قوباد تاڵەبانی: کاک نێچیرڤان برا و هاوکارێکی عەزیزی من بووە لە قۆناغی سیاسی خۆمدا کوردستانی
لە وتاری کردنەوەی لوتکەی سلێمانیدا بۆ ئابووری و گەشەپێدان سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و ستایشی هەوڵەکانی جێگری سەرۆکی حکومەتی کرد و وەک سەرمایەیەک بۆ هەرێمی کوردستان وەسفی کرد، جێگری سەرۆکی حکومەتیش ڕایگەیاند، کە سەرۆکی هەرێم بۆ هێنانەدی ئاشتی و ئارامی پێویستە و کەسی وەک ئەو کەمە.

ڕۆژی پێنجشەممە (17/9/2026) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی لوتکەی سلێمانی بۆ ئابووری و گەشەپێدان و وەبەرهێناندا کرد و لەبارەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، دەمەوێ سوپاسی تێڕوانینی برای بەڕێز و خۆشەویستم کاکە قوباد بکەم، بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی کە کردی و بۆ ئەم هاندانەی کە لەگەڵ ڤێژن کردیان بۆ ئەم کارە جوانانە، تەبیعی ئەم برادەرە خۆشەویستە ماوەیەکی دوورودرێژ ئێمە پێکەوە کارمان کردووە لە حکومەتی کوردستاندا، من ئەم برادەرە وەکوو سەرمایەیەک دەبینم بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ ئەم وڵاتە و دەستخۆشیشی لێ دەکەم. 

هاوکات قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لێدوانەکەی سەرۆکی هەرێمی بەرز نرخاند و ئاماژەشی بەوە دا، کە کاک نێچیرڤان برایەکی بەڕێزە هاوکارێکی عەزیزی من بووە لە قۆناغی سیاسی خۆم، بە تایبەت ئەو کاتەی کە نوێنەری حکومەتی هەریمی کوردستان بووم لە ئەمەریکا و هەروەها کە گەڕامەوە کوردستان لە قۆناغە هەرە سەختەکەی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە کارمان کرد، ئەو کاتەی بودجەی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بڕا و جەنگی داعش دەستی پێکرد و ئاوەرەیەکی یەکجار زۆر ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد، کە ئەمانە بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوت داببەزێ. بۆیە ئێمە لە مەترسییەکی زۆر گەورەدا بووین. 

جێگری سەرۆکی حکومەت، لە قۆناغی کارکردنی لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، کە ئێمە لەم قۆناغە سەختانەدا پشتیوانی یەکتری بووین، ئەم پشتیوانییەش بووە هۆی ئەوەی کە دۆستایەتییەک لە نێوانمان دروست ببێت و سنووری لێکتێنەگەیشتنی سیاسی تێبپەڕێنێت، خۆشبەختانە ئەم دۆستایەتییە ئێستاش بەردەوامە و بووەتە هۆی ئەوەی ئێستاش سنووری لێکتێنەگەیشتنی سیاسی تێدەپەڕێنێت، بۆیە سەرۆک نێچیرڤان خەجاڵەتی کردم بە قسەکانی و سوپاسی دەکەم، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ستوونێک بوو لەم ئاوەدانییەی ئێستا کوردستان پێی گەیشتووە، بۆیە خەڵکی وەک ئەو بۆ بەرقەرارکردنی ئەو ئاشتی و تەباییەی لێرە دەبیندرێت کەمن بە داخەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین