جەنگیز چاندار: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پڕۆسەی ئاشتی ڕۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕاوە کوردستانی

نوچە نێت

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی، لەبارەی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی چارەسەریدا دەڵێت، "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لەمێژە لە بواری ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا، ڕۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕاوە، پشتیوانیی کردووە و بۆ چارەسەر لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆی کردووە".

ڕۆژی هەینی (2026/11/13) جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی (MGK)، چاوەڕوان دەکرێت یاسای چوارچێوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا دەستەی چاودێریی پەرلەمان پێکبهێندرێت، هەروەها گوتیشی، ئەم یاسایە لە (10)ـی ئاب لە پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی (467) پەرلەمانتار پەسەندکراوە و پشتیوانی ئەو یاسایە لەناو پەرلەماندا لە (%80)ـیە، کە لە مێژووی پەرلەماندا بۆ پەسەندکردنی یاساکان کەم شتی وا دەبیندرێت.

 

سەبارەت بە مانەوەی ئەندامانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، چاندار ئاماژەی بەوە کرد کە، بۆ جێبەجێکردنی یاساکە چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی (MGK)ـی تورکیان، بۆ پشتڕاستکردنەوەی چەکدانانی پەکەکە چونکە، "(27)ـی تشرینی دووەم و سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم، ئەو دوو ڕێککەوتنە لە پڕۆسەکەدا ڕێککەوتنی گرنگن، ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆبوونەوەی ((27)ـی تشرینی دووەمی خۆیدا ڕاپۆرتی بێچەکی پشتڕاست بکاتەوە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، یاساکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا، دەستەی چاودێریی پەرلەمان کە لە نزیکەی (13) کەس و بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش دەبێت پێکدەهێندرێت، بەمەش هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەنرێت".

 

هاوکات سەبارەت بە ڕۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەکەدا، جەنگیز چاندار ڕایگەیاند، "کاک نێچیرڤان بارزانی، لە ڕابردووشەوە لە بواری ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا، ڕۆڵ و هەوڵی زۆر گرانبەهای هەبووە، ئەو پشتیوانی لەم کارە کردووە و لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسەی کردووە، لەم قۆناغەشدا بینیمان کە ئەو لەگەڵ سەرۆک کۆمار، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی میت، ئیبراهیم کاڵن کۆبووەوە؛ نێچیرڤان بارزانی لەم کاتەدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوەی نێوەندگیری دەگێڕێت و پەیامی ئەوە دەدات کە ئێمە دەتوانین بپەڕینەوە بۆ ڕۆژەڤێکی ئەرێنی".

 

ئەم پەرلەمانتارە گوتیشی، "دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی ئەنقەرەدا لە دەمی سەرۆکی میتەوە بیستمان کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، وەک پێشتر و ئێستاش ڕۆڵیکی زر گرنگ دەگێڕن، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی (24) کاتژمێر دوای ئەو قسانە، لە لووتکەی ئاووهەوا لە شاری ئەنتاڵیا، لەگەڵ سەرۆک کۆمار ئەردۆغان و کاڵن، کۆبووەوە و ئەم قسانەی کردبوون، ئەمەش نیشانی دەدات کە ئەو لەم قۆناغەشدا بەشدارییەکی گرنگ دەکات، من دڵنیام ئەو ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت".

 

جەنگیز چاندار جەختیش لەوە دەکاتەوە کە، "ئەو یاسایەی دەرچووە لە مێژووی تورکیادا یەکەمین جارە دەقێکی یاسایی سەبارەت بە پرسی کورد دروست دەکات، ئێمە چاوەڕێین یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کاتێک کە ئەمەش ڕوویدا، نابێت سیاسەتڤانانی وەکو سەلاحەدین دەمیرتاش لە زینداندا بمێننەوە و نابێت (سیستمی قەییوم) بەردەوام بێت، زیندانەکان چۆڵ دەبن، بە هەزاران کەس لە شاخ و ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان".

 

جێگەی ئاماژەپێدانە، بە پشتبەستن بە هەوڵەکانی ڕابردوو، سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی کوردانی باکوور، چاوەکان هەمووی لەسەر سەرۆک نێچیرڤان بارزانییە، کە لەم قۆناغەشدا جێپەنجەی دیار بێت، وەک چۆن لە قۆناغی سێیەمی "پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا" کە هەموو هەوڵێکی خستە گەڕ بۆ ئەوەی پڕۆسەکە سەرکەوتووبێت و لە ڕێی خۆی بەردەوام بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین