مەسرور بارزانی: تاوەکو ئێستا (3) هەزار و (500) ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگارکراون کوردستانی

نوچە نێت:

لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی جینۆسایدی ئێزیدی و کۆمەڵکوژیی شنگالییەکان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێبکات بۆ ئەوەی سەقامگیری و دۆخی ئاسایی بۆ شنگال بگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (3/8/2026) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە (12)یەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان و کۆمەڵکوژیی شنگالدا ڕایگەیاند، لەم ڕۆژەدا گەورەترین تاوان بەرامبەر خوشک و برا ئێزدییەکان کراوە، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان چاومان لەوەیە ئەنجامدەرانی تاوانەکە بە سزا بگەیێندرێن، وەک چۆن سەرۆک بارزانی بەڵێنیدا تۆڵەی ئێزدییەکان لە داعش بکاتەوە؛ بەڵێنی خۆشی بردەسەر و شنگال ئازادکرا.

مەسرور بارزانی لەبارەی ئەو کەسانەی لەدەستی داعش ڕزگارکراون، ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا (3) هەزار و (500) ئێزدی ڕزگارکراون و سوپاسی هاوپەیمانانیشی کرد بۆ پشتیوانیکردنیان لە ئێزدییەکان، ئێمەش ئەوەی لە تواناماندا بووبێت بۆ ئێزدییەکانمان کردووە و بەردەوامدەبین لەوەی هەرچۆنێک هاریکاریی زیاتری ئێزدییەکان بکەین، دەبێت هەموولایەک دڵنیا بن ئێمە تاوانی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکانیان بیرنەچووە.

سەرۆکی حکومەت لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێبکات بۆ ئەوەی سەقامگیری و دۆخی ئاسایی بۆ شنگال بگەڕێتەوە، چونکە هەموو هیوامان ئەوەیە، ئێزدییەکان بەسەربەرزی بگەڕێنینەوە زێدی خۆیان و هەموو هەوڵێک دەدەین ڕێگە لە گەڕانەوەی تیرۆر بگرین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە