مەسرور بارزانی: نامانەوێت ببینە بەشێک لە ململانێکان کوردستانی

نوچە نێت:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر لەسەر ئاڵۆزییەکان و ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا و هێرشە مووشەکییەکان دەخاتە ڕوو. هەروەها گوتیشی، نامانەوێت ببیینە بەشێک لە ململانێکانی ناوچەکە

ڕۆژی شەممە (2026/08/08) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی "ئەلجەزیرە" ڕایگەیاند، هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە و دۆسیەی سیاسەتی دەرەوە لە تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی حکومەتی فیدراڵییە.

مەسرور بارزانی جەختیشی لەوە کردەوە، کە هیچ لایەنێک فشاری لەسەر هەرێمی کوردستان دروست نەکردووە بۆ چوونە ناو شەڕەوە و نامانەوێت ببینە بەشێک لە ململانێکانی ناوچەکە, "تاکە ئامانجی حکومەتی هەرێم، پاراستنی کیانی هەرێمی کوردستان و هێشتنەوەیەتی بە دوور لە هەر ئاڵۆزی و ناکۆکییەک".

هەروەها سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەکرد، کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ دەیمەشق هەیە و پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیاش لە ئاستێکی زۆر باشدان و هاریکاریی بەردەوام لەنێوانیاندا هەیە.

لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەی لەگەڵ کەناڵی "الجەزیرە"، مەسرور بارزانی، باسی لە دۆخی ئەمنیی کرد و ئاماژەی بەوە دا، تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆن بووەتەوە، کە ئەو هێرشانە یان ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە دێن، یان لە ناوخۆی عێراقەوە لە ڕێگەی هەندێک گروپی چەکدارەوە ئەنجام دەدرێن.

سەرۆکی حکومەت ڕوونیشی کردەوە، پشتگیری لە هەنگاوەکانی حکومەتی فیدراڵ دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک تەنیا لەدەستی هێزە فەرمییەکاندا؛ هاوکات جەختیشی کردەوە کە ماوەی (10) ساڵە هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی هەریردا بوونی نەماوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین