پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە لە رێگەی بانکەکانەوە بە شێوازی پێشوو کۆتایی هات کوردستانی

نوچە نێت:

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، زیاتر لە (99%)ـی ئەندامانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پرۆسەی (هەژماری من) تۆمار کراون، ئەم هەنگاوە کارئاسانیەکی زۆری بۆ بەدەستگەیشتنی مووچەکانیان دروست کردبوو بەراورد بە شێوازە تەقلیدییەکانی پێشوو.

ڕۆژی هەینی (2026/9/18)  وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە تۆمارکردنی ناوی ئەندامانی هێزەکانی پێشمەرگە لە پرۆسەی هەژماری من ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ 18ی ئەیلولی 2016 لیوا توانا صدیق، بەڕێوەبەری گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) بە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی ڕایگەیاند، کە لە ماوەی ڕابردوودا مووچەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕێگەی بانکەکانی هەرێمی کوردستانەوە دابەش کراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە کارئاسانیەکی زۆری بۆ بەدەستگەیشتنی مووچەکانیان دروست کردبوو بەراورد بە شێوازە تەقلیدییەکانی پێشوو."

​لەو ڕاگەیێندراوەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، "بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی سوپاسی بەڕێوەبەر و سەرجەم کارمەندانی بانکەکانی هەرێمی کرد کە بە هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامیان ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی پرۆسەکەدا گێڕاوە، ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە ئەم هاوکارییە تەنها لە چوارچێوەی ئەرکە فەرمیەکانیاندا نەبووە، بەڵکو لە کاتەکانی پشووشدا ئەم ئەرکەیان لە پێناو خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگەدا لە ئەستۆ گرتووە."

​هاوکات لیوا توانا صدیق ئاشکرای کرد کە، "نزیکەی تەواوی ئەندامانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان (زیاتر لە ٩٩٪) لە پرۆسەی (هەژماری من) تۆمار کراون، لە ئێستاشدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاسان، لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)ەوە دەستیان بە مووچەکانیان دەگات."

​لە ڕاگەیێندراوەکەدا وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، لەمبارەشەوە ڕۆڵی ستافی تیمی هەژماری من بەرزدەنرخێنین کە پێشەنگی وەزارەتی پێشمەرگەیان لەبەرچاو گرتووە.

هاوکات وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە، "بەهۆی ئەم پێشکەوتنە و بەردەوامبوونی پرۆسەی دیجیتاڵکردنی مووچە لە ڕێگەی هەژماری من، لەمەودوا پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە لە ڕێگەی بانکەکانەوە بە شێوەی پێشوو کۆتایی پێ دێت."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین