دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی (2027) دوادەخرێت کوردستان- عێراق

نوچە نێت

سەرەڕای درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان بۆ ماوەی (30) ڕۆژ، کەچی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی (2027) ڕەوانەی پەرلەمان نەکردووە و ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، پەرلەمان لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دەچیتە پشووی زستانەوە.

پێنجشەممە (5/11/2026) شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی (2027) پەسند بکات و ڕەوانەی پەرلەمانی بکات، بەڵام پەرلەمان سەرەتای مانگی داهاتوو دەچێتە پشووی یاسادانانەوە، ئەو ماوەیەش زۆر کەمە بۆ گفتوگۆکردن و پەسندکردنی پڕۆژەکە، چونکە پڕۆژەیاسای بودجە پێویستی بە خوێندنەوەی یەکەم، دووەم و دواتر دەنگدانە، هاوکات ناکۆکیی زۆریشی لەسەر دەبێت و کاتی زیاتری دەوێت؛ بۆیە بە دڵنیاییەوە پەسندکردنی دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق دەشڵێت، پەرلەمان ناتوانێت جارێکی دیکە وەرزی یاسادانان درێژ بکاتەوە و پێویستە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا بچێتە پشووی زستانە، چونکە لە (25/10/2026) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ درا بە درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان بۆ ماوەی (30) ڕۆژ، واتە لە (1)ی تشرینی دووەم تاوەکو (1)ی کانوونی یەکەمی (2026). 

هاوکات پێشووتر هەریەک لە چیمەن حوسێن سوورچی و سروە محەممەد، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە کاتی بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان، ئاماژەیان بەوە دا، کە ئامانجی سەرەکی لە درێژکردنەوەی وەرزەکە، پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی (2027) بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت پڕۆژەکەی ڕەوانەی پەرلەمان نەکردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان خەرجی گشتی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق (217.239) تریلیۆن دینارە و داهاتی گشتیش بۆ هەمان ساڵ لە عێراق بە (174.234) تریلیۆن دینار دیاریکراوە، لەم ژمارەیەشدا پشکی هەرێمی کوردستان بە (13) تریلیۆن دینار و (308) ملیار دینار داندراوە و پێشبینیش دەکرێت (43) تریلیۆن دینار کورتهێنان ڕووبدات. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین