گوتەبێژی پارتی: بەمنزیكانە پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە کوردستانی

نوچە نێت:

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، پەیوەندیی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی كوردستان هەیە و بەم نزیکانە کۆدەبنەوە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئامانجی ئەوان کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

ئەمڕۆ شەممە (2026/8/29) مەحمود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، "لە ڕاستیدا ئەم دۆخەی هاتووەتە پێش، ئەرکی سەرشانی هەموو لایەنەکانە، لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی کە خەمی لێ بخۆن و ئەم چەقبەستووییە بشکێت و بەرەو ئاراستەیەکی تر بڕۆین کە ئەم ئاراستەیە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بێت".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتییش مەحمود محەممەد وتی، "لە ڕاستیدا پەیوەندییەکان هەیە و هاتوچۆ هەیە، لەمنزیکانە لە هەفتەی داهاتوودا لەوانەیە کۆبوونەوەی تریش ئەنجام بدرێت و ئەو کاتە دەتوانین باس لەوە بکەین کە چی دەکرێت".

هەروەها وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، ئومێد دەکەن کە نەگاتە ئەوەی بەرەو هەندێک ئامانجی تر بچن کە ئامانجی ئەوان نییە، جەختیشی کردەوە کە ئامانجی ئەوان ئەوەیە هەرچی زووترە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتەبێژەكەی پارتی باسی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکات و ڕایگەیاند، لایانەکانی دیکەش بەشێکن لەم پڕۆسەیە و ئەرکی نیشتمانیی و نەتەوەییشیان لەسەر شانە، بەشێک لەوانە هەوڵی جددیشیان داوە بۆ ئەوەی ئەم کۆبوونەوانە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ئەم چەقبەستووییەی کە هەیە بشکێت و هەوڵەکانیشیان بە تەئکید جێگەی ڕێز بووە و جێگەی خۆشحاڵییە".

هاوكات گووتیشی، هەوڵەکانیان بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن بەردەوامە و کۆبوونەوەکانیش بەردەوام دەبن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین