كاتی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی یەپەگە و هەسەدە ڕاگەیێندرا کوردستانی

نوچە نێت:

بەرپرسێکی باڵا هەڵوەشاندنەوەی پارتی پاراستنی گەل و هەسەدەی ڕاگەیاند و گووتیشی، بڕیارە لە دەستووری نوێی سووریادا مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان بپارێزرێت، بۆیە چیتر پێویستمان بە قەوارەی خۆبەڕێوەبەری نییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (16/8/2026) مەحموود بەرخودان، بەرپرس لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کۆبانێ ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵوەشاندنەوەی هەریەک لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هەسەدە رادەگەیەنین و چیتر قەوارەیەک بە ناوی خۆبەڕێوەبەرییەوە نامێنێت، چونکە ئێستا دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق بۆ تێکەڵبوونەوەی سەربازی گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و (99%)ی کێشەکان چارەسەر کراون و نزیکەی (10) بۆ (12) هەزار شەڕڤان تێکەڵ بە سوپای سووریا بوون و پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی دامەزراوە گشتییەکان و بیرە نەوتەکان بە دیمەشق لە قۆناغی کۆتایی دایە.

مەحموود بەرخودان گووتیشی، بڕیارە لە دەستووری نوێدا مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بپارێزێت و ڕێز لە مافەکانیان بگیرێت. جێگای ئاماژەیە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پێشەنگایەتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ساڵی (2015) دامەزرا و کۆنترۆڵی ناوچەیەکی بەرفراوانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریای کرد. لە ماوەی رابردوودا ئەم هێزانە بە پاڵپشتیی ئەمریکا شەڕی چەکدارانی داعشیان کرد و قەوارەی خۆبەڕێوەبەرییان ڕاگەیاند.

هاوکات دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و دەستپێشخەرییەکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە ناوخۆی تورکیا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، گوشارێکی زۆر کەوتە سەر هەسەدە بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، ئەمەش پێشهاتێکی نوێیە و دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ دەستیپێکرد کە بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی سووریا و کۆتاییهێنان بە فرەیی هێزە چەکدارەکان هاتبووە ئاراوە. بۆیە ئێستا هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزانە وەک هەنگاوێک دەبینرێت بۆ گێڕانەوەی سەروەریی تەواوەتی بۆ سووریا لە چوارچێوەی یەک سوپا و یەک وڵاتدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین