وەزارەتى ڕۆشنبیرى: ڕێکارى یاسایی بەرامبەر ئەو ڕاگەیاندنە بگیرێتەبەر کە رووداوى خۆسووتانەکەیان گواستەوە کوردستانی

نوچەنێت:

لەسەر رووداوى خۆسووتاندنى گەنجێکى کوردى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان لەبارەى چەند کەناڵێکى ڕاگەیاندەوە، ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە دەڵێت، "لە ڕێی دەستەى داواکارى گشتى و لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانى هەرێمى کورستان، ڕێکارى یاساییان بەرامبەر وەردەگیرێت."

دواى ئەوەى ئەمڕۆ گەنجێکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لەبەردەم بارەگاى نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر، ئاگرى لە خۆی بەردا، بە هۆى جێبەجێ نەکردنى داواکارییەکانى، وەزارەتى ڕۆشنبیرى لە لاپەڕەى فەرمى تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک لە ڕاگەیێندراوێکدا، ئاماژە بە دوو ڕێنمایى پێشتووى وەزارەتەکەیان دەکات بۆ ڕاگەیاندکاران و داوایان، "هەموو کەناڵەکانى ڕاگەیاندن کە خۆیان بەدووربگرن لە پەخشکردنى ئەو هەواڵ و ریپۆرتاژ و بەرنامانەى دەچنە خانەى بڵاوکردنەوە و هاندانى توندوتیژى و کوشتن و خۆکوشتن."

 

دەقى ڕاگەیێندراوى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان:

بۆ بەدواداچوونى ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەى ئەمڕۆ ڕوویدا، کە چەند کەناڵێکى ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا ڕاستەوخۆ گواستییانەوە، گەنجێک لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لەشارى هەولێر، خۆى سوتاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان کۆبوونەوە، دۆخی ئێستاى ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاى لە هەرێمى کوردستاندا، لە ڕووى ئیتیکى رۆژنامەوانى و بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتیەوە، بە دۆخێکى نالەبار و خراپ وەسف کرد و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتى یاسایی و کۆمەڵایەتیەوە.

وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان، لە ڕێی بەرێوەبەرایەتیى گشتى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەوە، وێڕای ڕێنمایی ژمارە (١)ى ساڵى ٢٠١٤ بەتایبەتیش بڕگەى سێیەم، هەروەها ئاگادارینامەیەکى لە ٢/٥/ ٢٠٢١ دا داوە بەهەموو کەناڵەکانى ڕاگەیاندن کە خۆیان بەدووربگرن لە پەخشکردنى ئەو هەواڵ و ریپۆرتاژ و بەرنامانەى دەچنە خانەى بڵاوکردنەوە و هاندانى توندوتیژى و کوشتن و خۆکوشتن، کە لە ڕووى دەروونیەوە زەمینەیان بۆ خۆش دەکەن.

لە ئەگەرى پابەند نەبوونیان بەو ڕێنماییانەوە، لە ڕێی دەستەى داواکارى گشتى و لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانى هەرێمى کورستان، ڕێکارى یاساییان بەرامبەر وەردەگیرێت.

ئەوەى ئەمڕۆش ڕوویدا، دەچێتە هەمان خانەوە، وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان جگە لە جێبەجێ کردنى ئەرکى وەزارەت بە پێی ئەو ڕێنماییانەى ئاماژەیان پێکراوە، داوا لە دەستەى سەرۆکایەتى داواکارى گشتى دەکات، هەموو ڕێکارێکى یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگا ڕاگەیاندن و پەیجانەى سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەى کە ڕووماڵى ڕووداوەکەیان کردووە، وەربگرێت.

وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان

١٨/٥/٢٠٢١

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین