فراکسیۆنی پارتی دوای بایکۆتێکی درێژخایەن بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات کوردستانی

نوچە نێت:

دوای گەڕانەوەی فڕاکسیۆنی پارتی و شكاندنی بایكۆت بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک پرسی سەرەکی تاوتوێ دەکرێن و سەرۆکایەتیی (14) لیژنە هەمیشەییەکەش بەسەر لایەنەکاندا دابەشدەکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە (19/8/2026) حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆمەڵێک پرسی سەرەکی تاوتوێ دەکرێن، دیارترینیان دابەشکردنی سەرۆکایەتیی (14) لیژنە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەن دەبێت و فڕاکسیۆنی پارتیش دوو لیژنەی بەردەکەوێ، شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجوومەن دەبێتە سەرۆکی یەکێک لە لیژنەکان و لیژنەکەی دیکەش من سەرۆکایەتیی دەکەم. 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گووتیشی، ژمارەی لیژنەکان وەک خۆی (14 لیژنە) دەمێنێتەوە و هیچ لیژنەیەک زیاد و کەم ناکات، کە بریتین لە: لیژنەی نەوت و گاز، لیژنەی پەروەردە، لیژنەی دارایی، لیژنەی پڕۆژەکان، لیژنەی ئاسایش و بەرگری، لیژنەی خزمەتگوزارییەکان، لیژنەی یاسایی، لیژنەی کشتوکاڵ، لیژنەی پەیوەندییە گشتییەکان، لیژنەی مادەی (140)، لیژنەی هاوسەنگی، لیژنەی دەستپاکی، لیژنەی وەرزش و لاوان، لیژنەی کاروباری ژنان.

هاوکات محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئاماژەی بەوە دا، کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هیچ لیژنەیەک زیاد ناکرێ، تەنیا گۆڕانکاری لە شێوازی لیژنەکان و ئەرکەکانیاندا دەکرێ، ئەندامانی لیژنەکانیش دیاریکراون و دەنگدانی لەسەر ناکرێ. جێگای ئاماژەیە کە ئەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ رێکخستنەوەی لیژنەکان دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی (28)ی تەممووزی (2026)، فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای بایکۆتێکی درێژخایەن کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکی خایاند، گەڕایەوە نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین