حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە بۆ گەڕاندنەوەی (11) گەنجی كورد لە لیبیا کوردستانی

نوچە نێت:

بە فەرمانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەریەكە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ڕاسپێردران هەوڵەكانیان بۆ گەڕاندنەوەی چەند گەنجێكی كورد لە لیبیا بخەنەگەڕ، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ چەند مانگێك لە بەندیخانەكانی ئەو وڵاتە زیندانیی كرابوون و ژیانیان كەوتبووەوە مەترسییەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (2026/10/5) وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی کە هەواڵی بێسەروشوێن بوونی کۆمەڵێك هاونیشتیمانی لە وڵاتی لیبیا بەدەستمان گەیشت، ڕاستەوخۆ لەسەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاسپێردران، کە بەپەلە ڕێککاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردن و هێنانەوەیان،

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژە بەوە دەكات كە، لە ئێستاشدا تەواوی مامەڵەکانی تایبەت بە هەر 11 هاونیشتیمانییەكە تەواوبووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتوو، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە هەموو هەوڵ و توانایەکیان بۆ دۆزینەوە و سۆراغی دە هاونیشتیمانیی تری ڕاپەرین چڕکردووەتەوە کە ماوەیەکە بێ سەروشوێنن و بەهەماهەنگیی لەگەل باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و لەرێگەی نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەران و بەدواداچوون بەردەوامە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستی و گرنگی خۆپارێزی گەنجان و خانەوادەکانیان دەکاتەوە لە گرتنەبەری رێگەی کۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاری یاسایی وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی رووبەرووی ئەم گەنجانە بووەوە، کە هەندێکیان بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی رووبەڕووی مەترسییەکانی مردن بوونەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین