بافڵ تاڵەبانی: یەکڕیزیی نێوان لایەنە کوردییەکان لە بەغدا دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە بگێڕێت بۆ ئاڕاستەکردنی گفتوگۆکان کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە (کۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانی) جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشە سیاسییەکان کردەوە. هەروەها ڕایگەیاند، بەهێزی و ئارامیی هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە سەقامگیریی بەغداوە، کورد دەتوانێت وەک پردێکی لێکتێگەیشتن و هێزێکی کاریگەر بۆ چاکە لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ڕۆڵ بگێڕێت.

ڕۆژی پێنجشەممە (2026/11/12) بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، لە کۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانی، لەبارەی چارەسەری ناکۆکییەکان دەڵێت، "هیچ پێویستییەک بە توندوتیژی نییە؛ ناکۆکییە سیاسییەکان نابێت هەرگیز لە ڕێگەی تووندوتیژی و شەڕەوە یەکلابکرێنەوە، چونکە ئەوە تەنیا کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات".

سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە، ئامانجیان هێورکردنەوەی دۆخەکەیە و دەرگەیان کراوەیە بۆ ئەوەی گرژییەکان ڕابگیرێت، تاوەکو دەست بە دیالۆگێکی بنیاتنەر بکرێت، هەروەها گوتیشی، "یەکڕیزیی نێوان لایەنە کوردییەکان لە بەغدا دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە بگێڕێت بۆ ئاڕاستەکردنی گفتوگۆکان لەپێناو دابینکردنی ماف و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتییان، چونکە چەند لەگەڵ بەغدا یەکگرتوو بین، هەموومان بەهێزتر دەبین، بەغدا چەند ئارام و سەقامگیر بێت، هەرێمی کوردستانیش هێندە ئارام دەبێت".

ئەم قۆناغە هەستیارەی لە ناوچەکە هەیە، بافڵ تاڵەبانی بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ کورد دەزانێت تاوەکو ڕۆڵێکی ئەرێنی و کارا بگێڕێت، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، "ئەم دۆخە دەرفەتێکە بۆ کورد بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕێت و ببێتە پردێک لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا؛ لەکوێی دیکە کەسێک دەبینیتەوە بتوانێت لە یەک هەفتەدا لەگەڵ ئەمریکییەکان، ئێرانییەکان، چینییەکان، بەریتانییەکان و ڕووسەکان کۆببێتەوە؟ ئەمە لێرە لە کوردستان دەکرێت، ئێمە دەتوانین هێزێکی گەورەی چاکە و ئاشتی بین لە ناوچەکەدا".

سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان داوا لە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە هاوکار بن لە دابینکردن یان کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە شێوازێکی یاسایی، بە مەبەستی پاراستنی کێڵگە نەوتی و گازییەکان و ژێرخانی ئابووریی هاووڵاتییان لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین