جێگری پارێزگاری حەسەکە: پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر هەنگاوی گەورەیان بڕیوە کوردستانی

نوچە نێت:

پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە قۆناغێکی پێشکەوتوو دایە و جێگری پارێزگاری حەسەکەش دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر نزیکە چونکە ڕێکارەکانی پڕۆسەکە هەنگاوی گەورەیان بڕیووە.

ئەمڕۆ دووشەممە (17/8/2026) ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە و وتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی ڕاسپێردراو بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و مەدەنییەکان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، بۆیە دەتوانم بڵێم هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە نزیکبوونەوەدایە و تا ئێستا قۆناغە سەختەکانیان تێپەڕاندووە و لە ڕووی ڕێکارە جێبەجێکارییەکانەوە لەسەر ئەرزی واقیع هەنگاوی گەورەیان بڕیوە.

جێگری پارێزگاری حەسەکە ئاشکراشی کرد، کە لە ماوەی ڕابردوودا کارمان لەسەر چارەسەرکردنی بەشێک لە ئاڵەنگارییەکان کردووە، کە دیارترینیان دۆسیەی دادوەری بووە، بۆیە ئێستا ئامادەباشی زۆرباش بۆ پڕۆسەی تێکەڵکردنەکە کراوە و ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆسەر زۆر نزیک بووەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان هەندێک لە دۆسییەکان ماون کە کاریان لەسەر بکرێ، لەم بارەیەوە نوورەدین ئەحمەد پارێزگاری حەسەکە گرنگترین ئەو دۆسیە بەجێماوانەی ئێستا کاریان لەسەر دەکرێ ڕایدەگەیێنێت، وەک: گەڕانەوەی ئاوارەکان، دۆسیەی زمان و پرۆگرامی خوێندن، کاراکردنی سیستمی دادوەری، دانان و دامەزراندنی تایبەت بە شارۆچکە و شارەوانییەکان.

پارێزگاری حەسەکە گووتیشی، پرسەکانی دیکەی کە هێشتا تەواو نەکراون، وەک شتێکی مسۆگەر سەیر دەکرێن، ئەویش دوای تەواوکردنی هەنگاوە بنەڕەتییەکانی ئامادەکاری و بەدەستهێنانی پێشکەوتنی ئەرێنی لەو خاڵانەی ئاماژەیان پێدراوە. هەروەها سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵ و جووتیارانی حەسەکە، بەتایبەتی میکانیزمی دابەشکردنی پارەی گەنم بە قیست، پارێزگاری حەسەکە ئاماژەی بەوە دا، کە ئەوان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە و گووتی، ئێستا ئێمە گوشار دەکەین بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی جووتیاران بدرێ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین