هەسەدە: هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزەکانمان لەگەڵ سوپای سووریا دیاری نەکراوە کوردستانی

نوچە نێت:

گوتەبێژی هێزەکانی "هەسەدە" ڕایگەیاند، بەگوێرەی ڕێکەوتنی ساڵی (2025) پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانمان لەگەڵ سوپای سووریا بەردەوامە، بەڵام بەهۆی پێویستیی ئامادەکردنەوەی لیوا سەربازییەکان تاوەکو ئێستا هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی دیاری نەکاراوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە، مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، پەرۆشن بۆ ئەوەی پڕۆسەی یەکگرتنەوە بە خێرایی تەواو بکەن.

ڕۆژی چوارشەممە (2026/08/05) مەحمود حەبیب، گوتەبێکی هێزەکانی باکووری سەر بە "هەسەدە" بە کەناڵی "الحدثی" ڕاگەیاند، پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەناو سوپای سووریادا بەگوێرەی قۆناغی دیاریکراو و داڕێژراو بەڕێوەدەچێت. هەروەها گوتیشی، وەک هەنگاوێکی کردەیی، تاوەکو ئێستا چەندین سەرکردەی سەربازی لە چوارچێوەی ئەم پڕۆسەی تێکەڵکردنەدا لە ئەرکە نوێیەکانیان دەستنیشان کراون.

ئەم گوتەبێژە سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی جێبەجێکردنی تەواوەتی پڕۆسەکە، ڕایگەیاند، ئەمە پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە بۆ ئامادەکردنەوە و ڕێکخستنەوەی لیوا سەربازییەکان. جەختیشی لێ کردەوە کە هیچ خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو قۆناغەکان بوونی نییە، چونکە پڕۆسەکە پەیوەستە بە تەواوبوونی ئامادەکارییە تەکنیکی و سەربازییەکانەوە.

حەبیب ئاماژەی بەوەشکرد و دەڵێت، هەریەکە لە مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، پەرۆشییەکی زۆریان هەیە بۆ ئەوەی پڕۆسەی تیکەڵکردنی هێزەکان لە زوترین کاتدا کۆتایی پێ بهێندرێت و هەموو بڕگەکانی ڕیککەوتنەکە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێن.

جێگەی ئاماژەپێدانە، ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی ئەو ڕیککەوتنە جێبەجێ دەکرێت کە لە (10)ـی ئاداری (2025)، لەنێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، واژۆ کراوە. کە ڕێکەوتنەکە دەقێکی ڕوونی تێدایە بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە سوپای سووریا و ڕادەستکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان. هەروەها تێیدا، دەوڵەت دانی ناوە بە کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی وڵات، کە گەرەنتی مافە دەستوورییەکان و ناساندنی زمانی کوردی کردوە کە دواتر بە ڕێککەوتنێکی دیکە لە سەرەتای ئەمساڵدا هەموار کرایەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین