وەزارەتی پەروەردەی تورکیا یەكەم کتێبی ئەلیكترۆنی بە زمانی كوردی بڵاوكردەوە تورکیە

نوچە نێت:

بەگوێرەی "مۆدێلی پەروەردەیی سەدەی تورکیا" وەزارەتی پەروەردەی نیشتیمانی کتێبێک بە زمانی کوردی بە (شێوەزاری کرمانجی) بۆ قوتابیان بڵاودەکاتەوە و پەروەردەی تورکیا دەشڵێت، چالاکی و ڕاهێنانی نێو کتێبەکە بە شێوازی دەنگ تۆمار کراون.

ڕۆژی هەینی (2026/10/31) وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، بەپێی پڕۆگرامی ناسراو بە "مۆدێلی پەروەردەیی سەدەی تورکیا" کتێبێکی نوێی وانەی هەڵبژاردەی زمانی کوردیی (شێوەزاری کرمانجی) بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی لە ڕێگەی تۆڕی زانیاری پەروەردەیی (EBA)ـەوە بۆ قوتابییان و مامۆستایان خستە بەردەست.

لە ڕاگەیێندراوی پەروەردەی تورکیا هاتووە، کتێبەکە لەژێر ناونیشانی (Pirtûka Pola 5an ya Kurdî-Kurmancî) لە ماڵپەری فەرمی (eba.gov.tr) بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن دەستەیەکی پسپۆر لە نووسەران بەگوێرەی پێوەرە نوێکانی پەروەردە ئامادە کراوە و لە پاڵ کتێبی سەرەکی وانەکەدا، کتێبێکی ڕاهێنان بۆ قوتابییان و ڕێبەری تایبەت بە مامۆستایانیش بۆ هەر قۆناغێک بەجیا ئامادە کراون.

هەروەها جەختیش لەوە دەکاتەوە کە، کتێبی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی، وێستگەی یەکەمی زنجیرە نوێیەکەیە، بڕیار وایە لە قۆناغەکانی داهاتوودا کتێبی وانەی کوردی بۆ پۆلەکانی شەشەم، حەفتەم و هەشتەمی بنەڕەتی بە ڕیزبەندی بڵاوبکرێنەوە، تاوەکو سەرجەم پێداویستییەکانی پەروەردەیی بۆ وانەی کوردی لە ئاستی قۆناغی ناوەندیدا بە تەواوی دەستەبەر بکرێن.

وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات کە، چالاکی و ڕاهێنانی نێو کتێبەکە بە دەنگ تۆمار کراون، بە مەبەستی برەودان بە شێوازی فێربوونی کارلێککار، قوتابییان دەتوانن لە ڕێگەی خوێندنەوەی کۆدی (QR) سەر لاپەڕەکان، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پلاتفۆڕمی (EBA) گوێبیستی خوێندنەوەی دەقی وانەکان ببن، کتێبەکە چوار گۆرانی کوردی لەگەڵ نۆتەی مۆسیقاکەیان لەخۆ دەگرێت، کە دەتوانرێت بە هەمان سیستەمی بارکۆد گوێیان لێ بگیرێت.

جێگەی ئاماژەپێدانە، بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە کوردییە، لە کاتێکدایە، لە ساڵی (2012)ـەوە لە باکووری کوردستان وانەی زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری کورمانجی و زازاکی وەک وانەیەکی بژاردە بۆ قوتابییانی قۆناغی ناوەندی، پۆلەکانی پێنجەم تاوەکو هەشتەم، پەسەند کراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین