پەیامی سەرۆك بارزانی: ڕژێمی پێشوو بە شێوازێکی نامرۆڤانە هەشت هەزار بارزانی کۆمەڵکوژکرد کوردستانی

نوچە نێت:

لە پەیامێکدا سەرۆک بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی تاوانی ئەنفاڵکردنی بارزانییان دەڵێت، "ڕژێمی پێشووی عێراق هەشت هەزار پیاوی گەنج و پیری بارزانی، تەنیا لەبەر بارزانیبوون و کوردبوون و بە بیانووی بێ بنەما دەستبەسەر کرد و دوای ڕاگواستنیان، بە شێوازێکی نامرۆڤانە لە بیابانەکانی باشووری عێراق کۆمەڵکوژی کردن."

ڕۆژی هەینی (2026/7/31) سەرۆک مسعود بارزانی لە پەیامێکی بەبۆنەی تێپەربوونی چل و سێ ساڵ بەسەر تاوانی جینۆسایدی و ئەنفاڵکردنی بارزانییان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، " جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی مادی و مەعنەویی سەرجەم ئەو تاوان و ستەمانە بکاتەوە کە لە سەدەی ڕابردوودا دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراون."

هەروەها هەر لەو پەیامەیدا سەرۆک بارزانی دەڵێت، "پێزانینم بۆ خۆڕاگریی بێوێنەی کەسوکاری ئەنفالکراوان، بە تایبەتی ئەو دایک و ئافرەتە بەهێز و خۆڕاگرانەی بارزانی هەیە کە ساڵانێکی زۆر، ئازاری دووری و لەدەستدانی ئازیزانیان چەشت."

 

دەقی پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

تاوانی ئەنفالی بارزانییەکان لە 31ی تەمووزی 1983، بەشێک بوو لە دەستپێكی زنجیرە تاوانێکی ڕێکخراو، لە بێسەروشوێنکردنی دوازدەهەزار گەنجی کوردی فەیلی، تا شاڵاوەکانی ئەنفالی گەرمیان و بادینان، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستان، تەعریب و ڕاگواستن و دەیان تاوانی نامرۆڤانەی تر كە بە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامە و شکاندنی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلەكەمان لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون. لە ئەنفالی بارزانییەکاندا، ڕژێمی پێشووی عێراق هەشت هەزار پیاوی گەنج و پیری بارزانی، تەنیا لەبەر بارزانیبوون و کوردبوون و بە بیانووی بێ بنەما دەستبەسەر کرد و دوای ڕاگواستنیان، بە شێوازێکی نامرۆڤانە لە بیابانەکانی باشووری عێراق کۆمەڵکوژی کردن.

جێگەی داخێکی زۆرە، تا ئێستاش برینی هیچ یەکێک لەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانە ساڕێژ نەکراون. لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی مادی و مەعنەویی سەرجەم ئەو تاوان و ستەمانە بکاتەوە کە لە سەدەی ڕابردوودا دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراون.

لە چل و سێیەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا سوپاسی جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران دەكەم كە لەو ساتە پڕ لە ئازارانەدا هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. پێزانینم بۆ خۆڕاگریی بێوێنەی کەسوکاری ئەنفالکراوان، بە تایبەتی ئەو دایک و ئافرەتە بەهێز و خۆڕاگرانەی بارزانی هەیە کە ساڵانێکی زۆر، ئازاری دووری و لەدەستدانی ئازیزانیان چەشت، بەڵام سەریان دانەنواند و هەزاران ڕۆڵەی سەربەرز و نیشتیمانپەروەریان پێگەیاند.

لەم یادە دڵتەزێنەدا، سڵاو بۆ گیانی پاکی بارزانییە ئەنفالكراوەكان و سەرجەم شەهیدانی ئەنفال و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان دەنێرین.

مسعود بارزانی

31ی تەممووزی 2026

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین