عیماد ئەحمەد: ئەم خەڵاتە ڕێزلێنانە لە سەرۆکێکی میانڕە و دووربین کوردستانی

نوچەنێت

بەبۆنەی بەخشینی بەرزترین خەڵاتی ڕێزی ئیتاڵیا بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، عیماد ئەحمەد گەرمترین پیرۆزبایی لێدەکات و دەڵێت، "ئەم خەڵاتە بۆ من تەنیا ڕێزلێنان لە سەرۆکێک نییە، بەڵکو ڕێزلێنانە لە پیاوێک کە ساڵانێکە بە دڵسۆزی، میانرەوی، ئارامی، دووربینی و توانای دروستکردنی متمانە، لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژووی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵیکی دیار و کاریگەری هەبووە".

ڕۆژی پێنجشەممە (2026/07/09)، نووسینگەی ڕاگەیاندنی، عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "بە بۆنەی بەخشینی یەکێک لە خەڵاتە بەرز و بەڕێزەکانی ئیتاڵیا بە کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم پێشکەشی بەڕێزی دەکەم".

هاوکات لە بارەی دونیابینی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، عیماد ئەحمەد دەڵێت، "ئەم خەڵاتە بۆ من تەنیا ڕێزلێنان لە سەرۆکێک نییە، بەڵکو ڕێزلێنانە لە پیاوێک کە ساڵانێکە بە دڵسۆزی، میانرەوی، ئارامی، دووربینی و توانای دروستکردنی متمانە، لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژووی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵیکی دیار و کاریگەری هەبووە".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەكێتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "کاتێک بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە کە لە کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکەوە کارمان دەکرد، وێنەی پیاوێکم لەبەرچاوە کە لە بڕیارداندا ئازا و متمانەبەخۆ بوو، لە مامەڵەدا میانڕەو و خۆشڕەفتار، لە هاوڕێیەتیدا دۆست و ڕەفیق، لە خوێندنەوەی ڕووداوەکاندا دووربین و وردبین بوو".

هەروەها عیماد ئەحمەد لە وەسفی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا دەشڵێت، "هەندێک پۆست و پلە بە تێپەڕبوونی کات کۆتایی دێن، بەڵام ئەوەی لە یادەوەریی مرۆڤەکاندا دەمێنێتەوە، شێوازی مامەڵە، ڕیزگرتن لە مرۆڤە و توانای پاراستنی لەو کەسانەیە کە دەتوانێت لەگەڵ جیاوازییەکاندا گفتوگۆ بکات و لەناو قەیراندا، دەرگای هیوا و چارەسەر کراوە بهێڵێتەوە".

عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی گوتی، "لە دڵەوە پیرۆزبایی لە کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم و هیوادارم ئەم ڕێزلێنانە نێودەوڵەتییە ببێتە هاندەرێکی زیاتر بۆ بەردەوامبوون لە خزمەت بە ئاشتی، پێکەوەژیان، گفتوگۆ و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان".

لەکۆتایی پەیامەکەشیدا عیماد ئەحمەد جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایگەیاند، "پیرۆز بێت، کاک نێچیرڤان؛ هەندێک خەڵات بە سنگەوە هەڵدەواسرێن، بەلام خەڵاتی ڕاستەقینە ئەو متمانەیەیە کە مرۆڤ لە دڵی خەڵکدا بەجێی دەهێڵێت".

جێگەی ئاماژەپێدانە، ڕۆژی چوارشەممە (2026/07/08) نیکۆڵا فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، لە ڕێوڕەسمێکدا بە نوێنەرایەتیی سێرگیۆ مەتەرێلا، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە بەرزترین خەڵاتی ڕێزی ئیتاڵیای بەخشییە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین