توركیا هێزەكانی بەمەرج لە شنگال دەكێشتەوە کوردستانی

نوچە نێت:

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، پاڵپشتی لە هەوڵەكانی حکومەت و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین بۆ كۆنتڕۆڵكردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان، بە تایبەت پەکەکە لە شنگال دەكەین، هەروەها دەشڵێت، "دوای ئەو هەنگاوە تورکیاش قۆناغ بە قۆناغ بوونی سەربازی خۆی لە عێراق کەم دەکاتەوە و کۆتایی پێدەهێنێت.

ڕۆژی شەممە (2026/09/26) ماڵەپەڕی رووداو بڵاویكردەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە نیویۆڕک، سەبارەت بە ناوەڕۆكی کۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە گفتوگۆی وردی لەبارەوە کرا، پرسی شنگال بوو.

وەزیری تورکیا گووتیشی، "بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە دەیبینین کە لایەنی عێراقی ئامانجێکی سیاسی داناوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەکی هەموو گرووپە چەکدارەکان و بەتایبەتی ئەو شوێنانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکە دان، لە سەرووی هەمووشیانەوە شنگال وەک ئامانجێک بۆ خۆی داناوە، کارێکی گرنگە و ئێمە پشتگیریی تەواو لەم کارە دەکەین".

هەروەها لەسەر پرسی هەبوونی هێزی سەربازی تورکیا لە عێراق، هاکان فیدان ڕایگەیاند، سەربازگەی "باشیک" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەگەڵ عێراقییەکان و لەسەر بانگهێشتی ئەوان کرایەوە، بەڵام هەر کە نەخشەڕێگاکەی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر و گرووپە چەکدارەکان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تورکیاش بیر لەوە دەکاتەوە بوونی خۆی لەوێ قۆناغ بە قۆناغ کەم بکاتەوە و کۆتاییان پێ بهێنێت.

هەر لەو بارەیەوە، ڕۆژی (24)ـی ئەیلوولی (2026) ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای گەڕاندنەوەی لە كۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق ڕایگەیاند، "لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق گفتوگۆمان کرد لەبارەی ئەوەی دوای پاککردنەوەی ناوچەکە لە تیرۆر، کۆنتڕۆڵکردنی چۆن دەبێت، ئیتر لەمەوبەدوا حکومەتی عێراق لە شنگال باڵادەست دەبێت، کە پەکەکە ماوەیەکی زۆرە تێیدا جێگیر بووە".

جێگەی ئاماژەپێدانە، دوای لێدوانەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی یەکینەیەکانی بەرخودانی شنگال، بەرپرسانی تورکیا پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ سەرۆک وەزیران دەربڕی و بە گرنگەوە ناوزەندیان کرد.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین