مەسرور بارزانی: لەگەڵ حکومەتی ئێستای عێراق پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدایە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئاهەنگی دەرچووانی خولی (31)ـەمینی زانکۆی دهۆک ڕایگەیاند، "هەموو هەوڵێک دەدەین بە هاریکاریی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی دەرفەتی کار و دامەزراندن بۆ گەنجەکانمان و دەرچووان دابین بکەین".

ڕۆژی دووشەممە (2026/10/05) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە زانکۆی دهۆک گوتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابییانی دەرچوو، داواشی لێکرد خزمەتی کۆمەڵگا و وڵاتی خۆیان بکەن.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەمەش کرد کە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی داوە و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی دەرفەتی کار و هەلی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانکۆ بڕەخسێندرێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی جەختیشی لەوە کردەوە و دەڵێت، "لەگەڵ حکومەتی ئێستای عێراق هەنگاوەکانمان زیاتر دەچێتە پێش و پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدایە و بەرەو چارەسەری دەڕۆن، پشتیوانیی خۆمان بۆ حکومەتی ئێستا ڕاگەیاندووە و مەرجی ئێمە بۆ پشتیوانی بەردەوام جێبەجێکردنی دەستوورە و جێبەجێکردنی هەموو مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە".

هەروەها گوتیشی، "ئێمە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لەسەر داواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەر بوار و کاتێک بێت، بەشێک لەو کێشانەی هەبوون چارەسەرکراون و بەشێکی زۆریشیان ماون، بەڵام بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی تەواوی کێشەکان چارەسەر بکرێن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین