پێشێلكاریی یاسا نێودەوڵەتییەكان لە جەنگی ئەمەریكا – ئیسرائیل لەگەڵ ئێران توێژینەوە

نوچە نێت:

ئا: هیوا جاسم

جیهان بە گشتی و سیستەمی سیاسی و یاسای نێودەوڵەتی بە هۆی جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران، بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی چەندین بەرپرس و سەرکردەی پلەبەرزی ئێران كوژرا، دیارترینیان ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامنەیی بوو. ئەمە ڕووداوێکی بێوێنەیە کە تێیدا سیمبولێکی ئایینیی و سیاسی بەم قەبارەیە دەکرێتە ئامانج، ئەم تیرۆرکردنە وەک پێشێلکارییەکی مەترسیدار دادەنرێت بۆ ئامانجگرتنی لوتکەی دەسەڵات لە دەوڵەتێکدا.

دوای هێرشی (7)ـی ئۆكتۆبەر، كە بزوتنەوەی حەماس بە پشتیوانی ئێران هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، ململانێ و ناكۆكییە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە پەرەی سەند و ناوچەكە كەوتە مەترسییەوە، جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس، حزبوڵڵا، حوسییەكان و بزوتتنەوە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عێراق دەستیپێكرد.

جەنگەكە زیاتر پەرەی سەند، ئەمەریكا بۆ پشتیوانیی ئیسرائیل هاتە نێو جەنگەكەوە، لێدوانی بەرپرسە باڵاكان دژ بە یەكتر زیاتر دەبوون، هەریەك لە ئەمەریكا و ئیسرائیل لە هەل دەگەڕان بۆ تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئێران، تا كار گەیشتە ئەوەی بە بیانووی ڕێگەنەدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم و پاراستنی ئاسایشی جیهان لە مەترسیی ئێران و دەستوپێوەندەكانی، بڕیاریان دا هێرشی سنووردار بكەنە سەر ئێران، گەڕی یەكەمی هێرشەكان لە مانگی حوزەیرانی 2025، كۆمەڵێ ئامانجیان بۆردوومان كرد لەوانە، بنكە ئەتۆمییەكانی نەتەنز، فۆردۆ، ئەسفەهان و چەندان بنكەی دیكەی سەربازیی و مووشەكیی، لە وەڵامدا ئێران بە موشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا (حزبوڵڵا و حوسییەكان) بنكە سەربازییەكان و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەی كەنداو بە كوردستانەوە، هەروەها ئیسرائیل بۆردوومان دەكرد.

دواترلە 28ی شوباتی 2026دا، ئەمریکا و ئیسرائیل بە پاساوی تێکدان و ڕێگەنەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، جارێكی دیكە هێرشەكانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستپێكردەوە، لە بەرامبەردا تاران بە هەڵدانی مووشەک و درۆن بۆ سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و وڵاتانی كەنداو بە تایبەتیی، وەڵامی دایەوە، پاشان بۆ فشاردروستكردن، بە دەستهێنانی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و ڕاگرتنی جەنگ، ئێران بڕیاری دا  تەنگەی هورمزی ستراتیژیی و ڕێڕەوی بازرگانیی جیهانیی دابخات، ئەمەش شڵەژان و كاردانەوە و هەڵاوسانێكی گەورەی لە بازاڕەکانی وزەی جیهان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئاستێکی پێوانەیی دروست كرد.

ڕووداوەکە تەنها 48 کاتژمێر دوای گەڕێکی دانوستانەکان لە جنێڤ سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ڕوویدا، کە تێیدا ناوبژیوانی عوممانی باسی لە "پێشکەوتنی بەرچاو" کردبوو لەگەڵ ئامادەکاریکردن بۆ دانیشتنی تەکنیکی لە ڤییەنا. ئەم هاوکاتبوونە لە نێوان "مێزی دانوستان" و "مەیدانی تیرۆر"دا پرسیاری یاسایی دەورژێنێت کە لە ئاستی سیاسی تێدەپەڕێت و دەست بۆ بنەماکانی بەکارهێنانی هێز لە یاسای نێودەوڵەتیدا دەبات.

یەکەم: لەبارەی پاساوی بەرگریی پێشوەختە

پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغەی کردووە کە دەوڵەتان "هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بکەن یان هێز بەکاربهێنن" دژی سەروەریی خاکی هەر دەوڵەتێک یان سەربەخۆیی سیاسییەکەی (ماددەی 2/4). دادگای دادی نێودەوڵەتیش ئەم قەدەغەکردنەی وەک بنەمایەکی جێگیر لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا چەسپاندووە.

بەپێی بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە 3314 (خولی 29)ی ساڵی 1974، دەستدرێژیی (Aggression) بەوە پێناسە کراوە کە "بەکارهێنانی هێزی چەکدارییە لەلایەن دەوڵەتێکەوە دژی سەروەریی دەوڵەتێکی دیکە یان سەلامەتیی خاکەکەی یان سەربەخۆیی سیاسییەکەی، یان بە هەر ڕێگەیەکی دیکە کە دژی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت".

دووەم: حەسانەی سەروەریی

ئامانجگرتنی سەرۆکی دەوڵەت، پێشێلکارییەکی گەورەی بنەمای "یەکسانیی لە سەروەریدا"یە کە لە ماددەی (2/1)ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە. عورفی یاسایی حەسانەی کەسیی بۆ سەرۆکی دەوڵەتان لە کاتی پۆستەکەیاندا دەستەبەر دەکات. یاسای نێودەوڵەتی ڕێگە بە پێشێلکردنی ئەو حەسانانە لە ڕێگەی هێزی سنووربەزێنەوە نادات، ئەگینا ئەو کردارە بە "کوشتن لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا" دادەنرێت.

گەرچی لە 8ـی نیسان بە نێوەندگریی پاکستان بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەست ڕاگەیەندرا، بەڵام هێشتا گریمانە و ئەگەرەکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی ئەو جەنگە لە ئارادایە بە تایبەتی کە بەشێک لە ناوەندە سیاسییەکان پێیان وایە، ئاگربەستەکە بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوە و خۆئامادەکردنەوەی ئەمریکا و ئیسرائیلە.

هێرشەكان بۆ سەر یەكتر و بە ئامانجگرتنی شوێنە قەدەغەكراوەكان

دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئەمەریكا – ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و هێرشكردنەسەر یەكتر و بەرژەوەندییەكان، لە ئاكامدا چەندان پێشێلكاریی یاسا نێودەوڵەتیەكان هاتنە ئاراوە، هەر لە بەزاندنی سنوورەكان و سەروەریی خاك و دەسەڵاتی یەكتر و لە هەمان كاتدا پێشێلكردنی سەروەریی خاك و دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی وڵاتانی دیكەشی لێكەوتەوە.

لەم جەنگەدا، جیا لە شوێن و پێگە سەربازییەكان، چەندان ناوچەی مەدەنیش لەلایەن هەردوو بەرەوە كرانە ئامانج، لەوانە شوێنی نیشتەجێبوون، قوتابخانە، كە لە ڕۆژی یەكەمی هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران قوتابخانەیەك كرایە ئامانج و 27 قوتابیی منداڵ گیانی لە دەست دا سەرەڕای برینداربوونی چەندانی تر، نەخۆشخانە، فڕۆكەخانە، پرد و ڕێگەوبان، لە وڵاتانی كەنداو و هەرێمی كوردستانیش بە هەمان شێوە چەندان شوێنی مەدەنیی كرانە ئامانج و چەندان قوربانیی لێكەوتەوە، تا گەیشتە ئەوەی لەلایەن هێزە وەلائییەكانی ئێرانەوە ماڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری دهۆك كرایە ئامانج، لە یاسای نێودەوڵەتیشدا بە ئامانجگرتنی شوێنە گشتیی و هاووڵاتیانی سڤیل قەدەغەیە وپێشێلكاریی یاسا بەركارە نێودەوڵەتیەكانە.

شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل سەركۆنە دەكەن

ئەگەرچی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ پاساوی هێرشەكانیان بۆ سەر ئێران، باس لە پاراستنی ئاسایشی جیهانیی دەکەن، بەڵام شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگەکە و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی و كولتووریی و مرۆیی، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی نێودەوڵەتی و پسپۆڕانی بواری یاسای نێودەوڵەتی جیهانی بوونەوە.

شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی پێیان وایە ئەم جەنگە نەک هەر ئاسایشی بۆ ناوچەكە فەراهەم نەكرد و نەهێناوە، بەڵکو خودی جەنگەكە "شکۆی یاسای نێودەوڵەتی" پێشێلكردووە و خستوویەتیە ژێر پرسیارەوە و کۆمەڵێک مشتومڕی یاسایی و پێشێلکاریی زەقی لێ کەوتووەتەوە و لەو بارەیەوە هۆشداریی توند دەدەنە ئەمەریكا و ئیسرائیل.

زیاتر لە 100 ئەکادیمی و شارەزای یاسایی ئەمەریکی بەڵگەنامەیەکیان واژۆ کرد و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکایان بۆ سەر ئێران کرد، ئەوان ئەو پێشێلکارییانەیان وەک "تاوانی جەنگ" ناو برد، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ناڕەزایەتییە ناوخۆییە پەرەسەندووەکانی ئەمەریکا دژ بە سیاسەتە سەربازییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەبینرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز" کە لە سەرەتای مانگی نیسان بڵاوکراوەتەوە، لەو بەڵگەنامەیەدا کە ئەکادیمییانی زانکۆکانی (هارڤارد، یێڵ، ستانفۆرد و کالیفۆرنیا) واژۆیان کردووە، هاتووە: "ڕەفتاری هێزە ئەمریکییەکان و لێدوانی بەرپرسە باڵاکان، سەبارەت بە پێشێلکردنی یاساکانی مافی مرۆڤ و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیەکان، نیگەرانییەکی جددییان لای ئێمە دروست کردووە کە ڕەنگە بگەنە ئاستی "تاوانی جەنگ."

ئەو شارەزایانە ڕایانگەیاندووە کە بڕیاری ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، وەک بەزاندنێکی ئاشكرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەژمار دەکرێت؛ چونکە بەپێی ئەو پەیماننامەیە بەکارهێنانی هێز بۆ هێرشكردنە سەر دەوڵەتانی دیكە قەدەغەیە، تەنیا لە حاڵەتی بەرگرییكردن لە خۆت بێت یان بە مۆڵەتی فەرمیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەبێت.

مەترسیی "وتاری توند و هەڕەشەئامێز"

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی و چاودێرانی سیاسی ئاماژەیان بە بوونی (لێدوانی هەڕەشەئامێز) لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمەریكا كردووە، لەوانەش ئەو هەڕەشانەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەیکات، کە باس لە "سڕینەوەی" وێستگەکانی وزە لە ئێران دەکات.

هەروەها دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرانبەر لێدوانێکی پیت هیگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، کە وتبووی "هیچ بەزەییەک" بەرانبەر دوژمنان نانوێندرێت.

ئەوەی دۆخەکەی مەترسیدارتر کردووە، لێدوانە فەرمییەکانی بەرپرسانی ئەمریکایە. بەگوێرەی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، لەو بەڵگەنامە ئەکادیمییەی پسپۆڕانی ئەمریکا واژۆیان کردووە، ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ ڕووداوە خوێناوییەکانی سەر گۆڕەپانی جەنگ؛ بەتایبەت بۆردومانکردنی قوتابخانەیەکی کچان لە یەکەم ڕۆژی جەنگدا، کە بەپێی ئاماری مانگی سووری ئێرانیی، بووەتە هۆی کوژرانی 175 کەس. پسپۆڕانی ئەمریکی لە نامەکەیاندا جەختیان کردووەتەوە کە ئەم ڕووداوانە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لەسەر هەبوونی "شێوازێکی سیستماتیک لە پێشێلکاری" و نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە بەرانبەر ئەو هێرشانەی کە قوتابخانە، بنکە تەندروستییەکان و ماڵی هاووڵاتیانی گرتووەتەوە.

وەڵامی کۆشکی سپی

لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەدا، کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ترەمپ لە هەوڵی ئەوەدایە "تەواوی ناوچەکە ئارامتر بکات" و ئەو کەسانەشی کە ڕەخنەیان گرتووە، بە "ناشارەزا" (شارەزای ساختە) لە قەڵەم دا و وتەکانیانی ڕەت کردەوە.

پێشێلكارییەكانی ئەمریکا و هێرشی نایاسایی

پێشێلکارییەکانی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێراندا تەنیا بەزاندنی یاسا نێودەوڵەتیەکان نییە، بەڵکو وەک پسپۆڕانی یاسایی جەختی لێ دەکەنەوە، دەچنە خانەی تاوانی جەنگ و دەستدرێژیی ئاشكرا. ئەم جەنگە لە بنەڕەتدا هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە؛ چونکە لە دەرەوەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بێ مۆڵەتی ئەنجومەنی ئاسایش هەڵگیرساوە، هەروەها ئەمریکا چەشنە بەڵگەیەکی قایلکەری نییە کە بیسەلمێنێت خاکی وڵاتەکەی لە لایەن ئێرانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بووەتەوە.

دکتۆر ئەنییس قاسم، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی، ڕوونی دەکاتەوە کە یاسا نێودەوڵەتیەکان بەکارهێنانی هێزی چەکدارییان تەنیا لە دوو باردا سنووردار کردووە: 

1-بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش لە چوارچێوەی بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان. 

2- ڕەوایەتیی بەرگریكردن لە خۆت، بەپێی ماددەی 51ی هەمان پەیماننامە.

ئەو پسپۆڕە جەخت دەکاتەوە کە هیچ کامیان لە هێرشەکەی ئەمریکادا بۆ سەر ئێران بوونیان نییە، "کەواتە ئەم کارە لە بنەڕەتدا دەستدرێژییە، هەموو ئەو لێدانانەشی دواتر ئەنجام دراون هەمان ناونیشانیان هەیە و بە دەستدرێژی ئەژمار دەکرێن."

سەبارەت بە بەڵگەکانیش، دکتۆر ئەنییس پێی وایە بەڵگەکان لەبەردەستن؛ "یەکەم: لێدوانی فەرمیی بەرپرسانی ئەمریکا کە دەڵێن هێرش دەکەنە سەر ئێران بۆ تێکدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە کاتێکدا بەرنامەی ئەتۆمی بەزاندنی یاسای نێودەوڵەتی نییە و مەترسیش دروست ناکات." ئاماژەی بەوەش کرد کە ماددەی چوارەمی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەڵێت: "هەموو دەوڵەتێک مافی خۆیەتی بەرنامەی ئاشتییانەی خۆی گەشە پێ بدات و ئەمە مافێکی سروشتییە."

پێشێلکارییەکانی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێراندا چەندین ڕەهەندی گرتووەتەوە، لەوانە بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و ژێرخانە گرنگەکان

لەو بارەیەوە  تاجەدین حوسێنی، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی "محەمەدی پێنجەم" لە ڕیبات، جەخت دەکاتەوە کە: "هەڕەشەی لێدانی شوێنە ستراتیژییەکانی نەوت، وزەی کارەبا، پردەکان و ئەو دامەزراوە مەدەنییانەی خەڵکی ئێران لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پشتیان پێ دەبەستن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا قەدەغەکراوە."

گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتیەوە سەبارەت بە هەڕەشە و هێرشی سەربازیی ئەمەریکا دژ بە ئێران بە مەبەستی ملکەچپێکردنیان بۆ داخوازیی و مەرجەكانی ئەمەریکا و دەستبەرداربوون لە سەروەریی و سەربەخۆییان، ڕەنگە لەم دۆخەدا و بەتایبەت لەژێر سایەی سەرۆکی ئەمریکا کە گرنگیی بە یاسای نێودەوڵەتی نادات، سوودێكی ئەوتۆی نابێت.
ترەمپ هەوڵ دەدات پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بگۆڕێت بۆ جۆرێكی دیكەی پەیماننامە یان پابەندییەكی عورفیی نێودەوڵەتی كە ئەویش "ئەنجومەنی ئاشتیی جیهانیی"یە بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی لە غەززە و جیهاندا، و لە هەمان كاتیشدا بە ئاشکرا دروشمی "بەدیهێنانی ئاشتیی لە ڕێگەی هێزەوە" بەرز دەکاتەوە، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا دژی ئێران.

ئەمە هاوتەریب بووە لەگەڵ ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنەی كە ئەمەریكا گرتوویەتیەبەر کە ئەمەریکا وەک هێزێکی گەورەی بەهێز و سەركەوتوو نیشان دەدات کە ڕووبەڕووبوونەوەی مەحاڵە، بۆیە هەندێک پێیان وایە دانایی لەوەدایە ملکەچی مەرجەکانی بیت، بەتایبەتی لە غەززە و لوبنان بۆ چەکداماڵینی (بەرەی مقاوەمە) بۆ بەهێزکردنی ئەمەش، هەندێک سەرکەوتنی تاکتیکیی ڕاگەیاندن لە هەندێک گۆڕەپان گەورە دەکرێت، بەتایبەت دوای ڕفاندنی سەرۆکی ڤێنزوێلا نیکۆلاس مادۆرۆ، کە وایکردووە هەندێک موژدەی دەرکەوتنی ئاماژەکانی سیستەمێکی نوێی نێودەوڵەتی بدەن کە بنەمای "هەیمەنەی ئەمریکیی-ئیسرائیلیی" بێت، بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمەش بە هەبوونی سیستەمێکی نوێ لە سوریا بەهێزتر بووە کە هاوپەیمانی ئەمریکییەکانە و دژ بە داگیرکاریی نییە، بەڵکو دژبەری ئێران و هاوپەیمانەكانێتی.
لەسەر ئەم بنەمایە، پرسیارگەلێک ورووژێنراون سەبارەت بەوەی ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چووەتە قۆناغی ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکییەوە کە پشت بە لۆژیکی هێز دەبەستێت و دوورە لە یاسای نێودەوڵەتی؟

ئایا بەڕاستی ئەو دەنگۆ ڕاگەیاندنانەی باس لەوە دەکەن کە هەڕەشە بەردەوامەکانی ترەمپ لە چەندین گۆڕەپانی جیهاندا، بەتایبەت ئێران، ئێمە دەخاتە بەردەم گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەی نێودەوڵەتی کە ئەمریکا و ئیسرائیل سەرۆکایەتیی دەکەن؟ ئەمە لە کاتێکدایە واقیعێکی مەیدانیی هەیە کە دەریدەخات هێزی نێودەوڵەتی نوێ دژی هەژموون و باڵادەستیی ئەمەریکا دەرکەوتوون، وەک چین، ڕووسیا، بەڕازیل، ئەفریقای باشوور و بەتایبەت ئێستا ئێران، کە بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت دەستبەرداری بنەماکانی و پشت بەستن بە یاسا نێودەوڵەتیەكان نابێت و دژ بەو هەژموونەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەوەستێتەوە.

نەهێشتنی ئەم ناکۆکییەی نێوان (سووربوونی ئەمەریکا لەسەر سەپاندنی مەرجەکان لە دەرەوەی یاسای نێودەوڵەتی لە ڕێگەی هەڕەشەی هێزەوە)، و پابەندبوونی ئێران بە یاسای نێودەوڵەتی، ڕەنگە داهاتووی سیستەمی هەرێمی و نێودەوڵەتی دیاری بکات.


وەڵامەکەشی لە هەوڵی تاوتوێکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوەدا دەدۆزرێتەوە:

یەکەم: هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دژی ئێران

پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بنەڕەتدا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێودەوڵەتیەکان پشت بە چارەسەری ئاشتییانە دەبەستێت کە لە بەشی شەشەمدا لە ماددەکانی 33 بۆ 38 هاتووە. لە حاڵەتی پەرەسەندنی ناکۆکییەکان بۆ ئاستی هەڕەشەی سەربازیی و هەوڵدان بۆ گوشارهێنان و کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی -وەک ئەوەی لە پەیوەندی ئەمریکا و ئێراندا دەبینرێت- پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمە قەدەغە دەکات. هەروەها دەبینین کە یاسای نێودەوڵەتی خاوەنی دامەزراوەی نێودەوڵەتیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دامەزراوە دادوەرییەکانەوە وەك دادگای دادی نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

دووەم: كۆكردنەوەی هێزی سەربازیی لەسەر سنووری دەوڵەتێكی دیكە

لەو چوارچێوەیەدا، هەڕەشە و کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە نزیك سنووری ئێران بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکییە نێودەوڵەتیەکاندا. بەپێی ماددەی 2، بڕگەی 4، بەکارهێنانی هێز یان تەنها هەڕەشەکردن پێی، پێشێلکارییە بۆ شەرعییەتی نێودەوڵەتی.

لە بەرامبەردا، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوو حاڵەتی وەک "بەدەرکردن" (استثناء) بۆ بەکارهێنانی هێز دیاریکردووە کە لە کێشەی نێوان ئەمەریکا و ئێراندا بوونیان نییە، ئەوانیش بریتین لە:لە بارەی پێشێلكارییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە هێرشەكانیان بۆ سەر ئێران، شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان ئاماژە بە چەند خاڵێکی سەرەکیی دەکەن کە وەک بەزاندنی هێڵە سوورەکان دەبینرێن:

پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان:

1- بەپێی ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران هیچ دەستدرێژییەکی بۆ سەر ئەمریکا ئەنجام نەداوە. لە ڕووی جوگرافییەوە ئێران کە دەکەوێتە کیشوەری ئاسیا، دراوسێی ئەمریکا نییە کە لە کیشوەری ئەمریکادایە، هەروەها نەبووەتە مەترسیی بۆ سەر سەروەریی خاكی ئەمەریكا.

2-ئێران نە جەنگ یان دەستدرێژیی سەربازیی ئەنجام نەداوە و نە خۆی لە بەکارھێنانی ڕێگە ئاشتییانەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگ بواردووە، هەروەها مێزی گفتوگۆکانیشی بەجێنەهێشتووە. ئێران وەک ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستپێشخەریی لە بەکارهێنانی هێز و ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نەکردووە (وەک ئەوەی لە هێرشەکەی حوزەیرانی 2025دا ڕوویدا). ئەم هەڵوێستەی ئێران دەریدەخات کە ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەو لایەنانەن کە دەستپێشخەرییان لە دەستدرێژیی و هێرشی سەربازیی کردووە و هەوڵی دووبارەکردنەوەی دەستدرێژییەکی دیکە دەدەن. 
3-لە لایەکی دیکەوە، ئەو پاساوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل کە هەڕەشەکان لە چوارچێوەی "بەرگریی شەرعیی پێشوەختە " (Preemptive Self-Defense)دان، شتێکە کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا دان پێدانراو نییە و بنەمایەکی یاسایی نییە کە شەرعییەت بەم جۆرە بەرگرییە بدات، تەنها ئیسرائیل نەبێت کە ئەم بیرۆکەیە پەیڕەو دەکات و ئەمەریکاش پشتگیریی دەکات. لەم بارەیەوە، هەندێک لە مامۆستایانی یاسای نێودەوڵەتی، وەک "ماتیاس گۆڵدمان" پسپۆڕ لە زانکۆی EBSی ئەڵمانی، بۆ پێگەی "دۆیچە ڤێلە" دەڵێن: زۆربەی شیکارە یاساییەکان پێیان وایە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەرگری لەخۆکردن نەبووە و هیچ هێرشێکی بەپەلە و نزیکیش لەلایەن ئێرانەوە نەبووە. هەروەها "مارکۆ ساسۆلی" (مارکۆ بلانۆڤیچ) مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی "ڕیدینگ" لە بەریتانیا جەخت دەکاتەوە کە هێرشی ئیسرائیل نایاسایی بووە.

بەو پێیە، هەڕەشەکانی ئەمەریکا بە بەکارهێنانی هێز و کۆکردنەوەی سەربازیی دژی ئێران، وەک "دەستدرێژیی" (Aggression) ئەژمار دەکرێت بەپێی بڕیاری ژمارە 3314ی ڕێکەوتی 14ی کانوونی یەکەمی 1974 تایبەت بە پێناسەی دەستدرێژیی. چونکە کۆکردنەوەی هێزی ئەمریکا، گەمارۆدان، بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە خاکی دەوڵەتێکی دیکەدا، بە دەستدرێژیی سەربازیی هەژماردەكرێت، هەموو ئەمانەش دەبێتە تاوان لەژێر ڕۆشنایی دەقەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

ئەو حاڵەتەی کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ڕێگە بە بەکارهێنانی هێز دەدات، پەیوەستە بە "بەشی حەوتەم" ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تایبەتی ماددەی 39. ئەم ماددەیە کاتێک ڕێگە بە بەکارهێنانی هێز دەدات کە "ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی" ڕووبەڕووی مەترسیی ببنەوە.

ماددەی 39 جەخت دەکاتەوە کە هێز تەنها لەو کاتانەدا بەکاردێت کە "هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی، یان تێکدانی ئاشتیی جیهان، یان ڕوودانی کردەیەک لە کردەکانی دەستدرێژیی سەربازیی" هەبێت. بەڵام گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە ماددەی 39 بە ڕوونی ئەو لایەنە دیاری دەکات کە دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی پێ دراوە. کاتێک مەرجەکانی ماددەی 39 دەچەسپێت، ئەو لایەنەی کە دەسەڵاتی ڕەوای هەیە بۆ بڕیاردان لەسەر بەکارهێنانی هێز، تەنها "ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی"ـیە، نەک ئەمەریکا یان ئیسرائیل. کەواتە ئەنجومەنی ئاسایش تاکە دامەزراوەی ڕێپێدراوە بۆ بڕیاردان لەسەر بەکارهێنانی هێز بە مەبەستی پاراستنی ئاشتیی.

بەپێی ماددەی 2 لە بڕگەی 4ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکارهێنانی هێز بەبێ هیچ پاساوێكی یاسایی دژی سەروەریی خاکی هەر دەوڵەتێک قەدەغەیە.

- ڕەخنەی یاسایی: هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لەلایەن زۆرێک لە پسپۆڕانەوە بە "دەستدرێژیی سەربازیی" (Act of Aggression) ناو دەبرێت، چونکە بەبێ مۆڵەتی ئەنجومەنی ئاسایش ئەنجام دراوە.

- پاساوی لایەنی هێرشبەر:  واشنتن و تەلئەبیب پەنا دەبەنە بەر ماددەی 51 (بەرگری لە خۆکردنی پێشوەختە)، بەڵام یاساناسان دەڵێن ئەم بەرگرییە تەنیا کاتێک ڕەوایە کە "هێرشێکی چەکداریی دەستبەجێ" لە ئارادا بێت، نەک تەنیا وەک پەرچەکردارێکی سیاسی.

2-بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی (ئاسایشی وزە)

یەکێک لە مەترسیدارترین پێشێلکارییەکان، هەڕەشە و هێرشەکانە بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا، پردەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ئێران.

یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی:  بەپێی "پرۆتۆکۆڵی یەکەمی ڕێککەوتننامەی جنێڤ"، تێکدانی ئەو دامەزراوانەی کە بۆ ژیانی هاوڵاتیانی سڤیل پێویستن (وەک کارەبا و ئاو)، بە تاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێت.

لێدوانە توندەکان: گوتاری دۆناڵد ترەمپ بۆ "سڕینەوەی" ناوەندەکانی وزە، لە ڕووی یاساییەوە وەک نیشاندانی "نیەتی پێشوەختە" بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دەبینرێت.

3-پێشێلکردنی پارێزبەندیی دیپلۆماسیی

ك ئەم ململانێیە بە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان دەستی پێکرد

(وەک هێرشەکەی دیمەشق).

- ڕێککەوتننامەی ڤیێنا (1961): ئەم یاسایە پارێزبەندییەکی ڕەها دەداتە باڵەخانە دیپلۆماسییەکان. هەر هێرشێک بۆ سەر ئەم شوێنانە، تەنانەت ئەگەر وەک بنکەی سەربازیش بەکاربهێنرێن، پێویستیی بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە هەیە و هێرشکردنە سەریان بەزاندنی گەورەترین عورفی نێودەوڵەتیە.

4-بەکارهێنانی "سزای بەکۆمەڵ"

گەمارۆ دەریاییەکان و پەکخستنی جووڵەی کەشتیگەلی بازرگانی لە ناوچەکە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵکی سڤیل هەیە.

- لە یاسای نێودەوڵەتیدا، هەر کارێک ببێتە هۆی برسی کردن یان بێبەشکردنی بەکۆمەڵی خەڵک لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە مەبەستی گوشاری سیاسی، وەک سزای بەکۆمەڵ (Collective Punishment)  دەبینرێت و قەدەغەیە.

5-تیرۆری سیاسی و تێپەڕاندنی سنوورەکان

ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی و تیرۆرکردنی سەرکردەکان لە ناو خاکی وڵاتانی تردا پێشێلکردنی "سەروەریی نیشتمانی"یە. ئەم جۆرە کارانە دەچنە خانەی "کوشتنی دەرەوەی یاسا" (Extrajudicial Killing) کە لە پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤدا قەدەغە کراون.

واتا کوشتنی سەرکردە سیاسییە دیارەکان وەک کردەی "تیرۆری سیاسی" پۆلێن دەکرێت. لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیەوە، هیچ بنەما یان نەریتێک نییە شەرعییەت بدات بە تیرۆرکردنی سەرۆکی دەوڵەتان یان سەرکردە سیاسییەکان (وەک كوشتنی عەلی خامنەیی ڕابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران) ، بەڵکو ئەمە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دادەنرێت.

ئەمانە بنەما و ڕێکارە یاساییە سەرەکییەکانی پەیوەست بە تیرۆری سیاسی:

 * چەمکی تیرۆری سیاسی: بریتییە لە کوشتنی بە ئەنقەست و پلاندان بۆکراوی کەسایەتییەکی گشتی، جا سەرکردەی سیاسی بێت یان ئایینیی، بە مەبەستی ئایدۆلۆژی یان سیاسی. 

 * کوشتنی دەرەوەی چوارچێوەی یاسا: لە ڕووی یاساییەوە، ئەم کردانە لە چوارچێوەی "کوشتنی دەرەوەی یاسا" (Extrajudicial killing) پۆلێن دەکرێن و بە تاوانێکی بێ پاساو دادەنرێت، چ لە کاتی ئاشتی و چ لە کاتی جەنگدا.

*پێشێلکردنی سەروەریی: بەئامانجگرتنی سەرۆکی دەوڵەتێک یان سەرکردەیەکی سیاسی بیانیی، پێشێلکردنی سەروەریی ئەو دەوڵەتە و حەسانەی بەرپرسە پلە باڵاکانییەتی، هەروەها بەکارهێنانی نایاسایی هێز پێکدەهێنێت.
* جیاوازیی نێوان تیرۆر و جەنگ: شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی جەخت دەکەنەوە کە تەنانەت لە حاڵەتی ململانێی سەربازییشدا، کوشتنی بە ئەنقەستی سەرکردەیەکی سیاسی لە دەرەوەی چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ڕاستەوخۆکان، وەک کردەی تیرۆر تاوانبار دەکرێت و هیچ پاساوێکی یاسایی نییە.

هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتی لە بارەی جەنگەوە، یاسای نێودەوڵەتی مرۆڤایەتیی (International Humanitarian Law) کە بە "یاسای جەنگ" ناسراوە، لەبارەی هێرشکردنە سەر شوێنە گشتییەکان زۆر ڕوون و توندە. بنەمای سەرەکیی ئەم یاسایانە لە "پەیماننامەکانی ژێنێڤ" و پاشکۆکانیاندا هاتووە.

لێرەدا خاڵە سەرەکییەکان و ماددە یاساییە پەیوەندیدارەکان دەخەینە ڕوو:

* بنەمای جیاکاریی  (Principle of Distinction)

ئەمە یەكێكە لە گرنگترین بنەماكان لە یاسای جەنگدا، كە پێویست و مەرجە لایەنە شەڕکەرەکان دەبێت هەمیشە جیاوازیی بکەن لە نێوان (ئامانجە سەربازییەکان) و (شوێنە گشتیی و مەدەنییەکان).

ماددە یاساییەکان:

ماددەی 48ی پاشکۆی یەکەمی پەیماننامەکانی ژێنێڤ (1977): جەخت دەکاتەوە کە "لایەنە شەڕکەرەکان دەبێت هەمیشە جیاوازیی بکەن لە نێوان دانیشتوانی مەدەنی و شەڕکەران، و لە نێوان ئامانجە مەدەنییەکان و ئامانجە سەربازییەکان".

هەر هێرشێک کە ئامانجەکەی تەنها مەدەنییەکان یان شوێنە گشتییەکان بێت، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت.

*شوێنە گشتییەکان و پاراستنیان

شوێنە گشتییەکان وەکو (قوتابخانە، نەخۆشخانە، پەرستگا، بازاڕ، و بیناکانی خزمەتگوزاریی گشتیی) بە گشتیی وەک "ئامانجی مەدەنی" دەناسرێن و نابێت بکرێنە ئامانج و هێرشیان بكرێتە سەر.

ماددەی (52)ی پاشکۆی یەکەمی (1977) ئاماژە بەوە دەكات، کە ئامانجە مەدەنییەکان ئەو شوێنانەن کە ئامانجی سەربازیی نین، و نابێت هێرشیان بکرێتە سەر.

ماددەی 53ی پاشکۆی یەکەمی (1977): پاراستنی تایبەتی بۆ شوێنە کلتوری و ئایینییەکان داناوە، نابێت هیچ کارێکی دوژمنکاریی دژی ئەو شوێنانە بکرێت.

ماددەی 18 و 19ی پەیماننامەی چوارەمی ژنێڤ (1949): بە تایبەتی پاراستنی نەخۆشخانەکان و تیمە پزیشکییەکان دەستەبەر دەکات.

ماددەی 51، بڕگەی 5ی پاشکۆی یەکەمی (1977): هێرشی بێسەروبەر یان ئەو هێرشانەی کە زیانی لاوەکیی زۆر بە مەدەنییەکان دەگەیەنێت بەراورد بە سوودە سەربازییەکە، بە "هێرشی بێسەروبەر" (Indiscriminate attacks) دادەنرێت و قەدەغەیە.

*تاوانی جەنگ: هێرشکردنە سەر شوێنە گشتییەکان بە ئەنقەست، ئەگەر ئامانجێکی سەربازیی ڕوونی نەبێت، دەچێتە خانەی تاوانی جەنگ.

ماددە یاساییەکان: ماددەی 8ی پەیماننامەی ڕۆما (Statute of Rome) تایبەت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC): بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر شوێنە مەدەنییەکان، نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، و شوێنە ئایینییەکان بە ئەنقەست، تاوانی جەنگە".

پوختەی هەڵوێستی یاسایی:

1-قەدەغەکردنی ڕەها: هەر هێرشێک کە ئامانجەکەی تەنها و تەنها شوێنی گشتی و مەدەنی بێت، نایاساییە.

2-بە بەرپرسیارکردن: ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە (فەرماندە سەربازییەکان یان سیاسییەکان) ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی دەبنەوە لەژێر ناوی تاوانی جەنگ.

3- ئەرکی وریایی: لایەنی هێرشکەر ئەرکی لەسەرە هەموو ڕێکارێک بگرێتە بەر بۆ ئەوەی زیان بە مەدەنییەکان نەگات، تەنانەت ئەگەر گومانی ئەوەی هەبێت شوێنەکە بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردێت.

زۆر جار لە جەنگەکاندا لایەنەکان هەوڵ دەدەن پاساوی "بەکارهێنانی شوێنەکە بۆ کاری سەربازیی" بەکاربهێنن بۆ ئەوەی هێرشەکانیان شەرعی بکەن، بەڵام یاسای نێودەوڵەتی لایەنی هێرشکەر ناچار دەکات کە بەڵگەی تەواو هەبێت و زیانی مەدەنییەکان لەبەرچاو بگرێت.

لەلایەکی تریشەوە، ئەم پێشێلکارییانە تەنیا لە لایەنی ئەمریکاوە نەبوون؛ بەڵکو شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی پێیان وایە کە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان و ژێرخانە هەستیارەکانی وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل و (هەرێمی كوردستان) لە لایەن ئێرانەوە، بەزاندنێکی ڕاشکاوی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیەکانە. هێرشەکانی ئێران وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاوپاککەرەوەکان و دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداوی گرتووەتەوە، کە ئەمەش زیانی ماڵیی زۆری لێکەوتووەتەوە و مەترسیی پەرەسەندنی جەنگێکی بەرفراوانی لە ناوچەکەدا دروست کردووە.

لە چەند چاوپێکەوتنێکی جیاوازی "جەزیرە نێت"دا، پسپۆڕانی یاسای نێودەوڵەتی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەم جەنگە پێشێلکاریی گەورە لە لایەن هەردوولاوە بەخۆوە دەبینێت؛ چونکە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بنەڕەتدا لە دەرەوەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتیەکان هەڵگیرساوە، لە بەرانبەریشدا تاران بە هێرشکردنە سەر وێستگەی مەدەنیی ئەو وڵاتانە وەڵام دەداتەوە کە لایەنی ڕاستەوخۆی ئەم جەنگە نین.

هەروەها شیکارییە یاساییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە تەواوی ئەم جەنگە لە دیدی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیەوە وەک "دەستدرێژییەکی ئاشکرا" ئەژمار دەکرێت؛ بەتایبەت لە ڕووی جیاکاری نەکردن لە نێوان مەدەنی و سەربازییدا، هاوسەنگیی لە بەکارهێنانی هێز و بوونی پاساوی سەربازیی. ئەم بۆچوونانە جەخت دەکەنەوە کە بە ئامانجگرتنی ژێرخانە سەرەکییەکان، سەرچاوەکانی وزە و ئەو دامەزراوە مەدەنییانەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیان پێوە بەندە، بەپێی ڕێککەوتننامەکانی "جنێڤ"ی ساڵی 1949، لەسەر ئاستی جیهان قەدەغەکراون.

ئامانجگرتنی دراوسێکان لە لایەن ئێرانەوە و قووڵکردنەوەی برینەکان

لەلایەکی تریشەوە، پێشێلکارییەکانی ئێران لە هی لایەنەکەی تر کەمتر نین؛ تاران بە ئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان و ژێرخانە هەستیارەکانی وڵاتانی کەنداو، بەزاندنێکی ڕاشکاوی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیەکانی ئەنجام داوە.

لێرەدا، دکتۆر عەبدوڵڵا غەیلانی، ئەکادیمی و توێژەری کاروباری ستراتیژی، جەخت دەکاتەوە: "بەو ئەندازەیەی سەرکۆنەی دەستدرێژیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەین، بە هەمان شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دامەزراوە هەستیار و مەدەنییەکانی وڵاتانی کەنداو دەکەین. وەک چۆن ئەمریکا بێ گوێدانە ئاسایش و بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە بڕیاری جەنگی دا، ئێرانیش بە هەمان شێوە لە ڕێگەی هێرشە ڕێکخراوەکانی بۆ سەر ئەو شوێنانەی ژیانی مرۆڤ دەپارێزن، هەمان هەڵە دووبارە دەکاتەوە."

غەیلانی لە لێدوانەکەیدا بۆ "جەزیرە نێت"، سەرکۆنەکردنەکە بۆ سێ ئاست دابەش دەکات:

ئاستی یەکەم: خودی بڕیاری هەڵگیرسانی جەنگ؛ چونکە لە ڕووی یاساییەوە، نە یاسا نێودەوڵەتیەکان و نە بڕیارە جیهانییەکان، هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی بۆ دەستدرێژیی ئەمریکا و ئیسرائیل دابین ناکەن.

ئاستی دووەم: پێشێلکارییە مرۆییەکانی هەردوو دەوڵەت (ئەمریکا و ئیسرائیل) لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەوە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان منداڵ و سەدان مرۆڤی بێتاوان.

ئاستی سێیەم: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخان و دامەزراوە مەدەنییەکانی وڵاتانی کەنداو، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پاڵپشتیی سەربازییەوە نییە.

غەیلانی پێیوایە ئێران بە هێرشکردنە سەر دراوسێکانی لە کەناراوەکانی کەنداو، تووشی "هەڵەیەکی دوو لایەنە" بووە: ١. لەدەستدانی پێگەی ڕەوشتی: ئەو پێگەیەی کە خۆی لە بنەڕەتدا بەرەو کەمبوونەوە دەچوو. ٢. بەهێزکردنی ترسی "مەترسیی ئێران": ئەو چەمکەی کە ئەمریکا دایڕشت و ئیسرائیل وەک پاساوێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بەکاری هێنا. بە وتەی ئەو، "تاران بەم هێرشانە متمانەیەکی سیاسی دەداتە ئەو چەمکە و ئەو برینەی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو قووڵتر دەکات کە لە دوای شۆڕشی ئێرانەوە بە کراوەیی ماوەتەوە."

* لەمبارەیەوە، رائید ئەبو بەدەوییە، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی عەرەبی-ئەمریکی، جەخت دەکاتەوە کە: "هەمان بنەما سەرەکییەکان بەسەر هەموو لایەنەکاندا جێبەجێ دەبن؛ لەوانە بنەمای جیاکردنەوەی ئامانجی سەربازی لە مەدەنی، بنەمای هاوسەنگی لە نێوان زیانە مەدەنییەکان و دەستکەوتە سەربازییەکان، لەگەڵ بنەمای پێویستیی سەربازیی کە دەبێت هەر هێرشێک بۆ سەر شوێنە مەدەنییەکان پاساو بدات."

هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دژی ئێران و سوودەکەی چییە؟

سەرۆكی ئەمەریكا گرنگیی بە یاسای نێودەوڵەتی نادات و هەوڵدەدات «پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکان» بە شتێک جێگۆڕکێ بکات کە ناوی ناوە «ئەنجومەنی ئاشتیی جیهانیی»، قسەکردن لەسەر هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ڕەنگە لەلای هەندێک بێسوود دەربکەوێت چونكە ترەمپ بە ئاشکرا دروشمی «بەدەستهێنانی ئاشتیی لە ڕێگەی هێزەوە» بەكاردەهێنێت.

ئەمریکا دەیەوێت وا نیشانی جیهانی بدات كە هێزێکی بێوێنەیە وسەرداری جیهانە و ناکرێت لە ڕووی سەربازییەوە ڕووبەڕووی بیتەوە، ئەمەش وایکردووە هەندێک کەس پێیان وابێت باشترە سازش بۆ مەرجەکانی بکرێت.

لە بەرامبەر ئەمەدا، پرسیار گەلێک سەبارەت بەوە دروست بووە کە ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چووەتە قۆناغی «باڵادەستیی و سەروەریی ئەمریکی»یەوە کە تەنها پشت بە لۆژیکی هێز دەبەستێت نەک یاسا نێودەوڵەتیەکان؟

لە حاڵەتی پەرەسەندنی ناکۆکییەکان بۆ ئاستی هەڕەشەی سەربازیی و گوشارەکان، وەک ئەوەی لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا دەگوزەرێت، پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکان (بەپێی ماددەکانی 33 بۆ 38ی بەشی شەشەم) چارەسەری ناکۆکییە نێودەوڵەتیەکانی بە ڕێگەی ئاشتییانە داناوە و هێرشی سەربازیی قەدەغە كردووە.

بەپێی بڕگەی چوارەمی ماددەی دووەمی پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکان، «بەکارهێنانی هێز یان تەنها هەڕەشەکردن پێی» بە پێشێلکردنی شەرعیەتی نێودەوڵەتی دادەنرێت.

سەبارەت بەو دوو حاڵەتەی کە یاسای نێودەوڵەتی ڕێگە دەدات هێز بەکاربهێنرێت، هیچ کامێکیان لە ناکۆکییەکەی ئەمریکا و ئێراندا بوونیان نییە:

١. مافی شەرعییەتی بەرگریكردن لە خۆت(ماددەی 51): ئێران دەستدرێژی نەکردووەتە سەر ئەمەریکا و هیچ هێرشێکی سەربازییشی بۆ سەر لایەنی هاندەری سەرەکیی ئەم هەڕەشانە (ئیسرائیل) ئەنجام نەداوە. هەروەها تێزی «بەرگری پێشوەختە» لە یاسای نێودەوڵەتیدا دانپێدانراو نییە.

٢. بەشی حەوتەمی پەیڕەوەکە (ماددەی 39): بەکارهێنانی هێز تەنها لە حاڵەتی هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی جیهانیی و بە بڕیاری «ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی» دەبێت، نەک بە ویستی تاکلایەنەی ئەمەریکا یان ئیسرائیل.

بەپێی بڕیاری ژمارە 3314 ساڵی 1974 نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو هەڕەشە و جموجۆڵە سەربازییانەی ئەمەریکا وەک جۆرێک لە «دەستدرێژیی سەربازیی» (Aggression) دادەنرێت وبەپێی سیستەمی بنەڕەتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، تاوانە.

سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل مێژوویەکیان لە پابەندنەبوون بە یاسای نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام ئەمە بە واتای هەڵوەشاندنەوەی یاسای نێودەوڵەتی نایەت. بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە:

- هەموو دانوستانەکان (لە مەسقەت، ژنێڤ، یان هەر شوێنێکی تر) لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا بەڕێوەدەچن. ئێران بە ئاشکرا جەخت لەسەر پابەندبوون بە مافە ڕەواکانی خۆی دەکاتەوە کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا چەسپێنراون.

- ئێران رەتکردنەوەی مەرجەکانی ئەمەریکا بەوە دادەنێت کە ناکۆکن لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا، لەوانە مافی بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی (بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیی ساڵی 1968) و بەرنامەی مووشەکی، کە وەک بەشێک لە سەروەریی نیشتمانی خۆی دەیانبینێت.

ترسی وڵاتانی ئەوروپا لە بەردەوامی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وڵاتە ئەوروپییەکان تا ڕادەیەکی زۆر خۆیان لەو جەنگە پاراست وبەشێوەی ڕاستەوخۆ تێوە نەگلان، ئەمەش لەبەرئەوەی ترسێکی دوورمەودایان هەبوو، وە پێیان وابوو فرەوانبوونی جەنگەکە و پەرەسەندنی هێرشەکان بە تەنیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورت نابێتەوە، بەڵکو ئەگەری زۆرە ئەوانیش بگرێتەوە و بیانخاتە بەردەم قووڵایی ئاڵنگارییەکانی تەناهی، سیاسی، ئابووریی و وزە و لەم بارەیەوە ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار ببنەوە.

ترسی فەرەنسا، بەریتانیا كە هەژموونی هەرێمیی و کیشوەرییان هەیە، تەنیا پەیوەست بە ئاسایشی ئەوروپا خۆیەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانیان لە بوارەکانی ئاسایشی وزە، سەقامگیریی ڕێڕەوە بازرگانییە ناودەوڵەتییەکان و ئاسایشی هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەی کەنداو،  هاوکات هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپایی لەسەر دوو ئاست هەوڵی ڕێگرتنیان لە پەرەسندنە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە دا. لە لایەک لە ڕێگەی پێوەندییە دیپلۆماسییەکان و لە لایەکی دیکە لە میانی پێشکێشکردنی هاوکارییە سەربازییەکانیان لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە ناوچەکەدا.

هەڵوێستی ئەم جارەی ئەورووپا لە دژی جەنگەکە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە یەکەم هەنگاو بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز یان هاوپەیمانێتییەكی نوێ لە نێوان وڵاتانی ئەوروپیی و جیهاندا دادەنرێت، لە بارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانەوە ڕێگە و هەنگاوێکی جیاواز لە ئەمریکا بگرنەبەر، کە بەمەیش چاوەڕوانکراوە کاریگەریی بکاتە سەر هاوپەیمانیی ئەتڵەنتیك (ناتۆ) و درز بکەوێتە نێوان ئەندامەکانی بە تایبەتتر کە ئەمەریکا.

لە میانی جەنگەکە وەها دەرکەوت كە بەریتانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا زۆر نیگەرانن و زوو زوویش لە پەیام و وتارەکانیدا بە ئاشکرا و نهێنی، سەرکۆنەیان دەکرد. ئەم جەنگە و دەرکەوتنی جیاوازیی بۆچوونی ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەورووپاییەکانی لە ناتۆ، بە تێپەڕبوونی کات زیان بە پێوەندییەکانیان لەسەر ئاستی هاوکارییە سیاسی، دیپلۆماسی، هەواڵگریی، ئەمنی و سەربازییەکانیان دەگەیەنێت.

ململانێ و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، یەکێکە لە تاقکردنەوە سەختەکانی بەردەم ئەوروپا و بەربەست و گرفتێكی قورسە بۆ پاراستنی بەژەوەندییە ستراتیژییەکانی لە ناوچەكەدا. ڕوونە ئەوروپا وەکو کیشوەر ڕاستەوخۆ کاریگەریی و لێکەوتەکانی ئەم جەنگە لەسەر ئاسایشی وزە، سەقامگیریی بازاڕە جیهانییەکان و ئاسایشی هاوپەیمانەکانی لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست لە ناویشیاندا ئاسایشی وڵاتانی کەنداو کە خاوەنی وزە و ڕێڕەوی ئاویین. ناوەند و دامەزراوە ئەوروپاییەکان بەردەوام جەخت دەکەنەوە، ئاسایشی کەنداو بە ئاسایشی خودی ئەوروپاوە بەستراوەتەوە، چونکە تێکچوونی بارودۆخی ئەم ناوچە کاریگەر و هەستیارە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووریی ئەوروپا دەبێت. بۆیە بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا سەرنجیان بۆ ئەوە ڕاکێشاوە، سەقامگیریی کەنداو "کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیریی ئابووریی جیهان." ڕاستییەکەی ئەم بۆچوون و سەرنجەیان بەڵگەیە لەسەر قووڵیی پەیوەندیی نێوان ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەوروپا.

 

ئەنجام

ئەو مەرجانەی ئەمەریکا و ئیسرائیل وەک بیانوو بۆ بەکارهێنانی هێز دژی ئێران لە حوزەیرانی 2025 بەکاریان هێنا، و ئێستاش لە هەڕەشەکانیاندا دووبارەی دەکەنەوە، هیچ بنەمایەکیان لە یاسای نێودەوڵەتیدا نییە، بەڵکو تەنانەت پێچەوانەی یاساکانن. ئەم مەرجانە تەنها پشت بە "هاوسەنگیی هێز" و پڕۆژەی "باڵادەستیی ئەمریکا" لە ناوچەکە دەبەستن، ئەمەش ئەو شتەیە کە ئێران بە تەواوی ڕەتی دەکاتەوە.
بە کورتیی، ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ڕێگەی پشتگوێخستنی ڕۆڵی ئەنجومەنی ئاسایش و خۆبەدوورگرتن لە بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵ دەدەن لۆژیکی "هێز" جێگەی "یاسا" بگرێتەوە، ئەمەش بە هەموو پێوەرێکی یاسای نێودەوڵەتی، پێشێلکارییەکی ئاشکرایە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین