دەوڵەت باخچەل: هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاشتی و دژ بە پرۆسەکە جێگەی قبووڵکردن نییە تورکیە

نوچە نێت:

سەرۆکی مەهەیە کە بەئەندازیاری پرۆسەی نوێی ئاشتی دادەنرێت، لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەکە دەڵێت، "هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەکە لەلای ئێمە جێگەی قبووڵکردن نییە، لە ژینگەی ئێستادا روونە تورکیا سەرکەوتووە بەسەر پرسی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خۆی."

ڕۆژی سێشەممە (2026/10/20) ماڵپەڕی (سۆڵ هەبار) بڵاوی کردەوە، دەرکردنی یاسای چوارچێوە سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانان و گەرانەوەی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خێراتر کردووە، پەکەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو چەند بنکە و بارەگای لە باکووری کوردستان چۆڵکرد وەک پابەندبوونیان بە پرۆسەکە.

هاوکات دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی مەهەپە پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەکە دووپاتکردەوە و دەڵێت، "پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر و ناوچەیەکی دوور لە تیرۆر خەریکە بەتەواوی هەنگاوەکانی جێبەجێ دەکرێت و دژی بێ یاسایی هەنگاو دەنێت، هەر هەولێک بۆ تێکدانی ئاشتی و دژی پرۆسەکە لەلای ئێمە جێگەی قبووڵکردن نییە."

سەرۆکی گشتی مەهەپە ئەمەشی خستە ڕوو کە لە ژینگەی ئێستادا ڕوونە تورکیا سەرکەوتووە بەسەر پرسی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خۆی. هەروەها ئەو لێدوان و پۆستە نافەرمییانەی لەدژی پرۆسەکە بڵاودەکرێتەوە نابێت باوەری پێبکرێت و تەنیا کار بە سەرچاوە فەرمییەکان بکرێت.

جێگەی ئاماژە پێدانە، پرۆسەی ئاشتی نزیکەی دوو ساڵە لە تورکیا بە دەستپێشخەری سەرۆکی مەهەپە و بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی پەکەکە دەستیپێکردووە، هەریەک لە پارتی کرێکارانی کوردستان و حکومەتی تورکیا ئامادەیی تەواویان پیشانداوە بۆ پابەندبوون و سەرخستنی پرۆسەکە لە پێناو کۆتایهێنان بە شەڕ و ململانێ (40) ساڵەیان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین