‏سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوێکی نیشتمانیی گەورەیە لە کاروانی بنیاتنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا کوردستانی

نوچە نێت:

بەبۆنەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "ساڵانی ڕابردوو بەردەوام گوتوومانە: کوردستان پێویستی بە یەک هێز، یەک وەزارەت و یەک فەرماندەیییە. گوتوومانە: دەبێت پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانیی دوور لە دەستتێوەردان و ناکۆکيی حزبی بێت. ئەمڕۆش، هەنگاوێکی گەورە بەرەو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەنێین."

ئەمڕۆ دووشەممە (2026/9/21) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای بەشداریکردنی لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کە هەریەک لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسانی دیکەی بالای سیاسی و سەربازیی تیایدا بەشداربوون و پەیامێکی لە تۆری کۆمەڵایەتیی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ‏"پێویستە بۆ هەمووان ڕوون بێت کە دامەزراوەی سەربازی نابێتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی. حزبەکان لە هەڵبژاردندا کێبڕکێ دەکەن، جیاوازی لە بەرنامە، دیدگا و هەڵوێستیاندا دەبێت، ئەمە لە هەر سیستەمێکی دیموکراسیدا شتێکی زۆر ئاسایییە. بەڵام پێشمەرگە پێویستە لە سەرووی کێبڕکێی حزبی بمێنێتەوە، چونکە هێزی حزبی نییە، بەڵکوو هێزی کوردستانییە."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە، "‏ئەمە تەنیا گۆڕانکارییەک لە پەیکەر و ڕێکخستندا، یان تەنیا گواستنەوەی یەکەکان لە پێکهاتەیەکەوە بۆ پێکهاتەیەکی تر نییە، بەڵکوو هەنگاوێکی نیشتمانیی گەورەیە لە کاروانی بنیاتنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا."

دەقی پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێکی کوردستان:

زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ كۆتا هه‌نگاوى يه‌كگرتنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و دەستبەکاربوونی فەرماندەییی یەک و دووی هێزی پێشمەرگەی کوردستانمان ڕاگەیاند. بەم هەنگاوە گرنگە، ئیتر هیچ هێزێک لە دەرەوەی پەیکەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا نامێنێتەوە.

‏ ‏ئەم بۆنەیە هاوکاتە لەگەڵ یادی چوار ساڵەی ئیمزاکردنی یاداشتی لێکگەیشتنی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمه‌ریکا کە چوار ساڵ پێشتر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ ئیمزا کرا. سوپاسى پشتگيرى و هاوكاريى‌ به‌رده‌واميان ده‌كه‌م بۆ ئەم پرۆسەیە و بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و عێراق بەتایبەتی لە جەنگی دژی تیرۆرستانی داعشدا.

‏ ‏بەردەوامیی ئەم هەوڵانەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٦ کاتێک له‌سه‌ر ده‌ستى جه‌نابى سەرۆک مەسعوود بارزانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێ کرد.

‏ ‏ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌ييى جه‌نابى سه‌رۆكدا ئه‌فسانه‌ى داعشيان تێكده‌شكاند، وه‌ك چۆن پێشتريش ساڵى ٢٠١٤‌ هەر بە فه‌رمانى جه‌نابيان پێشمه‌رگه‌ چوونه‌ كۆبانێ تاكوو به‌رگریى لێ بكه‌ن و لاپه‌ڕه‌يه‌كى گه‌شيان له‌ مێژووى گه‌لى كوردستان بۆ بەرگریكردن تۆمار كرد. بۆیە ئەمە بۆنەیەکە گەلی کوردستان ماوەیەکی درێژە چاوەڕێی دەکات و ساڵانێکی زۆر لەپێناویدا هەموو لایەكمان کارمان کردووە.

‏ ‏ئەمە تەنیا گۆڕانکارییەک لە پەیکەر و ڕێکخستندا، یان تەنیا گواستنەوەی یەکەکان لە پێکهاتەیەکەوە بۆ پێکهاتەیەکی تر نییە، بەڵکوو هەنگاوێکی نیشتمانیی گەورەیە لە کاروانی بنیاتنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا.

‏ ساڵانی ڕابردوو بەردەوام گوتوومانە: کوردستان پێویستی بە یەک هێز، یەک وەزارەت و یەک فەرماندەیییە. گوتوومانە: دەبێت پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانیی دوور لە دەستتێوەردان و ناکۆکيی حزبی بێت. ئەمڕۆش، هەنگاوێکی گەورە بەرەو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەنێین.

‏ ‏کاتێک مەترسی لەسەر کوردستان دروست بوو، جیاوازی لەنێوان پێشمەرگەیەک و پێشمەرگەیەکی تر، ناوچەیەک و ناوچەیەکی تردا نەبوو. لە سەختترین کاتەکاندا، پێشمەرگە لە یەک سەنگەردا وەستاون، پێکەوە قوربانییان داوە و خوێنیان لەپێناو پاراستنی یەک خاک و یەک گەلدا تێکەڵ بووە. ئەوەی لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا پێشمەرگەی یەکخست، ئەمڕۆ پێویستە لە دامەزراوە، فەرماندەیی و بڕیاریشدا یەکیان بخات.

‏ ‏پێشمەرگە خاوه‌ن مێژوويه‌كى پرشنگداره‌. بۆیە ئەمڕۆ ئێمە ئەم مێژووە و سەرجەم ئەم قوربانیدانە لەناو یەک دامەزراوەی نیشتمانیدا کۆ دەکەینەوە. مێژوویەک کە چەندین نەوەی پێشمەرگە دروستیان کردووە، دەکەینە هێزێکی یەکگرتوو بۆ پاراستنی داهاتووی کوردستان. باشترین وەفاداریيش بۆ شەهیدانمان ئەوەیە قوربانیدانی ئەوان بکەینە بنەمای پێکەوەیی و یەکڕیزیی ناوخۆمان.

‏ ‏یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتاییی ئەم پرۆسەیە نییە، بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە کە ڕەنگە سەختتریش بێت. لەمڕۆ بەدواوە، پێویستە ئەم یەکڕیزییە لە هەموو شتێکدا ڕەنگ بداتەوە: لە فەرماندەیی و سەرکردایەتیدا، لە بڕیار و فەرماندا، لە مەشق و ڕێکخستندا، لە ماف و ئەرکدا، لە پلەبەرزکردنەوە و لە بڕوای سەربازی و دیسپلیندا.

‏ ‏پێویستە بۆ هەمووان ڕوون بێت کە دامەزراوەی سەربازی نابێتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی. حزبەکان لە هەڵبژاردندا کێبڕکێ دەکەن، جیاوازی لە بەرنامە، دیدگا و هەڵوێستیاندا دەبێت، ئەمە لە هەر سیستەمێکی دیموکراسیدا شتێکی زۆر ئاسایییە. بەڵام پێشمەرگە پێویستە لە سەرووی کێبڕکێی حزبی بمێنێتەوە، چونکە هێزی حزبی نییە، بەڵکوو هێزی کوردستانییە.

‏ ‏بۆیە گەورەترین خزمەت کە ئەمڕۆ پێشکەش بە پێشمەرگەی بکەین ئەوەیە ڕێز لە دامەزراوەکەی بگیرێت، تاکوو ئەرکە پیشەیی و نیشتمانییەکانی خۆی بەبێ دەستتێوەردانی سیاسی و حزبی جێبەجێ بکات.

‏ ‏سەرکەوتنی ڕاستەقینەی یەکگرتنەوە بە ژمارەی ئەو یەکانە حساب ناكرێت کە خراونەتە ژێر چەتری وەزارەتەوە، بەڵکوو بەوە حساب دەكرێت کە هەر پێشمەرگەیەک هەست بکات دامەزراوەکەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیە، سەرکردایەتییەکەی فەرماندەییی سەربازییەکەیەتی و هاوسەنگەرەکەی لە هەمان یەکەدا برای ئەرکیەتی، بێ گوێدانە ئەوەی سەر بە کام لایەنە، یان خەڵکی کام ناوچەیە.

‏ ‏ئەمەیە ئەو پێشمەرگەیەی گەلی کوردستان دەيەوێت: پێشمەرگەیەکی پیشەیی، ڕێکخراو، هاوچەرخ، باش ڕاهێنراو و پڕچەککراو کە وابەستەی یاسا و دامەزراوەکان بێت، جێی متمانەی گەلەکەی و جێی ڕێزی دۆستەکانی بێت.

‏پێشمەرگە قارەمانەکان،

‏ئێوە هێزی تەواوی کوردستان و سەرجەم پێکهاتەکانیانن. ئەرکی ئێوە پاراستنی ئاسایش، شکۆ و ژیانی هەموو ئەو هاووڵاتییانەیە کە لەسەر ئەم خاکە دەژین، بەبێ جیاوازی. کورد، تورکمان، مەسیحی، ئێزدی، عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان دەبێت لە جلوبەرگی پێشمەرگەدا هێزێک ببینن کە پارێزگاری لە هەمووان دەکات.

‏هاوکات، هێزی یەکگرتووی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراقی فیدراڵ. بەهێزکردنی تواناکانی و پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە خزمەت ئاسایشی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراقدایە و توانای هاوبەشمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراق زیاد دەکات.

‏بۆیە لێرەوە جارێکی تر داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین بەپێی دەستوور و یاسا مامەڵە لەگەڵ پێشمەرگەدا بکات و ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە پێشمەرگە جێبەجێ بکات و هەموو ماف و شایستەکانی مسۆگەر بکات.

‏هەر لەم بۆنەیەدا سوپاس، ستایش و پێزانینمان بۆ وڵاتانی دۆست دووپات دەکەینه‌وه‌: ئەمه‌ریکا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و سەرجەم ئەو وڵاتە دۆستانەی کە لە شەڕی دژی داعشدا لەگەڵماندا وەستان، دواتریش لە بواری مەشق، چاکسازی، ڕێکخستنەوە و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەدا یارمەتیدەرمان بوون و لەگەڵماندا زۆر ماندوو بوون و بەرگەیان گرت.

‏سوپاس و پێزانین بۆ بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیتالیا و فەرەنسا. دۆستانمان زۆریان پێشکەش کردووە و ئێمە پشتگيرى و يارمه‌تييان زۆر بەرز دەنرخێنین.

‏بەڵام سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پێش هەموو شتێک پشت بە ئیرادەی خۆمان دەبەستێت. ئەوەی ئەمڕۆ پێی گەیشتین بەرهەمی هاوکاری، ئیرادە و بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانیی کوردستانییە. بۆيه‌ سوپاسى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان ده‌كه‌م بۆ بڕيار و ئيراده‌ى سياسييان بۆ سەرخستنى ئه‌م پرۆسه‌يه‌. 

‏سوپاسی ئه‌رك و هه‌وڵه‌كان و پشتگيريى به‌رده‌وامى براى به‌ڕێزم كاك مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان دەكەم كە هەموو هەوڵی خۆی دا لەم چەند ساڵەدا بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ڕێكوپێكی بەرەو پێشەوە بڕوات و یەك بگرێتەوە. 

‏سوپاسی هه‌وڵه‌كانى براى به‌ڕێزم كاك قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكوه‌زيران دەكەم، سوپاس و ده‌ستخۆشى لە تیمەکانمان لە سەرۆکایەتیی هەرێم، له‌ حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان دەكەم، سوپاس بۆ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆک، به‌ڕێز كاك مسته‌فاى سه‌يد قادر جێگرى سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئه‌ركه‌كانى له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌ وه‌زيرى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ بوو.

‏سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ به‌ڕێزان وه‌زير و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، فەرماندە، ئەفسەران، لیژنە و تیمەکان کە بە درێژاییی ئەم ساڵانە دڵسۆزانه‌، وەفادارانە کاریان کردووە، لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی کە بەشدار بوون لە گەیشتن بەم قۆناغە. 

‏پێشمەرگە قارەمانەکان،

‏ئەمڕۆ بەرپرسیاریەتیى هەرە گەورەی ئێوە دەست پێ دەکات. کاتێک جلوبەرگی پێشمەرگە لەبەر دەکەن، ئیتر ئێوە پێشمەرگەی کوردستانن. پارێزگاری لەم یەکڕیزییە بکەن. مەهێڵن ناکۆکییە سیاسییەکان ببێتە كۆسپ لە نێوانتان. ڕێگە مەدەن هیچ ئینتیمایەک لە هاوسەنگەریتان، لە دامەزراوە و ئەرکەکەتان بەهێزتر بێت. گەلی کوردستان باجێکی گەورەی لەپێناو ئازادی، ئاسایش و شکۆی خۆیدا داوە و پێشمەرگە هەمیشە پێشەنگی ئەم قوربانیدانە بووە.

‏هەر لەم بۆنەیەدا بە ڕێز و شکۆوە هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە بە بیر دەهێنینەوە کە لەپێناو ئازادیدا و بۆ بەرگریکردن لە کوردستان گیانیان بەخشی. سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و کەسوکاری سەربەرز و خۆڕاگریان دەنێرین.

‏سڵاو لە شەهیدانی زیندوو، ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی لە بەرەکانی بەرگريدا بۆ پاراستنی کوردستان بریندار بوون. سڵاو و ڕێزیان بۆ دەنێرین و بە ڕێزەوە لە قوربانیدانیان دەڕوانین.

‏سڵاو لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و لە فەرماندەکانیان. 

‏دروود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە