هەولێر و بەغدا لەسەر سیستەمی ئەسیکۆدا ڕێککەوتن کوردستانی

نوچە نێت:

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگی ئەسیکۆدا لەگەڵ بەغدا و دابەشکردنی داهاتەکەی ئاشکرا دەکات. هەروەها ڕەخنە لە بەغدا دەگرێت بۆ نەدانی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان.

ڕۆژی سێشەممە (2026/08/11) ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا کراوە.

هەروەها ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا، کە دوا خاڵی ناکۆک دابەشکردنی داهاتی خاڵە سنوورییەکان بوو کە بەپێی دەستوور بڕیار درا بە ڕێژەی، (50%) بۆ هەولێر و (50%) بۆ بەغدا بێت، ئەمەش کار ئاسانیی تەواو بۆ بازرگانان دەکات. هەروەها جەختیشی کردەوە کە پێویستە کۆتایی بەو بازگە نایاسایی و نادەستوورییانە بهێندرێن کە لە نێوان شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دانراون و باجی نایاسایی لە خەڵک وەردەگرن.

سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان، وەزیری ناوخۆ ڕوونی کردەوە، ڕاپۆرتێکی وردیان پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ کردووە، بەڵام بەغدا تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ قەرەبووکردنەوەیان نەناوە و تەنیا بەڵێنیان داوە.

لەسەر پرسی بەرهەمهێنانی نەوتیش، وەزیری ناوخۆ هۆکارەکەی بۆ ئەو هەڕەشانە گەڕاندەوە کە لە ناو خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر هەرێم و داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە سنوورێک بۆ ئەو هەڕەشانە دابنێت. هاوکات ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆدان تاوەکو کۆمپانیاکان خۆیان سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و دژە درۆن بهێنن و بە هەماهەنگیی هاوبەش کیڵگە نەوتییەکان بپارێزرێن.

ڕێبەر ئەحمەد لە لێدوانەکەیدا، ئاماژەی بە گۆڕانکاریی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد و جەختی کردەوە کە لە قۆناغی داهاتوودا پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دەبێتە پەیوەندییەکەی دووقۆڵی بەپێی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین