تورکیا خەرجییە سەربازییەکانی بە ڕێژەی (%54) بەرز دەکاتەوە تورکیە

نوچە نێت:

لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا تورکیا دەیەوێت کۆی خەرجییە سەربازییەکان بە ڕێژەی (229%) زیاد بکات و بە دیاریکراوی بودجەی هەر ساڵێک بۆ بواری سەربازی لە (%32)ەوە بۆ (%86) بەرز بووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (9/8/2026) جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، حکوومەتی تورکیا لە چوارچێوەی پلانی ئابووریی سێ ساڵە بۆ دیاریکردنی داهات و خەرجییەکانی وڵات، بڕیاری داوە بودجەی وەزارەتی بەرگری زیاد بکات، مەبەستیشمان لەم زیادکردنە دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانە. حکوومەت دەیەوێت لە جیاتی کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی لە وڵاتانی دەرەوە، خۆی لە ناوخۆدا تەکنەلۆژیای سەربازی پەرە پێبدات و چەکەکانی بەرهەم بهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت، بۆیە لە پلانە نوێیەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کۆی خەرجییە بەرگرییەکان لە ماوەی جێبەجێکردنی ئەم بەرنامە سێ ساڵەیەدا بە ڕێژەی (229%) زیاد دەکات.

جێگای ئاماژە پێدانە زیادکردنی بودجەکە تەنیا بۆ یەک ساڵ نییە، بەڵکوو حکوومەت پلانی هەیە تاوەکوو ساڵی (2029) بەردەوام بێت لە تەرخانکردنی پارەی زیاتر بۆ کەرتی سەربازی. ئەم هەنگاوەش لە کاتێکدا دەنرێت، پرۆسەی چارەسەری لە وڵاتەکە بەردەوامە و شەڕی وڵاتەکە لەگەڵ پەکەکە وەستاوە. بەڵام ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن حکوومەت نەک هەر بودجەی سەربازی کەم نەکردووەتەوە، بەڵکوو ڕێژەی زیادبوونی ساڵانەی بودجەکەی لە (%32)ەوە بۆ (%86) بەرز کردووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند ساڵی رابردوودا، تورکیا هەوڵێکی زۆری داوە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی سەربازی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە وڵاتانی دەرەوە. دوای رووبەڕووبوونەوەی چەندین سزای نێودەوڵەتی و راگرتنی فرۆشتنی چەک پێی لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە، ئەنقەرە ستراتیژیی خۆی گۆڕی و دەستی کرد بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تانک و کەرەستەی سەربازیی ناوخۆیی. کۆمپانیاکانی وەک "بایکار و ئاسێلسان" ڕۆڵێکی گەورەیان لەم گەشەکردنەدا بینیووە و وڵاتەکەیان کردووەتە یەکێک لە هەناردەکارە دیارەکانی چەک لە جیهاندا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین