواوەتی باس كراوە.

پاشەڕۆژی هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى عێراق پێکەوە گرێدراوە؛ سەرکەوتنمان یەکە، ئاڵنگاری و چارەنووسیشمان لە عێراقدا هاوبەشن. ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە گەشبینییەوە چاوەڕێی کارکردنی هاوبەشین لەگەڵ حکوومەتی سەرۆکوەزیران بەڕێز عەلی زەیدی، تا لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێزگرتنی دوولایەنە و هاوبەشیی نیشتمانیی ڕاستەقینە، ئاوەدانی و پێشكه‌وتن بۆ هەموو عێراق بێ جیاوازی مسۆگەر بکەین.

ئەم ئاراستە نيشتمانى و ئاشتیيانەی ئێمە، هاوتەریبە لەگەڵ ئەو دۆخە گەشبینە نوێیەی کە لە ناوچەکەمان و جیهاندا دروست بووە. ئێمە بە خۆشحاڵییه‌وه‌ لە هەرێمی كوردستان پێشوازیمان لە کۆتاییهاتنی گرژی و شەڕی نێوان ئەمه‌ریکا و ئێران كرد کە لە ڕێگەی ڕێککەوتن، دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە هیوادارین کۆتایی پێی بێت.

دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى کوردستان وەک هەمیشە به‌ فاکتەری ئارامی و پردی متمانە لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. كارمان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ و به‌رده‌وام ده‌بين بۆ ئه‌وه‌ى عێراق و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەك نه‌بنه‌ بەشێک لە کێشە و لە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەكەدا.

ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ين هه‌ميشه‌ به‌شێك بين له‌ چاره‌سه‌ر و له‌ هاريكاريى هاوبه‌ش بۆ چه‌سپاندنى ئاشتى و سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانى. بۆ دۆزينەوە‌ى ڕێگه‌كانى به‌رژوه‌نديى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌كاركردن لەم وڵاتەدا و لەم ناوچەیەدا كە ئێمە تێیدا دەژیین.

لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانینی زۆرمان پێشکەش به‌ بەڕێزان ڕاگر و مامۆستایانی ڕاهێنەر و سەرپەرشتیارانی کۆلێژی سەربازیی سێى قەڵاچوالان دەکەين کە ئەرکێکی گه‌وره‌ و پیرۆزیان کێشا بۆ پێگەیاندنی ئەم گه‌نجانه‌ى كوردستان و سه‌رخستنى ئه‌م خولە سه‌ربازييه‌. به‌ گه‌رمى ده‌ستخۆشيتان لێ ده‌كه‌م.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ گيانى پاکی شه‌هيدانى کوردستان داده‌نوێنين کە ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی ئەم شەهیدانە ئێمە كوردستانێكی ئازاد دەبینین و دەتوانین ئەم ڕێوڕه‌سمانه‌ بگێڕین. ئەو شەهیدانە بەبیر دەهێنینەوە كە ژيانى خۆيان بەخت کرد تا ئەمڕۆ ئێمە لێرە بە ئارامی کۆببینەوە. سڵاو و ڕێز بۆ شه‌هيدانى زيندوو، بریندارە قارەمانەکانمان لە كوردستان لە هەر شوێنێك بن، سڵاو و ڕێز و خۆشەویستییان بۆ دەنێرین، هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازم.

پیرۆزە لە ئێوە، پیرۆزە لە خێزانە خۆشەویستەکانتان، له‌ ژيان و لە ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى تازه‌تاندا، هيواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم، تەمەندرێژ بن، سه‌رفراز بن، سەركەوتوو بن، خوای گەورە لە ژیاندا پشتیوانتان بێت.

زۆر سوپاس.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین