چیای شنگال دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵ کوردستانی

نوچە نێت:

بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بەرەو شەنگال بەڕێکەوت و ئامانجیشی تاوتوێکردنی پرسی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانە.

ئەمڕۆ سێشەممە (22/9/2026) لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق گەیشتە شنگال لە رۆژئاوای نەینەوا، کاری لیژنەکە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی شارۆچکەکە بووە، بۆیە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە و پێکهاتە سەربازییەکانی نێو شنگال دەستپێکردووە، لەوانە یەکینەکانی پاراستنی شنگال، یەکینەکانی ئافرەتان و ژمارەیەک گرووپی دیکە. ئامانج لەو کۆبوونەوانە تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی رێکخستنەوەی دۆخی ئەمنی و رادەستکردنی چەکەکانە بە دەوڵەت.

بە پێی زانیارییەکان ئەم جووڵە ئەمنییە لە وەڵامی ئەو راگەیەندراوەی (11)ـی ئەیلوولی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دێت، کە تێیدا ڕایگەیاند، گرووپەکانی سەر بە بەرەی مەقاوەمە لە شنگال چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن و چیای شنگالیش دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی حکوومەتی فیدراڵی و دامەزراوە ئەمنی و کارگێڕییەکان، هەربۆیە سەرۆکوەزیران بڕیاریدا لێژنەیەکی باڵا بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێکی گشتگیر دەربارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاریی شنگال پێکبهێنرێت. 

هاوکات لیژنەکە بەدواداچوون بۆ ڕێکخستنی دۆخی ئەندامانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال دەکات و ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە، لە دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزارییە فەرمییەکاندا بەپێی چوارچێوە یاساییەکان دادەمەزرێن. لەگەڵ ئەو هەنگاوانەش هەر لە کۆبوونەوەکانی ئەم لیژنەیە پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە سەقامگیریی شارۆچکەکە تاوتوێ دەکرێن. کە بریتین لە: پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، لەپاڵ کۆتاییهێنان بە فرەیی ناوەندەکانی بڕیاری ئەمنی لە شنگال.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین