بەکارنەهێنانی دۆلار...چەکی نوێی ڕووسیا و چین دژ بە سزاکانی ئەمریکا شیکاری ئابوری

نوچه‌نێت

وەکو ڕێوشوێنێکی نوێ دژ بە سزاکانی ئەمریکا، هەردوو وڵاتی زلهێزی چین و ڕووسیا بە کردەیی دەستیان کردووە بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی دۆلار.

هەر ساڵی ٢٠١٤ مۆسکۆ و پەکین ڕێککەوتننامەیەکیان واژوو کرد بۆ ئاڵوگۆڕی دراوی یەکدی لەنێوانیان بۆ ماوەی سێ ساڵ بە بەهای ١٥٠ ملیار یووان (نزیکەی ٢٥ ملیار دۆلار).

لە ئابی ٢٠٢٠، بەیانە ئابوورییەکان دەریانخست کە پشکی دۆلار لە حیساباتی بازرگانی نێوان هەردوولا لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ دابەزیوە بۆ ٤٦٪ و ئەوەش یەکەمجارە ڕوودەدات کە داببەزێت ئاستی خوار ٥٠٪.

هەر لەو ماوەیەدا پشکی یووان و ڕۆبڵ گەیشتە ٢٤٪ و یۆرۆ ٣٠٪.

هەر ساڵی ڕابردوو ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان چین و ڕووسیا سەد ملیار دۆلاری تێپەراندووە و گەیشتووەتە ١٠٨ ملیار دۆلار، کە لەو بڕە ٥٦ ملیاری هەناردەی ڕووسیا بووە بۆ چین و ٥٢ ملیاریش هاوردەی چین بووە بۆ ڕووسیا.

پەیوەندییەکی پتەوی ئابووریی لەنێوان چین و ڕووسیا دروستبووە و هەردوولا خوازیارن بۆ چەند ساڵی داهاتوو ئاڵوگۆڕی بازرگانی بگەیەننە ٢٠٠ ملیار دۆلار.

ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە هەوڵەکانی چڕکردەوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلاری ئەمریکی، ئەویش دوای ئەوەی نیوە دوورگەی کریمیای خستە سەر سنووری وڵاتەکەی و ڕۆڵی لە قەیرانی ئۆکرانیادا دەرکەوت.

بەم دواییانە ئەم بابەتە زیاتر پەرەی سەند، دوای ئەوەی ڕووسیا بە ڕەسمی لەسەر زاری ئەلیکسەندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەوە، ڕایگەیاند کە ئەگەر سزاکانی ئەمریکا بەردەوامبن، ئەوە ڕووسیا بەم زووانە دووردەکەوێتەوە لە دیاریکردنی بەهای نەوت بە دۆلار لە گرێبەستە فەرمییەکاندا.

نۆڤاک لە لێدوانێکیدا بۆ ویستگەی (سی ئێن بی سی) وتی کە ڕووسیا پێی خۆش نییە دووربکەوێتەوە لەبەکارهێنانی دۆلار، بەڵام ئەگەر ئەمریکا لەسەر هەڵوێستەکانی بەردەوامبێت، ئەوە ڕووسیاش ناچاردەبێت پلە بە پلە بەکارهێنانی دۆلار سنووردار بکات.

لێدوانەکانی نۆڤاک چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هاتن کە ڕووسیا نیازی خۆی دەربڕی کە لە سندووقی سیادیی وڵاتەکەیدا واز لە پشتبەستن بە دۆلار بهێنێت.

ئەم ڕووداوانە لەکاتێکدان بڕیارە چەند ڕۆژی داهاتوو کۆبوونەوەی لووتکە بەڕێوە بچێت له‌نێوان هەردوو سەرۆک ڤلادیمیر پوتین و جۆ بایدن.

ئایا ئەمە کار لە بەهای دۆلار دەکات؟

پسپۆڕان وای دەبینن وازهێنانی چین و ڕووسیا لە بەکارهێنانی دۆلار، لە دوورمەودادا کار لە بەهای دۆلار دەکات و سنوورێکیش دادەنێت بۆ کاریگەریی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئەو دوو وڵاتە.

بەڵام بۆ کورتمەودا، دۆلار وا بە ئاسانی پایەی خۆی لەدەستنادات و بە گشتی وەها گونجاوە دراوێکی یەکگرتوو هەبێت لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییە جیهانییەکان بە گشتی و کانزا گرانبەهاکان بە تایبەتی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دۆلار تاوەکو ئێستاش هەژموونی بەسەر ئابووریی جیهاندا هەیە و دراوی یۆرۆ تەنیا ٢٠٪ی دراوی بەردەستی جیهانی پێکدەهێنێت.

جۆرناڵی ئیکۆنۆمیستی بەریتانی دەڵێت کاتێک وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دراوی یۆرۆیان دەرکرد، خوازیار بوون بیکەنە جێگرەوەی دۆلار لە مامەڵە جیهانییەکاندا، بەڵام ئەوە ڕووینەدا. لەگەڵ ئەوەشدا یۆرۆ بەکارهێنانێکی باشی هەیە و ئاستەکەی لۆجیکییە بەراورد بە سامانی وڵاتانی ئەوروپا، بۆ نموونە لەنێوان ١٩٩٩-٢٠١٤ دا مامەڵە بە یۆرۆ ١.٢ هێندەی داهاتی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بووە.

لە مەودای دووردا

هۆمی خاراس، جێگری بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ئابووریی جیهانی و پەرەپێدان لە ئەنستیتۆی بروکینگز، لە لێدوانێکیدا لە ماوەی پێشوو وتی ئێستا چین لە ڕێگەدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەمریکا و بوونە گەورەترین ئابووریی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٨، ئەوەش دوو ساڵ زووترە لەوەی جاران پێشبینی دەکرا.

هەروەها ڕاپۆرتی ساڵانەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لەبارەی ئاسۆی ئابووریی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٠ دا دەریخستووە لە سێ مانگی یەکەمی ئەو ساڵەدا قەبارەی ئابووریی چین بە بەهای سێ تریلیۆن دۆلار گەورەتر بووە لە قەبارەی ئابووریی ئەمریکا، ئەوەش دەریدەخات لە ئێستاوە لەمپەر بۆ ئابووریی ئەمریکا دروستبووە بۆ مانەوەی وەکوو گەورەترین ئابووریی جیهان.

وەکوو لە وتارێکی نوێ لە ڕۆژنامەی بەناوبانگی (فاینانشیاڵ تایمز)ی ئەمریکیدا هاتووە وا دیارە قۆناغی جیهانگەرایی و نەمانی کۆت وبەندەکان بەرەو کۆتاییە، ئەویش بەهۆی لێکهەڵوەشانی تۆڕەکانی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و چین و کەمبوونەوەی زنجیرەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەروبەندی پەتای کۆرۆنا و پاش کۆرۆنا.

لە وتارەکەدا هاتووە کە پێدەچێ جیهانی داهاتوو یەک جەمسەرە نەبێت، بەڵکو سێ جەمسەرە و یان هیچ نەبێت دوو جەمسەرە بێت، ئەویش هاوکات لەگەڵ ئاراستەبوونی وڵاتان بەرەو بونیاتنانی سیاسەتی هەرێمایەتی لە بوارەکانی ئابووری و کۆچبەری و سەرمایەگوزاری.

ئەوەش هاتووە کە زۆر هۆکار دەبنەهۆی زیاتر چەسپانی ئەم ڕەوتە نوییە، کە هەندێکیان نیگەرانکەرن و پەیوەستن بە تاوسەندنی ململانێ نەتەوەییەکان و هەندێکی دیکەشیان دڵخۆشکەرن بەوەی هەندێک وڵات خوازیارن ئابووریی لۆکاڵیی خۆیان بەشێوەیەکی گشتگیرانەتر و نەرمونیانتر بونیات بنێن.

ئایا دەچینە جیهانی پاش دۆلار؟

ئێستا ٦٠٪ یەدەگی پارەی جیهانی بە دۆلارە، هەر کاتی سەرهەڵدنی کۆرۆناش باننکی یەگەی فیدراڵیی ئەمریکی بۆ هێشتنەوەی باڵادەستیی دۆلار بڕێکی زیاتر پارەی خستە بازاڕەکانی جیهان بەشێوەی دۆلار، بۆیە چاودێران دەڵێن ئاسان نییە جێگا بە دۆلار لێژ بکرێ لە بازاڕی جیهاندا لە حاڵی حازردا.

وەکو لە بابەتەکەی فاینانشیاڵ تایمزدا هاتووە هەژموونی سیستمی بانکیی ئەمریکی و قەبارەی دراوی بەردەست بەشێوەی دۆلار وایانکردووە سەروەریی دۆلار لە سیستمی دارایی جیهانی و بازاڕەکانی سەرمایەداریدا بۆ ماوەیەکی نادیار بمێنێتەوە.

فاینانشیاڵ تایمز دەڵێت سەرەڕای ئەوەی چین و ڕووسیا و وڵاتانی ڕوو لە گەشە و تەنانەت وڵاتانی دەوڵەمەندی وەکوو ئەڵمانیاش دەیانەوێت لە هەژموونی دۆلار دووربکەونەوە، بەڵام جێگرەوەیەکی ڕاستەقینەشیان بۆ پێگەی دۆلار نییە.


یۆرۆ ئێستا تەنیا ٢٠٪ی یەدەگی پارەی جیهانی پێکدەهێنێ و گومانی زۆر هەیە سەبارەت بە ئاییندەی ناوجەی یۆرۆ، بۆیە سەختە ببێتە ڕكابەری بەهێزی دۆلار. بازاڕی زێڕیش بۆ ئەم سەردەمەی ئابووریی جیهان ئێجگار تەسک و تروسکە و ئەو گونجاوییەی سەردەمی جارانی نییە.

کەوتنەخۆی چین لە ئێستاوە

بەم دواییانە چین بڕێکی زۆر زێڕی کڕیوە وەکو ڕێوشوێنێکی ئامادەسازیی بۆ بەهای ئەو دۆلارەی هەڵیگرتووە.

چین هەروەها سیستمی پارەی ئەلیکترۆنی خستووەتە گەڕ بەناوی (ڕینمینبی). بەوەش بووەتە یەکەم دەوڵەتی خاوەن سەروەری کە پارەی ئەلیکترۆنی لە بانکی ناوەندیی خۆیەوە دەخاتە کار.

تەکنیکی پشتێن و ڕێگا

یەکێکی دیکە لە دەستپێشخەرییەکانی چین بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی دۆلار لەسەر بازاڕی جیهان، بریتییە لە "تەکنیکی پشتێن و ڕێگا"، بۆئەوەی وڵاتان و کۆمپانیاکان لەگەڵ یەکدی بازرگانی بکەن بێئەوەی پێویستیان بە ئاڵوگۆڕ بێت بە دۆلار، ئەوەش لە مەترسییەکانی بەهای ناجێگیری دراو دەیانپاریزێت و فشاریش دەخاتە سەر ئەمریکا کە گەمارۆکانی لەسەر کۆمپانیاکان و وڵاتان سنووردار بکات.

هەنگاوێكی دیکەی ئەوروپا بۆ بەهێزکردنی یۆرۆ

فاینانشیاڵ تایمز دەڵێت پلانی کۆمیسیاری ئەوروپا بۆ بەهێزکردنی بودجەی بوژانەوە گرنگە بۆ بەهێزکردنی ئابووری و دارایی ئەوروپا، کە تایبەتە بە فریاگوزاریی دارایی و ئابووریی بۆ ئەوروپا دوای قەیرانی کۆرۆنا، ئەویش لە ڕێگەی گرێبەستی قەرزپێدان، کە دواتر لە ڕێگەی کۆکردنەوەی باج لە سەرتاسەری یەکێتیی ئەوروپاوە کۆدەکرێتەوە، کە ئەمەش بناغە دادەنێت بۆ یەکێتییەکی ڕاستەقینەی دارایی، کە لە کۆتاییدا پێدەچێت ببێتە بناغەی لەدایکبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەوروپا و گەشەکردنی پێگەی یۆرۆ.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین