داوای ڕێکاری بەپەلە بۆ چارەسەری قەیرانی بەنزین لە هەرێمی كوردستان دەکرێت کوردستانی

نوچە نێت:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ نووسراوێک ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکرێت، کە تێیدا داوای زیادکردنی بڕی نەوتی خاو بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (13/8/2026) پاش ئەوەی نووسراوێک لەلایەن پەرلەمانتارانی عێراقەوە بۆ زیادکردنی پشکی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر کرا، سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بە فەرمی ئەو نووسراوە لەلایەن فەرهاد ئەتروشی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران دەکرێت بۆ بڕیاردان لە بارەیەوە، نووسراوەکە لەلایەن سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ئامادەکراوە و تاوەکو (12)ی ئاب (169) پەرلەمانتار واژۆیان کردووە و لەنێو ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆشیان کردووە؛ پەرلەمانتاری شیعە و سوننە، فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانى تێدایە.

لەم نووسراوەی کە ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە، داوا دەکرێت پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە (50) هەزار بەرمیلەوە زیاد بکرێت بۆ (140) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە شێوەیەک کە لەگەڵ ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بگونجێت، هەروەها داواش کراوە کە رێکاری بە پەلە بگیردرێتە بەر بۆ چارەسەری قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان و پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی زیاد بکرێت، یان بە بەنزین قەرەبوو بکرێتەوە بەو بڕەی کە پێویستە

هاوکات سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی سەبارەت بە واژۆکردنی نووسراوەکە ئاشکرای کرد، بەو پێیەی داواکارییەکە لە بەرژەوەندیی خەڵکە، ئێمەش واژۆمان لەسەر کردووە، هەروەها بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2025) لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کراوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی پەسندی کردووە، رۆژانە (50) هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بەکار دەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی بەنزین و نەوت و پێکهاتەی دیکە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین