وەزارەتی کارەبا داشکاندنی بە ڕێژەی (%50)ـی بۆ قەرزی کۆنی کارەبا ڕاگەیاند کوردستانی

نوچە نێت:

وەزارەتی کارەبا بڕیارێکی داشکاندنی بە ڕێژەی (%50)ـی بۆ قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، کە لە نێوان (3)ـی ئاب تا (10)ـی ئەیلوولی (2026)، جێبەجێ دەکرێت.

ڕۆژی سێشەممە (2026/07/28) وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕوونی کردووەتەوە، داشکاندنەکە تەنیا قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی دەگرێتەوە و پارەی پسوولەکانی ڕووناکی ناگرێتەوە. بۆ سوودمەندبوون لەم داشکاندنەش، هاوبەشان پێویستە بەیەکجاری تەواوی بڕی داشکێندراوی قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی بدەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، وەک بەشێک لە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم داشکاندنە، پارەدانی کارەبا لە ڕێگەی (ئی-پسوولە) و هۆبەکانی فرۆشیاری وزە بۆ ماوەیەکی کاتی لەنێوان، (30) تەمووز بۆ (3)ـی ئاب بەردەست نابێت.

هاوکات وەزارەتی کارەبا جەختی کردووەتەوە، ئەمە دوایین جارە داشکاندن بۆ قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی ئەنجام بدرێت، کە تێیدا هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی و دەرەوەی ڕووناکی دەتوانن بەم ڕێژانە سوودمەندبن، (50٪) داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە تەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناکی و کۆتاییهێنان بە قەرزە کۆنەکانی پێش ڕووناکی، هاوبەشان پێویستە پابەندبن بە دانەوەی ئەم قەرزانە. ئاماژە بەوەش کراوە، وەزارەت ئاسانکاریی دەکات تاوەکو لە ڕێگەی ئەم داشکاندنە یەکجارییە یارمەتیی هاوبەشان بدات، بتوانن قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی بدەنەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین