هێڵی ئاسمانیی تورکش ئێرلاین گەشتەکانی بۆ سلێمانی دەستپێدەکاتەوە کوردستانی

نوچە نێت:

دوای لابردنی گەمارۆکانی تورکیا بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە پێشنیاری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڕیارە هێڵی ئاسمانیی (تورکش ئێرلاین) گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی دەستپێدەکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە (2026/9/19) بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، هێڵی ئاسمانیی (تورکش ئێرلاین) گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکە دەستپێدەکاتەوە.

بەگوێرەی ئەو خشتەیەی کە لەلایەن هێڵی ئاسمانیی تورکش ئێرلاینەوە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی کراوە، بڕیارە لە ڕۆژی (25ی تشرینی یەکەمی 2026)ەوە، گەشتەکان بە فەرمی دەستپێبکەنەوە.

هاوکات لە ڕاگەیێندراوەکەی فڕۆکەخانەدا هاتووە، کە گەشتەکانی تورکش ئێرلاین هەفتانە چوار گەشت دەبێت و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە نێوان (ئەستەنبوڵ - سلێمانی - ئەستەنبوڵ) ئەنجام دەدرێن.

جێگەی ئاماژە پێدانە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵێکی سەرەکی و کاریگەری هەبوو لە ‌هەڵگرتنی گەماڕۆکانی ئاسمانی تورکیا بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، هاوکات سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەر لە هەڵگرتنی گەمارۆکان لە سەدانێکیدا بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە (9)ـی تشرینی یەکەمی (2025) ئەنجامدا، لەو کۆبوونەوەیە راستەوخۆ داوای لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کرد کە گەمارۆ و سزای سەر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لابدات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین