جووتیارە کوردەکەی کەرکووک بە سزای پێبژاردن سزا دەدرێت کوردستانی

نوچە نێت:

دوای ئەوەی سەربازێکی عێراقی هەوڵی خنکاندنی کەسێک دەدات، دادگای کەرکووک بە سزای پێبژاردن سزای ئەو کەسە دەدات و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانیش سکاڵای لەسەر تۆمار دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە (23/8/2026) محەممەد ئەمین جووتیارە کوردەکەی گوندی شەناغە ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە دادگەی کەرکووک دادگاییکردنم هەبوو، سەبارەت بەو سکاڵایانەی لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و ئەو سەربازەی (کەڕاڕ شاکر) کە هەوڵی خنکاندمی دا، دژم تۆمار کرابوون، لە سکاڵای یەکەمدا کە سكاڵای سەربازەکەیە، دادگا منی بە تاوانبار ناساند و سزای یەک ملیۆن دینار پێبژاردنی بەسەردا سەپاندم، ئێستاش چاوەڕێی بڕیاری تایبەت بە سکاڵای دووەمم کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە لەسەرم تۆمار کراوە.

کێشەی ئەم جوتیارە کوردە کاتێک دەستیپێکرد کە لە ساڵی رابردوو لە کاتی کێشەی زەویوزار لە گوندی شەناغە، ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە کە تێیدا سەربازێکی عێراقی بە تووندی ملپێچەکەی محەممەد ئەمینی راکێشا و خەریک بوو بیخنکێنێ، ڕاستەوخۆ دوای ئەو ڕووداوەش هەریەک لە محەمەد ئەمین و  سەربازەکە سکاڵایان لەسەر یەکدی تۆمار کرد و محەممەد ئەمین بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کرا.

بە گوێرەی زانیارییەکان ڕیشەی ئەم کێشەیە بۆ پرسی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری کەرکووک دەگەڕێتەوە، هەرچەندە لە (21-01-2025) پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان پەسەند کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی دەستیان پێنەکردووە، سوپای عێراقیش ئەمەی کردووەتە پاساو بۆ ڕێگری لە جووتیارانی کورد لە کێڵانی زەوییەکانیان. ئەم یاسایە پەیوەندی بە زیاتر لە (300) هەزار دۆنم زەوی جووتیارانی کورد و تورکمانەوە هەیە لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بە گوێرەی بڕیارەکانی "ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش" لێیان داگیرکرابوو.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین