تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ و ژمارەیەک بەرپرسی ئیسرائیل دەرکرد تورکیە

نوچە نێت:

دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی لە سووریا، بەبڕیاری وەزیری دادی تورکیا دادگای ئەستەنبۆڵ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ناتانیاهۆ و (34) بەرپرسی دیکەی ئیسرائیلی دەرکرد.

ڕۆژی هەینی (2026/8/21) ماڵپەڕی (جمهوریەت) بڵاوی کردەوە، ئەکن گورلەک وەزیری دادی تورکیا لە تۆری کۆمەڵایەتی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دادگای تاوانەکانی ئیستەنبۆڵ فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و (34) بەرپرسی دیکەی ئیسرائیل دەرکرد.

گورلەک سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی ئەو فەرمانە لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، "دەرکردنی ئەو فەرمانە لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە رێگریکردن بووە لە "گەشتیگەلی خۆراگری" کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بەڕێوەبووە بەرەو کەرتی غەززە، بەڵام لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیل رێگریی لێکرا و بەشێک لە ئەندامانی سەر کەشتییەکە دەستگیر کران."

وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، داوامان لە وەزارەتی ناوخۆیی تورکیا کردووە بۆ ئەوەی پرۆسەی بەرزکردنەوەی داوای دەستگیرکردنی ناتایانیاهۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستپێبکەن، چونکە تۆمەتبارە بە تێوەهگلان لە کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە.

هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، سوپای ئیسرائیل (18)ـی ئەم مانگە بەبیانووی بوونی هێزەکانی تورکیا لە سووریا هێرشیکردە سەر بنکەی ئەبوو زوهور لە سووریا، لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گووتی، ڕێگەدانی سووریا بە بڵاوەپێکردنی سوپای تورکیا هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتەکەمان دەکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین