وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: لە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنانی بیانی دروستكراوە کوردستان- عێراق

نوچە نێت:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کەرتی وزە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و تەکنەلۆژیا، دەرفەتی گەورەی وەبەرهێنانیان لە وڵاتی عێراق تێدایە، هەروەها دەشڵێت، سەرەڕای هەبوونی ئاستەنگەکانی کێشەی گومرگی لەگەڵ بەغدا، هەرێمی کوردستان ڕێگە بە خاوەندارێتیی  تەواوی بیانی دەدات لە زۆربەی پڕۆژەکاندا، کە ئەمەش ژینگەیەکی لەباری بۆ وەبەرهێنان دروست کردووە.

ڕۆژی شەممە (2026/10/17) نووسینگەی کاروباری ئابووری و وزە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی وەبەرهێنان لە عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لاوازیی دارایی، گەندەڵی، بیرۆکراسی، ئاستەنگە ئەمنییەکان لە پێشەنگی ئەو کۆسپانەن کە ڕووبەڕووی وەبەرهێنان دەبنەوە، هەروەها کەرتەکانی وزە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و تەکنەلۆژیاش دەرفەتی گەورەی وەبەرهێنانیان تێدایە".

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان دەکات و زۆر بە دەرفەتێکی بەپێز ناوی دەبات، جەختیش لەوە دەکاتەوە، سوودوەرگرتن لەم دەرفەتە پێویستی بە ڕوونی یاسایی، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، دڵنیابوونەوەیە لە پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان بە شێوەیەکی تەواو.

سەبارەت بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "لە عێراقی فیدراڵدا بیانییەکان بە گشتی دەتوانن تا (%49)ـی پشکی کۆمپانیا نوخۆییەکان بەدەستبهێنن، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان ڕێگە بە خاوەندارێتیی (%100)ـی دەدات لە زۆربەی پڕۆژەکاندا، ئەمەش هەرێمەکەی کراوەتر کردووە، سەرەڕای هەبوونی ئاستەنگەکانی وەک کێشەی گومرگی لەگەڵ بەغدا".

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە حکومەتی نوێی عێراق کراوە کە، بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و ڕۆژئاواییەکانی خستووەتە پێشینەی کارەکانی، بەڵام بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرچاو هێشتا بەستراوەتەوە بە ئەنجامدانی چاکسازی بەرفراوانی کارگێڕی، یاسایی و داراییەوە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی داوە و دەڵێت، بە پشتبەستنی عێراق بە مامەڵەی کاش و دووبارە دانانەوەی ئەو وڵاتە لە لیستی ڕەشی گرووپی کاری دارایی لە حوزەیرانی (2026) نیشانەی کەموکوڕییە لە ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارەدا، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر متمانەی بانکە نێودەوڵەتییەکان دادەنێت و چالاکیی گروپە چەکدارەکان و ئەو هێرشانەی لە کاتی گرژییە ناوچەییەکاندا کراونەتە سەر بەرژەوەندییە بیانییەکان، تاوەکو ئێستا وەک مەترسییەکی ئەمنی بەردەوام لەو وڵاتەدا دەمێننەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین