ئەمەریكا سیستەمی بەرگریی لە تەواوی عێراق دەكشێنێتەوە کوردستانی

نوچە نێت:

ڕاوێژکاری ئەمنیی عەلی زەیدی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت، لایەنی ئەمەریکی ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە پیشان داوە و بەپێی ئەم ڕێککەوتنە کشانەوەی سەرجەم سیستمە بەرگرییەکانیش کە لە هەرێمی کوردستان داندراوە، لەكۆتایی ئەم مانگەدا دەکشێندرێنەوە.

ڕۆژی یەکشەممە (6/9/2026) قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئەمنیی عەلی زەیدی ڕایگەیاند، ڕۆژی (30)ی ئەیلوول، هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بەتەواوی دەکشێنەوە، ئەمەش جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەیە لەنێوان حکومەتی پێشوو و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کراوە، چونکە حکومەتەکەی عەلی زەیدی زۆر پێداگیرە لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەی کشانەوەکە و لایەنی ئەمەریکیش ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و کشانەوە لە وادەی دیاریکراودا دەربڕیوە، ئەم کشانەوەیە تەواوی هێزەکان و سیستمە بەرگرییەکانیش دەگرێتەوە کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتن کراوە.

قاسم ئەعرەجی سەبارەت بە پرسی چەکدانانی گرووپەکان ئاشکرای کرد، کە پڕۆسەی ڕێکخستنی چەک لە قۆناغی دوای کشانەوەکە دەبێت دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێکی گشتگیر دەکرێ بۆ ئەوەی هەموو چەکێک بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئێستاش گفتوگۆکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن و لێکتێگەیشتنی ئەرێنی هەیە. لیژنەی تایبەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیراندا بەردەوامە لە کارەکانی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسیەیە.

ڕاوێژکاری ئەمنیی عەلی زەیدی گووتیشی، کشانەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە سەرجەم سیستمە بەرگرییەکانیش دەگرێتەوە؛ بە گوێرەی زانیارییەکان کشاندنەوەی هێز و سیستمە بەرگرییەکان قۆناخ بە قۆناخ دەستی پێکردووە. (30)ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، وەک وادەی جێگیر و کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و تەواوکردنی کشانەوەی هێزەکانیان دانراوە، کە لە ساڵی (2014)ەوە لەسەر داوای عێراق هاتوونەتە وڵاتەکە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین