گوتەبێژی پارتی: هەوڵەكان بەردەوامن و لەم نزیكانە هەواڵی خۆش لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەبیستن کوردستانی

نوچە نێت:

دوای تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت چڕکراونەتەوە و ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیش دەڵێت، یەکێتی و پارتی هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی دەبێت بە زووترین کات حکومەت پێکبێت و گووتەبێژی پارتیش ڕایگەیاند، کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، هەواڵی خۆش لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەبیستن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (16/9/2026) پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، جۆرێک لە گفتوگۆ و پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە، هەردوولاش کۆکن لەسەر ئەوەی دەبێت بە زووترین کات حکومەت پێکبێت، بۆیە دەستپێشخەری هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆخە چەقبەستووەی کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت تێیدایە و هەوڵەکان هەمیشە هەبوون و بەردەوامن و ئێستاش چڕکراونەتەوە. هەروەها لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی ئاماژەی بەوە دا، ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ بەردەوامە و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە، پەیوەندییەکانی هەردوولا ئاسایین و لە چەند رۆژی ڕابردووشدا شاندی یەکێتی و نەوەی نوێ کۆبوونەتەوە.

هاوکات چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە یەکێتی ئاشکرای دەکەن، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتی نەکراوە، دیداری چەند ڕۆژی ڕابردووی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی زیاتر سەرنجیان لەسەر کشانەوەی ئەمەریکا بووە و کەمتر باسی پێکهێنانی حکومەت کراوە. هەروەها لەبارەی ڕێککەوتنی نێوانیان لەگەڵ نەوەی نوێ گووتیان، ڕێککەوتنەکان لەگەڵ نەوەی نوێ وەک خۆی ماوە و ڕاگەیێندراوەکەی دوێنێی ئەو حیزبە بەوەی کە بەشداری حکومەت ناکەن، بابەتێکی ئاساییە چونکە هەر لە سەرەتاوە کە ڕێکەوتنیشمان کردووە نەوەی نوێ گوتویەتی کە نایەینە ناو حکومەتەوە و تەنیا دەمانەوێت لەرێگەی کورسییەکانی ئێمەوە ئەو ناهاوسەنگییە نەمێنێت و تەنیا وەزارەتێکمان لە عیراق دەوێت ئەو حەقەشیان پێدراوە.

هاوکات دوێنێ سێشەممە، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، هەواڵی خۆش لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەبیستن، هەر لەم بارەیەوە قوباد تاڵەبانیش، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هۆڵی ڤێر، کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا گووتی، لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە بە خۆشحاڵییەوە هەوڵەکان چڕتر کراونەتەوە و هیوامان خواست لایەنەکان لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی و حکومەتێكی خزمەتگوزار لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە پێکبهێنن. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین