سەرۆک بارزانی: ئەرکی سەرەکیی پارتی خزمەتکردنی گەلی کوردستانە کوردستانی

نوچە نێت:

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی یادی دامەزراندنی پارتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەرکی سەرەکیی پارتی خزمەتکردنی گەلی کوردستانە و هیچ کۆسپ و ئاستەنگێک ناتوانێت ڕێگر بێت لەبەردەم ئەو ئەرکەدا.

ڕۆژی یەکشەممە (2026/08/16) سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی یادی (16)ـی ئاب، پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدان، پێشمەرگە و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات.

لە پەیاماکەیدا، سەرۆک بارزانی ئاماژە بە مێژووی دامەزراندنی پارتەکەی دەکات و دەڵێت، "پارتی لەپێناو گەڕاندنەوەی هیوا و هێز بۆ گەلی کوردستان لە سەردەمێکی سەخت و دژواردا دامەزرا". هەروەها گوتیشی، "پارتی قوتابخانەی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕانی کوردستان بووە و لە هەموو قۆناغەکاندا بەرگریکارێکی سەرسەختی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بووە".

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پارتی بڕوای پتەوی بە پێکەوەژیان، برایەتی و تەبایی نێوان هەموو پێکهاتەکان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق هەیە و دەشڵێت، "پرەنسیبی هاوبەشی و ڕێزگرتن لە دەستوور بە زامنی سەقامگیری، ئارامی و بووژانەوە لە هەموو عێراقدا دەزانێت".

سەرۆک بارزانی بۆ جەماوەر و پارتەکەی ڕایگەیاند، "پارتی سەرچاوەی هێزی گەلی کوردستانە؛ ئەرکی سەرەکیی پارتی خزمەتکردنی گەلی کوردستانە و پشت بە خوای گەورە و ئیڕادە و هیمەتی ئێوە و هەموو خەڵکی کوردستان، هیچ کۆسپ و ئاستەنگێکی ناتوانێت ڕێگر بێت لەبەردەم ئەم ئەرکە پیرۆزەدا".

هاوکات هەر لە پەیاماکەیدا، سەرۆک بارزانی یادی ئەو شەهید، پێشمەرگە و تێکۆشەرانە بەرز ڕادەگرێت کە لە خەباتی پارتیدا قوربانییان داوە و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی کادیران و جەماوەری پارتەکەی دەردەبڕێت و دەڵێت، "لە هەموو بارودۆخێکدا پشتیوانی پارتەکەیان بوون و مێژوو و شانازییان بە گەلەکەیان تۆمار کردووە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین