سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی فەرەنسا کۆبووەوە کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی فەرەنسا کرد و وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، ستایشی ڕۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆنی کرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا".

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە (2026/11/17) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر، پێشوازیی لە ئەلێکساندەر گاریسا، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق کرد و وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هەموو پشتگیرییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی نیشان دا.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، دووپاتی کردەوە کە گەلی کوردستان، "هەرگیز هەڵوێست و دۆستایەتیی دڵسۆزانەی فەرەنسا لەبیر ناکات، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا. لەمبارەیەوە ستایشی ڕۆڵ و هەوڵەکانی بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای کرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا".

هەر لەو بارەیەوە، باڵیۆزی فەرەنسا خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی و خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و هاریکاریی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەربڕی، هەروەها دووپاتی کردەوە کە، " سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، بایەخێکی گرنگی هەیە".

سەرۆکایەتیی هەرێم دەشڵێت، "دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، کە بەڕێز ئیمانوێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی بوو".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین